17/6/2021 01:41 PM

بەر لە تەمەنی 30 ساڵی واز لەم خووانە بهێنن

ئەگەر دەتانهەوێ لە تەمەنی 30 ساڵیدا سەرنجڕاکێش، گەنج و تەندروست بن، ئێستا کاتی ئەوەیە واز لە رەفتاری ناتەندروست بێنن و روو لە ژیانێکی تەندروست بکەن چونکە ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا درێژەی بدەن لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا تووشی نەخۆشی و ئازار بنەوە. ئەم خووانەی دەبێ بەر لە 30 ساڵی وازی لێ بهێنن بریتین لە:

لەبەرچاو نەگرتنی نیشانە هۆشداری‌دەرەکان: ئایا ماوەیەکە هەست دەکەن جەستەتان دێشێت؟ ئایا بۆنێکی ناخۆشتان لێوە دێت؟ ئەمانە هەموویان کۆمەڵێک سەرەداون کە نیشاندەری کێشەیەکە لە جەستەدا. کەوابوو دەبێ سەرنجی ئەم نیشانانە بدەن و بەر لەوەی ببن بە کێشەیەکی گەورە چارەسەریان بکەن.
بێ‌ئاویی جەستە: هاوکات کە تەمەنتان بەرز دەبێتەوە، گرنگیی گەیاندنی ئاو بۆ ئەندامەکانی جەستە زیاد دەبێت. چونکە مرۆڤ لە تەمەنی سەرەوەدا کەمتر لە گەنجان هەست بە تینوویەتی دەکەن. کەوابوو گرنگیی بە خواردنەوەی ئاو نادەن. خواردنەوەی قاوە یان کۆکا لە ماوەی رۆژدا ئاوی جەستەتان کەم دەکاتەوە.
خواردنی لەڕادەبەدەری فاست فوود: ئەم جۆرە خواردنانە چەوری، شەکر و خوێیان بە رادەیەکی زۆر تێدایە و هەر بۆیە ئەگەرچی زۆر بەتامن بەڵام تەندروستیتان رووبەڕووی مەترسی دەکەنەوە. سەوزە و میوە و گۆشتی ئۆرگانیک جێگرەوەیەکی باشن بۆ ئەم خواردنە زیانبخشانە.
بێ‌خەوی: جەستە و مێشک هاوشێوەی مۆبایل پێویستیان بە شەحن‌بوونەوە هەیە. مرۆڤەکان لە نێوان تەمەنی 18 بۆ 64 ساڵی پێوێستە شەوانە 7 بۆ 9 کاتژمێر بخەون. سەرنجنەدان بەم خاڵە تەندروستیی رووبەڕووی کێشە دەکاتەوە. فشاری خوێن، جەڵتە و قەڵەوی بەشێک لە دەرئەنجامەکانی بێ‌خەوی و کەم‌خەوی.
جگەرەکێشان: تەنانەت ئەگەر هەندێک جار و لە دانیشتنێکی دۆستانەدا جگەرە دەکێشن، سەرجەم مەترسییەکانی جگەرەکێشان رووتان تێدەکات بۆ نموونە: نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجەی سی، جەڵتە و.... . جگەرە دەبێ بەر لە تەمەنی 40 ساڵی وازی لێ بهێنرێ.

 

سەرچاوە: namnak

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved