27/12/2021 07:09 PM

کۆمەڵگا فرەفەرهەنگییەکان (بەشی کۆتایی)

40
تا ئەو کاتەی پرسی هاووڵاتی‌بوون لە وڵاتان چارەسەر نەکرێت، جیاوازییە ئەتنیکییەکان بە شێوەی دژایەتییە ئەتنیکییەکان دەمێننەوە. پرسی هاووڵاتی‌بوون داخوازییەکانی گشتییە. بەرگریکارانی پێوەندییە دیموکراتیکەکان لە هەر ئەتنیکێک، دەبێ بە ئەندازەی داخوازییە ئەتنیکییەکانی خۆیان بایەخ بۆ ئەم پرەنسیپە ناوەندییە دابنێن. بەم ئارگیۆمێنتەوە کە دەستەبەرکردنی مافی هاوبەشی هاووڵاتی‌بوون و دیموکراسی گرنگترە، ناکرێ پاراستنی مافی فەرهەنگی ئەتنیکە کەمینەکان بە داهاتوو بسپێردرێت. گومان لەوەدا نییە کە بنەمای یاسایی و کردەوەیی سیستمێکی دیموکراتیک زۆربەی کێشە ئەتنیکییەکان چارەسەر دەکات. بەڵام لە هەلومەرجێکی تایبەتدا لەوانەیە شوناسی ئەتنیکی بە رادەیەک بەهێز بێت کە هۆکارەکانی دیکە بخاتە پەڕاوێزەوە. لەم حاڵەتەدا هیچ رێگەیەک جگە لە پەنابردن بۆ فێرکاری و رێکارە دیموکراتیکەکانی وەکوو هەڵبژاردن بوونی نییە، چونکە بەدیلی ئەم دۆخە توندوتیژییە ئەتنیکییەکان دەبێت. دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتی‌بوون بە شێوەی ئۆتۆمات، مافی فەرهەنگیی ئەتنیکەکان دابین ناکات. بەفەرمی ناسرانی مافە ئەتنیکییەکان، هاوشێوەی بەفەرمی ناسرانی مافی ژنان، رێگە و شێوازی خۆی دەوێت. هەر ئەو جۆرەی بزووتنەوەی ژنان ئامرازی بەداواداچوونی دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی ژنانە و ناکرێ لە دامەزرانی دیموکراسی گرێ بدرێت و یان دەستەبەکردنی دیموکراسی بخەیتە پێش ئەو، سەبارەت بە مافی فەرهەنگیی ئەتنیکەکانیش ئەم پرەنسیپە راستە. هەر ئەو جۆرەی ناکرێ بزووتنەوەی ژنان لە بزووتنەوەی دیموکراسی‌خوازیدا بتوێنیتەوە، بزووتنەوە ئەتنیکییەکانیش کە بۆ دەستەبەرکردمی مافی ئەتنیکەکان خەبات دەکەن، لە بزووتنەوەی دیموکراسی‌خوازیدا ناتوێتەوە. ئەم بزووتنەوانە هاوتەریبی یەک دەجووڵێنەوە، بەڵام یەکیان ناتوانێ نوێنەرایەتی ئەوەی دیکەیان بکات. پێچەوانەکەشی دروستە؛ واتە دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتی‌بوون لە رێگەی دەستەبەرکردنی مافی ئەتنیکییەوە، مافی یەکسان بۆ ژنان دابین ناکات، بەڵام ئاشکرایە کە ئەندامێکی گرووپێکی ئەتنیکی هاوشێوەی ئەندامێکی ژنی کۆمەڵگا بۆ داخوازییە هاوبەشەکانی هاووڵاتیان تێکۆشان دەکات.  
بابەتێکی جێی سەرنجی دیکە ئەوەیە کە هەستکردن بە هەڵاواردن لە خودی هەڵاواردن گرنگترە. بەڵام کەمینەی ئەتنیکی بوون  بەپێی پێویست بە مانای لە ژێر ستەمی ئەتنیکی بووندا نییە. کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی سیاسی هۆکاری دەستنیشانکەری سەرتربوونی گرووپێک بەنیسبەت بە گرووپەکانی دیکەیە. بۆ نموونە سەرتربوونی کەمینەی سپی‌پێستانی رەگەزپەرەست لەدژی زۆرینەی رەشپێشتان لە سەردەمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور. یان زاڵبوونی تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست بەسەر ئێران و ئەتنیکەکانی نیشتەجێی ئەم وڵاتە بە ماوەی چەندین سەدە، یان زاڵبوونی عەرەبەکان بەسەر ئەم وڵاتەدا لە سەدەکانی پێشووتردا.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved