15/7/2021 06:14 PM

بۆ دەبێ دارچینی بخۆین؟

دارچینی لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستدا بە یەکێک لە بەهاراتە گرانباییەکان دەهاتە ئەژمار و تەنیا دەوڵەمەندان دەیانتوانی بەکاری بێنن. بەڵام ئەمڕۆ دارچینی لە چێشتخانەی هەموو ماڵێکدا هەیە. ئەم بەهاراتە بەتامە تەنها بۆ ئەوە نییە کە لە کەیک و شیرنەمەنییەکانی زیاد بکەین بەڵکوو زۆر سوودی دیکەشی هەیە کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێدەکەین.
بەرگیری لە دەرکەوتنی زیپکە دەکات: دارچینی تایبەتمەندیی دژەمیکرۆبی هەیە و بۆ چارەسەرکردنی زیپکە بەسوودە چونکە ئەو بەکتریا و ڤایرۆسانەی هۆکاری زیپکەن لەناو دەبات.
بەرگیری لە دەرکەوتنی نیشانەکانی پیری دەکات: رادیکاڵە ئازادەکان لەوانەیە هۆکار بن بۆ پیربوونی خێرای پێست و ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ چرچبوونی روخسار و دەست و ئەندامەکانی دیکەی جەستە. دارچینی هۆکارە بۆ بەرهەمهاتنی کۆلاژن، واتە ئەو مادەیەی کە گەنجێتی پێست دەپارێزێت.
رەنگی پێست یەکپارچە دەکات: دارچینی هۆکارە بۆ بەرزکردنەوەی سووڕی خوێن و ئوکسیجەن لە پێستدا و بەم جۆرە پەڵە پێستییەکان لەناو دەچن و رەنگی پێست یەکپارچە دەبێت.
دژە ورووژانە: ورووژان یارمەتی جەستە دەدات میکرۆبەکان لەناو ببات بەڵام ئەگەر ئەم ورووژانە لە ئەندامەکانی جەستەدا روو بدات، مەترسیدارە. دارچینی دژە ورووژانە و تەنانەت دەتوانێ ئاوسانەکانی جەستە کەم بکاتەوە.
مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە: لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر مشک ئەنجام دراوە دەرکەوتووە کە مشکەکان پاش ١٢ هەفتە بەکارهێنانی دارچینی، کێشیان دادەبەزێت. ئەمە لە حاڵێکدا بووە کە مشکەکان خواردنی چەوریشیان خواردووە.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved