29/9/2021 05:20 PM

تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەردەمی ئێستادا ( 11 )

٣-حزبە سیاسییکان و یەکێتییەکان: سەبارەت بەوەی کە حزبە سیاسییەکان بە بەشێک لە کۆمەڵگای مەدەنی دێنە ئەژمار یان نا، هیچ رێککەوتنێک بوونی نییە. بەڵام کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانێ لە دۆخێکی تایبەت و لە نەبوونی حزبەکاندا، رۆڵی حزبە سیاسییەکان بگێڕێت. هەر ئەو جۆرەی لە بەشەکانی پێشوودا گوترا، خوان لینز و ئالفرێد ستەپن دەڵێن کۆمەڵگای مەدەنی لە پرۆسەی گۆڕان لە سێ وڵاتی بەڕازیل، ئەفریقای باشوور و پۆلەندا رۆڵێکی سیاسی و گرنگیان بۆ لەناوبردنی دەوڵەتەکان گێڕا. بەڵام ئەم ئەزموونانە رێسایەکی گشتی نین. بەپێی ئەم ئەزموونانە سەرەڕای ناسیاسی بوونی کۆمەڵگای مەدەنی، بارودۆخ دەتوانێ ئەوان بکات بە بنکەگەلی بەهێزی سیاسی و دەوڵەتەکان لەگەڵ چەلەنجی گەورە رووبەڕوو بکەنەوە. ئەمانە بەشێکن لە تیۆریی ئانتۆنیۆ گرامشی سەبارەت بە گۆڕینی «شەڕی پۆست و پلە بۆ شەڕی مانۆڕەکان».
حزبە سیاسییەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆر لە حەقی ئەندامێتیی ئەندامان، یارمەتییەکانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتی بەهرەمەند دەبن. سەندیکا پیشەییەکان بەگشتی تێچووەکانی خۆیان لە رێگای وەرگرتنی حەقی ئەندامێتیەوە دابین دەکەن. رێکخراوەگەلی جۆراوجۆری وەکوو ئەنجومەنەکانی خوێندکاری، یان یانە فەرهەنگی و هونەرییەکانیش بە بەشێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی لەم چەشنە دێنە ئەژمار کە بە بەشداری کەسانی هۆگر، بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ئاستێکی دیاریکراو و پێناسەکراودا، بۆ نموونە خوێندکارانی زانکۆیەک، یان خوێندکارانی گروپێکی ئەتنیکی، ئایینی، ئەدەبی، هونەری و هتد تەرخان دەکرێن.

٤-رێکخراوە نادەوڵەتییەکان NGOs: ئەو جۆرەی جولی فیشەر بە دروستی دەنووسی: «رێکخراوە بنەڕەتییەکان (بۆ نموونە NGO)ـکان بەگشتی هاوشێوەی ئەو گروپانە نین کە بە ئاشکرایی هاوبەشی سیاسین یان سەندیکای پیشەیین». بەڵام چالاکیی سیاسیی ئەو گرووپانەی لەلایەن NGOـکانەوە پشتگیری دەکرێن، بەتایبەت بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە هەندێک حاڵەتدا، بە شێوەی ئاشکرا لە خزمەت ئامانجی حزبە سیاسییەکان و سەندیکاکاندا دەبن.
NGOـکان کۆمەڵێک رێکخراوەی خۆبەخشانەن کە بە ئامانجگەلی سیاسی و یارمەتی گەیاندن بە خۆشبژێویی گشتی و چینە هەژارەکان دادەمەزرێن. ئامانج و بەرپرسایەتی ئەوان لەو چەند رستەیەی خوارەوەدا پێناسە دەکرێن. بەگشتی NGOـەکان بەم چەند شێوەیە دەردەکەون:
١-رێکخراوە نادەوڵەتییەکان
٢-رێکخراوە گەلییەکان
٣-تۆڕەکانی رێکخراوەکانی گەلی
٤-رێکخراوە گەلییە پشتیوانەکان
٥- تۆڕەکانی رێکخراوەکانی گەلیی پشتیوان
٦-NGOـگەلی نێودەوڵەتی
٧-تۆڕەکانی NGO نێودەوڵەتییەکان

فیشەر پێوەندیی NGOـکان و کۆمەڵگای مەدەنی لە شەش حاڵەتدا تاوتوێ دەکات و دەنووسی:
«دەسەڵاتی کۆمەڵگای مەدەنی پێوەندیی بە ژمارەی رەهای کردەوەی ئەو رێکخراوانەوە هەیە کە مێدیۆمی نێوان شارۆماندان و دەوڵەتن. لە بەشە سەربەخۆکاندا، ئەمە هەموو شتێک لەخۆ دەگرێت، بۆ نموونە ئەنجومەنە تەواو مەدەنەییەکان، هەر لە یانە وەرزشییەکانەوە یا رێکخراوە نادەوڵەتییەکان کە بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵەکانی خۆی، یان برەوپێدان بە گۆڕانی گۆمەڵایەتی هەوڵ تێدەکۆشێن».

دەکرێ ئامانجی ئەم رێکخراوانە بە شێوەی خوارەوە کورت بکەیتەوە:
١-بەرەوپێشبردنی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
٢-بەهێزکردنی کۆمەڵە مەدەنییەکان
٣-بەرەوپێشبردن و بەرزکردنەوەی مافی سیاسی
٤-بەهێزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە رێگای بەرەوپێشبردنی پرۆسەی دیموکراسی لە خوارەوە بۆ سەرێ
٥-دزەکردن بۆ ناو رێکخراوە خۆبەخشەکانی دیکە لە رێگای پێشەنگانی NGOـکان
٦-GROs و GRSOs بازنەی نێوان بنکە دەوڵەتییەکان و رێکخراوە مەدەنییە نادەوڵەتییەکانن. بە چڕبوونەوە لەسەر کار و کەسابەتە بچووکەکان، NGOـکان دەتوانن ببن خاوەن سەرمایە و لە ئاکامدا پانتای پێوەندییەکانیان لە کۆمەڵگادا بەربڵاوتر بکەنەوە و لەم رێگایەوە دەفرایەتیی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەوڵەت زیاد بکەن. چونکە بەشداریکردن و بەهێزکردنی خۆت لە رێگای چالاکیی ئابوورییەوە دەتوانێ کاریگەر بێت بۆ گۆڕانی سیستمی سیاسی. فیشەر بو گێڕانەوەی ئەزموونی ژنان لە کۆلۆمبیا دەریدەخات کە ژنان بە دروستکردنی وردە چالاکیی ئابووری بۆخۆیان، رێگای بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی گوندیان دۆزییەوە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved