17/2/2021 04:54 PM

خاتوونی ئاسنین

رۆژی یەکشەممە 24ـی ژووەنی 1976 رۆژنامەیەکی روسی سەر بە سۆڤیەت بە ناوی «کراسنایا زیویزدا» بە مانای «ئەستێرەی سوور»، وتارێکی ئاسایی سەبارەت بە سیاسەتڤانێکی بەریتانی بە ناوی "مارگارێت تاچێر" بڵاو کردەوە. تاچێر کەمتر لە ساڵێک بوو رێبەرایەتی حزبی محافزەکاری بەریتانیا و پاشان حزبە دژبەرەکەی لە ئەستۆ گرتبوو و وەکوو خەباتکارێکی دژە کۆمۆنیست ناوبانگی هەبوو.
وتارەکەی رۆژنامەی کراسنایا زیویزدا کە زمانحاڵی سوپای روسیا بوو، دژکردەوەیەک بوو لە دژی یەکێک لە لێدوانەکانی تاچێر کە لەودا مۆسکۆی بە هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر جیهاندا تۆمەتبار دەکرد. ئەم تۆمەتە بابەتێکی نوێ نەبوو و وڵامی ئەم رۆژنامەیەش هەر دووبارە کردنەوەی قسە و باسەکانی پێشوو بوو. بەڵام کراسنایا زیویزدا وەکوو هەموو ئەو رۆژنامەی رێکلام‌چین، راستییەکانی هەندێک جیاواز نیشان دەدا و هەر ئەوەش بووە هۆی گۆڕینی ئاراستەی مێژوو.
"رۆبێرت ئیوانز"، سەرۆکی نووسینگەی ئەو کاتی «رۆیتێرز» لە مۆسکۆ ئەم وتارەی لەم رۆژنامەیەدا دۆزیەوە. ئیوانز کە شوێن بابەتێکی سەرنجڕاکێشتر کەوتبوو بۆ رووماڵکردنی هەواڵەکانی ئەو سەردەمە و کاتێک دژکردەوەی توندی رۆژنامەی کراسنایا زیویزدای بەنیسبەت تاچێرەوە بینی، بڕیاری دا سەبارەت بەم مەوزووعە بنووسێت. ئیوانز، تایتڵی سەرەکی ئەم رۆژنامە روسیەی ئاوەها وەرگێڕا: "خاتوونی ئاسنین هەڕەشەی کرد".
ئەو جۆرەی لە وتارێکی روسی‌دا کە نووسراوەی ئەفسەرێکی سوپای روسیا بە ناوی "یۆری گاریلۆف"ـە باس کراوە، ئەوە هاونیشتمانییەکانی تاچێر بوون کە ئەم نازناوەیان بەو بەخشیوە و بەکاریان هێناوە. کۆمەڵێک دەنگۆ هەن کە دەڵێن هەندێک لە بەریتانییەکان
نازناوی «خاتوونی ئاسنین»ـیان لە تاچێر ناوە کە ئاماژەیەکە بە سیستمی ئەشکەنجەیەک کە لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستدا بەکار دەهات.
هەفتەیەک دواتر مارگارێت تاچێر رەزامەندیی خۆی لەم نازناوە دەربڕی. ئەو لە لێدوانێکدا لە لەندەن گوتی: «من، خاتوونی ئاسنینی رۆژاوا، ئەمشەو بە جلی ئەستیرەی سووری خۆمەوە لەبەرانبەر ئێوەدا دەوەستم، بە روخسارێکەوە کە هەندێک جوانکاری کراوە و قژێک کە هەندێک لوول بووە». لەدرێژەدا گوتی: «بەڵێ من خاتوونی ئاسنینم.»

 

سەرچاوە: washingtonpost

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved