"ئیستیبان كویسپی" ته‌مه‌ن ١٧ ساڵان سه‌رقاڵی كۆمپیوته‌ره‌كه‌یه‌تی، ئه‌و له‌ژوورێكدا دانیشتووه كه خانه‌واده‌كه‌ی بۆیان كردووه به‌دوكانی كه‌لوپه‌له ده‌ستییه‌كانی، دوكانه‌كه‌ی پڕیه‌تی له‌مادده‌ی كانزایی و وایه‌ری كاره‌باو گڵۆپی قه‌باره‌و ره‌نگ جیاواز، كه هه‌موویانی له‌جێگه‌یه‌كی خۆڵڕشتن كۆكردووه‌ته‌وه. هه‌موو ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی دروستی ده‌كات له‌و پاشماوه ئه‌لیكترۆنیانه‌وه‌یه كه رۆژانه كۆیانده‌كاته‌وه، ئه‌و خاوه‌نی به‌هره‌یه‌كی تایبه‌ته‌و به‌ته‌نها فێری ئه‌وكاره بووه. "ئیستیبان" چه‌ندین شتی ناوازه‌و سه‌رنجڕاكێشی دروستكردووه، به‌ڵام خۆشه‌ویستترین كار به‌لایه‌وه كه له‌هه‌مانكاتدا ئاڵۆزترینیانه، ئه‌و رۆبۆته چوارگۆشه‌یه كه له‌كاره‌كته‌ری فیلم كارتۆنی پیكسار (Wall-E)ده‌چێت و هه‌ر به‌ناوی ئه‌ویشه‌وه ناوی ناوه. ئه‌و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی له‌شارۆچكه‌ی پاتاكامایای بۆلیڤیا داده‌نیشێت، كه ژماره‌ی دانیشتوانی شارۆچكه‌كه نزیكه‌ی ١٢ هه‌زار كه‌سه‌و ١٠٠ كیلۆمه‌تر له لاپازی پایته‌خته‌وه دووره. شایه‌نی باسه، بۆلیڤیا هه‌ژارترین وڵاتی ئه‌مریكای لاتینه، هه‌روه‌ها له‌ڕووی داهێنانی زانستی و ته‌كنه‌لۆجیه‌وه له‌ئاستێكی زۆر نزمدایه. له‌پاتاكامایا كه زۆر له‌خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌هه‌ژاری ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن و خوێندكاره‌كانی له‌خوێندنی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی بێبه‌شن، به‌هره‌كه‌ی "كویسپی" كه له‌پاشماوه ئه‌لیكترۆنیه‌كان كه‌لوپه‌لی ناوازه دروستده‌كات وایكردووه ببێته كه‌سێكی به‌ناوبانگ. دوای ئه‌وه‌ی ساڵی رابردوو له‌قوتابخانه خه‌ڵاتی پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا له‌پێشبڕێكێی دروستكردنی رۆبۆتدا، "كویسپی" سه‌رنجی میدیا ناوخۆییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی راكێشا‌و باسیان له‌تواناكانی ئه‌م گه‌نجه كرد. ئه‌و بیرۆكه‌ی دروستكردنی رۆبۆته‌كه‌ی له‌ساڵی ٢٠٠٨دا بۆهات، دوای ئه‌وه‌ی ته‌ماشای فیلم كارتۆنی پیكساری كرد، له‌وكاته‌وه ده‌ستی به‌كۆكردنه‌وه‌ی مادده‌ی جۆراوجۆر كرد بۆ دروستكردنی رۆبۆته‌كه‌ی كه له‌ساڵی ٢٠١٤ كۆتایی پێهێنا. ئه‌و ده‌ڵێت: من زۆر كاره‌كته‌ری (Wall-E)م خۆشده‌ویست چونكه خاوه‌نی زیره‌كییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بوو، هه‌روه‌ها خاوه‌نی هۆشیاری ژینگه‌یی بوو. من كه‌مێك له‌و ده‌چم چونكه خۆزگه ده‌خوازم بۆلیڤیا وڵاتێكی پاكوخاوێن بووایه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: راسته پاشماوه ئه‌لیكترۆنییه‌كان جیاوازه له‌پاشماوه‌كانی تر چونكه مه‌ترسیدارترن، به‌ڵام لێره له‌پاتاكامایا خه‌ڵك گرنگی به‌و شتانه ناده‌ن و جیایان ناكه‌نه‌وه. خاك – و/ سه‌هه‌ند ئالان س/ ئاژانسه‌كان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure