19/9/2021 04:46 PM

تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەردەمی ئێستادا (2)

دەوڵەتی، گشتی و تایبەت

کۆمەڵگای مەدەنی نابێ لەگەڵ دەزگا و بنکە دەوڵەتییەکان تێکەڵ بێت یان لەوان گرێ بدرێت. رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بڕیار نییە ئەو خزمەتگوزاریانە لەئەستۆ بگرن کە دەوڵەت یان کەرتی گشتی دەبێ و دەتوانێ ئەنجامی بدات. کاری کۆمەڵگای مەدەنی هەوڵدانە بۆ پێمل کردنی دەوڵەت و کەرتی تایبەت (بنکەکان و دەزگا نیوەدوڵەتی و خزمەتگزارییەکان بۆ نموونە شارەوانییەکان) و کەرتی تایبەت (بۆ نموونە بنکە بەرهەمهێنەر، دابەشکار و خزمەتگوزارییەکان) بۆ ئەنجامدانی بەڵێنەکان بەشێوەیەکی دروست و لەئەستۆ گرتنی دواهاتە یاساییەکانی و هەروەها پاراستنی ئەندامانی سەندیکاکان، رێکخراوە پیشەیی و ناوەندە جۆراوجۆرە کۆمەلایەتیەکان. بەگشتی کۆمەڵگای مەدەنی کۆمەڵێک رێکخراوەیە بۆ پاراستنی بەرژوەندی گروپە جۆراوجۆرە شارۆمەندی، پیشەیی و پێداویستییەکانی خەڵک کە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە پێک دێت.

پێناسەی کۆمەڵگای مەدەنی
کۆمەڵگای مەدەنی بە شێوەی جۆراوجۆر پێناسەی بۆ کراوە. سەرچاوەیەک ئاماژە بە ٧٦ جۆر پێناسەکردنی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات. جیاوازیی پێناسەکان دەگەڕێتەوە سەر تایبەتمەندی و کارکردێک کە خاوەڕایان بۆ کۆمەڵگای مەدەنی دەهێننە ئەژمار. بەڵام ناوکی ناوەندیی ئەم پێناسانە ئازادیی مرۆڤ بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنکان و پەرەپێدانی فەرهەنگی «مەدەنیەت»ـە. کۆمەڵگای مەدەنی جۆرێک پێوەندنی کۆمەڵایەتییە کە لەودا کەسەکان ئازادن بۆ ئەوەی جیاوازییەکانیان، لە هەر چەشن و بە هەر شێوەیەکی تاکەکەسی و گرووپی، رابگرن. بۆ نموونە لە وڵاتانێکی ناپێشکەوتووی وەکوو ئەفغانستان و پاکستان، شوێنکەوتووانی ئایینەکانی دیکە خاوەنی مافگەلێکی یەکسان نین. ئەم دۆخە بە دەرەجەیەکی کەمتر لە ئێران بووە بە سیاسەتی گشتی و یاسا، ک لەودا بەهایی، دەروێش، یارسان و ئاتێئیستەکان هەم لەلایەن حکومەت و هەم لەلایەن بەشێک لە کۆمەڵگاوە تووشی هەڵاواردن و گوشار دەبنەوە. تۆلێرانسی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی تایبەتمەندیی گرنگی کۆمەڵگای مەدەنییە. لەگەڵ گەشە و پەرەسەندنی هەمەلایەنەی کۆمەڵگا و پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی ئەم کێشانەش کەم دەبنەوە و دواجار ئەسپاردەی مێژوو و بیرەوەرییە تاڵەکانی رابردوو دەکرێن.
کۆمەڵگای مەدەنی بریتییە لە کۆمەڵێک رێکخراوەی کۆمەڵایەتی، ئیرادەمەند، سەربەخۆ لە دەوڵەت، رێسامەند و بەتاڵ لە توندوتیژی کە بۆ دەستەبەرکردنی ئامانج و بەرژەوەندیی هاوبەشی کەسەکان، یان بۆ دەربڕینی هەستی هاوبەشی ئەو کەسانەی کۆبوونەوە دەکەن، هاوکات لەگەڵ پاراستنی مافی کەسانی دیکە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی هاوبەش، دادەمەزرێت. لە حاڵێکدا لە کۆمەڵگای سیاسی (دەوڵەت)ـدا کەسەکان سەر بە پێوەرە یاساییە گشتییەکانن. کۆمەڵگای مەدەنی چەمکێکە کە لەگەڵ دیموکراسی، پەرەسەندن و بەڕێوەبەرایەتیی دوور لە توندوتیژی و پارادۆکسەکان پێوەندی هەیە. سەعدئەلدین ئیبراهیم بە پێوەندەیی سیانەی کۆمەڵگای مەدەنی، دیموکراسی و پەرەسەندن دەڵێ «سیانەی پیرۆز». رابێرت پەتنام کۆمەڵگای مەدەنی بە «سەرمایەی کۆمەڵایەتی» دەزانێ. ئەو لە ماوەی بیست ساڵ توێژینەوە لە ئیتاڵیا بەو دەرئەنجامە دەگات کە ئەنجومەنە مەدەنییەکان هۆکای جیاوازیی نێوان دۆخی «دیموکراتیک» و «نادیموکراتیک»، «پەرەسەندوو» و «ناپەرەسەندوو»ـە. پەتنام لە پێوەندی لەگەڵ سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا دەڵێ زیاترین فۆرمی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە متمانە، شتێکە کە ئالبێرت هیرشمان پێی دەڵێ «سەرچاوە ئەخلاقییەکان»، کە لە ئاکامی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئەودا نەک کەم دەبێتەوە، بەڵکوو زیاد دەکات. هەر چەندە دوو کەس متمانەیەکی زیاتر بە یەک نیشان بدەن، دڵنیایی لایەنەکان بەنیسبەت یەک بەرزتر دەبێتەوە.

 

خاک _سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved