28/8/2021 05:51 PM

خەبات بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین-بەشی کۆتایی

بوێری و ورەی ویلیامز رۆڵیکی گرنگی هەبوو بۆ سەرکەوتنی رێکخراوەی خەباتی ناودەڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مینی زەوینی. ئەو بەبێ ئەم کەسایەتییە بەهێزە نەیدەتوانی بەرنامەگەلێکی قورسی وەکوو دیدار لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی جیهان تەحەمول بکات، رێبەرانێک لە هەندێکیان پشتیوان و هەندێکیان دژبەری سەرسەختی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چاندنی مین بوون. سۆزانا سیرکین، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی پزیشکان بۆ مافی مرۆڤ سەبارەت بە ویلیامز دەڵێ: «ئەو هەرگیز هیچ ترسێکی لە وەستان لەبەرامبەر ژێنەڕاڵەکاندا نەبوو، بەو باوەڕەوە کە لەم پرسەدا ئەو بەرحەقە و ئەوەی وا پێویست بوو بەوانی دەگوت».

کەشی مەدەنی
کەشی مەدەنیی ئازاد دەتوانێ رێگە بۆ دەرکەوتنی بزووتنەوە تێکۆشەرەکان خۆش بکات و ئەوەش سوودی یەکجار زۆرە. لەم رووەوە زۆر سەیر نییە کە رێکخراوەی خەباتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین، هەوڵە سەرەتاییەکانی لەسەر وڵاتانی نیمچە‌پێشکەوتوو چڕ کردەوە. بۆ نموونە، یەکێک لە کردەوە سەرەتاییەکانی ویلیامز، زەخت خستە سەر پەرلەمانی ئوستورالیا بوو بۆ ئەوەی پشتگیری لە چالاکییەکانی سڕینەوەی مین لە کامبۆج بکات. لە هەمانکاتدا، ئازادی لە وڵاتێک، گەرەنتی هەوڵێکی سەرکەوتووانە ناکات؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان وەکوو وڵاتێکی پێشکەوتوو و کراوە، نیشانی داوە کە یەکێک لە خۆڕاگرترین وڵاتەکانە لەبەرامبەر واژۆکردنی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چاندن و بەرهەمهێنانی مین. ئەمریکا لەجیاتی تێکەڵ بوون بەم پەیمانە لە ساڵی ١٩٩٧، داوای لە وڵاتانی دیکە کرد کە پشتیوانی لە «کۆنوانسیۆنی چەکە ناسراوەکان» بکەن. ئەم پەیماننامەیە بەرتەسکییەکی کەمتری بەکار دێنا، بەم پاساوە لە کەڵک وەرگرتن لە مین بۆ پاراستنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا پێویستە. لە نۆڤەمبەری ٢٠٠٩، حکومەتی ئۆباما رایگەیاند بەکارهێنانی مین رێگەپێدراوە، بەڵام لەدوای ئیدانەکردنی ئەم بڕیارە لەلایەن رێکخراوە ناحکومەییەکانەوە بۆ نموونە رێکخراوەی خەباتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین، ئۆباما بەشێوەیەکی پاڵەکی بەڵێنی دا، بە سیاسەتەکانی خۆی سەبارەت بە بەکارهێنانی میندا بچێتەوە. بەم حاڵەوە رێکخراوەی خەباتی ناودەڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین بە «گەشبینیەکی پارێزگارانە»ـوە دەیڕوانیە ئەم پرسە.

پەیام و بەردەنگ

رێکخراوەی خەباتی ناودەڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین بۆ گەیشتن بە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین دەبوو زۆرینەی وڵاتانی بە قەناعەت دەگەیاند کە پشتیوانی لەم پەیماننامەیە بکەن. ئەندامانی سەرەتایی رێکخراوەی خەباتی ناودەڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین زۆر کەم بوون، بەڵام دەیانزانی کۆمەڵگای گەورە و رەنگاڵەی چالاکان و تێکۆشەران دەتوانێ بگات بە ئامانجی قەدغەکردنی چاندنی مین. رێکخراوەی خەباتی ناودەڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین جگە لە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتەکان، لەگەڵ رێکخراوە مەدەنییەکانیش کە ئامانجی هاوشێوەیان هەبوو، پێوەندی گرت و هاوپەیمانی ئەوانی گەیاندە ١٣٠٠ رێکخراوە لە ٩٥ وڵات. ئەم رێکخراوە مەدەنیانەش ئاستی زانیاریی سەبارەت بە مینی زەوینیان لە وڵاتەکانی خۆیان بەرز کردەوە و زەختیان خستە سەر حکومەتەکانیان بۆ ئەوەی بەتەواوەتی مین لە زەوییەکان بسڕنەوە.

چالاکییە بەربڵاوەکان
ویلیامز لەسەر ئەو باوەڕەیە، ستراتیژییەکانی «پێوەندییە رێکخراوەییەکان» کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر سەرکەوتنی رێکخراوەکە هەبووە. بە گوتەی ئەو، ئەم رێکخراوەیە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خۆیدا «هیچ نەبووە جگە لە ژمارەیەکی کەم لە رێکخراوە مەدەنییەکان» بە حەز و ئامانجی جیاوازەوە. ویلیامز لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە ئەندامان دەبێ بە شێوەیەکی چالاکانە تێکەڵ بە خەبات لەدژی چاندنی مین بن بۆ ئەوەی بزووتنەوە خێراییەکی باشی هەبێ. بەم هۆیە، رێکخراوەی خەباتی ناودەڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین، لێکدانەوە بەڕۆژەکانی خۆی بۆ ئەندامانی کەمپینەکە دەنارد و ئەوانی لە سەرجەم قۆناغە ستراتیژییەکان و پێشکەوتنی کەمپینەکە ئاگادار دەکردەوە.
ئەم رێکخراوەیە، لەجیاتی شێوازی کۆنی پێوەندی لەگەڵ لاینگران لە رێگەی نامەوە، لەسەر پێوەندیی تەلەفونی، فاکس و پەیامی ئەلەکترۆنی چڕ ببووەوە. بەڕێوەبەرانی ئەم رێکخراوەیە تێگەیشتن نامە ناتوانێ «هەست بە پێویستی کردن» بورووژێنێت لە حاڵێکدا پشت‌گوێ‌خستنی پێوەندی تەلەفونی کە لەو کاتەدا تەکنەلۆژیایەکی نوێ بوو، کارێکی ئەستەم بوو. رێکخراوەی خەباتی ناودەڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین هەروەها هەوڵی دا، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پێوەندیی تاکەکەسی لەگەڵ رێبەرانی جیهان، دیداری راستەوخۆ ئەنجام بدات. ویلیامز بۆ سەرکەوتنی رێکخراوەکەی، پێگەیەکی گرنگی دەدا بە پێوەندیی تاکەکەسیی نێوان رێکخراوە و دەوڵەتەکان.
رەوتی پێشکەوتنی چالاکییەکانی رێکخراوەی خەباتی ناودەڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین، دەرخەری ئەوە ئەم خاڵە بوو کە بزووتنەوەیەکی تێکۆشەر بە خۆڕاگری، ستراتیژیی ورد و هاوپەیمانانی ستراتیژیک دەتوانێ ئامانجی گەورە دەستەبەر بکات. ویلیامز لە ساڵی ١٩٩٧ـدا، بە کریستیەن ساینس مانیتۆری گوت: «من لام وایە ئێوە دەبێ بڕواتان بە مافە ڕەواکانی خۆتان هەبێ. ئێوە دەڵێن ئەمە شتێکە کە ئێمە دەمانهەوێ پێی بگەین و ئەمەش شێوازێکە کە گرتوومانە بەر و ئەگەر خەڵک لەم کارە ناڕازی بوون دەبێ شێلگیتر بین». 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved