23/5/2021 09:44 AM

چیرۆکی دوو قەڵەم‌داری رەش

دوو بیرەوەری جیاوازم لە دوو پیاو بیست سەبارەت بە بزربوونی قەڵەم‌دارەکەیان لە قوتابخانە
یەکەمیان گوتی:
«پۆلی چواری سەرەتایی بووم. لە قورتابخانە قەڵەم‌دارەکەم لێ ون بوو. کاتێک بە دایکمم گوت، زۆر، لێ تووڕە بوو و تەمێی کردم و پێی گوتم کەسێکی حۆل و نابەرپرسیارم. ئەو قسانەی دایکم زۆری تێکدام و بڕیارم دا هەرگیز بە دەستی بەتاڵ نەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە و قەڵەم‌داری هاوڕێکانم بدزم. رۆژی دوایی پلانەکەم جێبەجێ کرد. هەموو رۆژێک دوو قەڵەم‌دارم دەدزی تا ئەوەی کە لە کۆتایی ساڵدا قەڵەم‌دارم لە هەموو هاوپۆلییەکانم دزیبوو. سەرەتا زۆر دەترسام لەم کارە بەڵام بەرەبەرە بەسەر ترسەکەمدا زاڵ بووم. وام لێهاتبوو هەر ئەو قەڵەم‌دارەی لە هاوڕێکەمم دزیبوو پێم دەفرۆشتەوە! پاش ماوەیەکی دیکە پلانم بۆ دزی کردن لە کۆگای کەرەستەی قوتابخانەکەمان دادەڕشت. بەگشتی ئەو ساڵە پرۆڤەیەک بوو بۆ ئەوەی ببمە دزێکی پڕۆفیشناڵ و ئێستا دزێکی بەناوبانگم لێدەرچووە!»
دووهەمیان گوتی:
«پۆلی دووی سەرەتایی بووم. رۆژێکیان لە قوتابخانە هاتمەوە و بە دایکمم گوت قەڵەم‌دارەکەم لێ ون بووە. دایکم گوتی: «ئەی چیت کرد بە بێ قەڵەم‌دار؟» گوتم: «لە هاوڕێکەمم وەرگرتووە.» دایکم گوتی زۆر باشە و پرسیاری کرد: ئەی هاوڕێکەت داوای هیچی لێنەکردوویت؟ خۆراکێک شتێک؟ گوتم نا. هیچی نەویست. دایکم گوتی: «کەوابوو بەو کارەی هەوڵی داوە چاکەت لەگەل بکات. سەرنج بدە چەندە زیرەکە. ئەی تۆ بۆ چاکە لەگەڵ خەڵک ناکەی؟» گوتم: چی بکەم؟ دایکم گوتی: «دوو قەڵەم‌دار بکڕە، یەکیان بۆخۆت ئەوی دیکەش بۆ کەسێک کە لەوانەیە وەک تۆ قەڵەم‌دارەکەی لێ ون ببێت. ئەو قەڵەم‌دارە ئەدەیت بەو کەسە و دواتر لێی وەربگرەوە.» زۆر خۆشحاڵ بووم و پاش جێبەجێ کردنی پێشنیارەکەی دایکم، هەستم بە رەزامەندی دەکرد و لەمەودوا چەندین قەڵەم‌داری دیکەم دەخستە ناو جانتاکامەوە بۆ ئەوەی یارمەتی بە ژمارەیەکی زیاتر لەو کەسانە بگەیێنم کە قەڵەم‌دارەکەیان لێ ون دەبێت. دواتر من بووم بە کەسێکی ناسراو لە بواری یارمەتی گەیاندن بە خەڵک دا و ئێستا خاوەنی گەورەترین دەزگای خێرخوازیی شارەکەمانم.»

 

سەرچاوە: setare

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved