29/12/2021 05:45 PM

پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی واقعی ئەتنیک و نەتەوە (بەشی دووەم)

42
بەڵام نزیکایەتی وڵاتان و هاوسەرگیری لەنێوان رەگەزەکان لەم دوو سەدەیەی دواییدا، دیاردەی تۆکمەبوونی رەگەزی لاواز کردووە. جیاوازییە ئەتنیکییەکان بۆ نموونە زمان، ئایین، داب و نەریت، خووخدە و نۆرمی فەرهەنگین نەک فیزیکی و دەکرێ بگۆڕدرێن. لە باری رەگەزی و فیزیکییەوە هیچ جیاوازییەک لەنێوان کورد و تورک و عەرەب و فارسدا بوونی نییە و ناکرێ بە شێوەی فیزیکی لە یەکیان جیا بکەیتەوە. بەڵام جیاوازیی ئەتنیکی لەناویاندا بوونی هەیە. هەر بۆیە کێشە ئەتنیکییەکان ئاسانتر چارەسەر دەبن. یان بۆ نموونە ئێرانییەکان لە وڵاتانی چەند ئەتنیکی وەکوو ئەمریکادا لە رووی رواڵەتیانەوە لە ئەتنیکەکانی دیکەی رەگەزی سپی بۆ نموونە ئەفغانستانییەکان، عەرەبەکان، بەشێک لە ئەوروپیەکان  و ئەمریکای لاتین جیا ناکرێنەوە. لەحاڵێکدا بە ئاسانی دەکرێ لەنێوان ئێرانییەک و رەشپێستێک یان مغۆلێک جیاوازی ببینیت. بەڵام جیاوازییە فەرهەنگییەکانیش گرنگن و هە بۆیە ناکرێ بە ئاسانی لە تەنیشت جیاوازییە ئایینی و ئایینزاییەکانەوە تیپەڕ بین. ئەم جیاوازییە هۆکاری ململانێ و دژایەتییەکانە.
نەتەوە و ئەتنیک هەردوکیان دوو راستیی سەربەخۆ لە زەینن. واتە مادیەت و بوونی دەرەکیان هەیە. بەڵام جیاوازییە ئەتنیکی و نەتەوەییەکان دەبێ بە شێوەی راستییەکی کۆمەڵایەتیی پێکهاتەی زەین دەرکەون نەک وەکوو هێزێک کە لاینگرانە دەجووڵێتەوە، ئەگینا خۆی لەخۆیدا، نە خواستێک بەدی دێنێت و نە کێشەیەک دروست دەکات. ئەوە بەس نییە کە گرووپێک خاوەنی کۆمەڵێک نیشانەی ئەتنیکی و نەتەوەیی بن. ئەم جیاوازیانە دەبێ بە شێوەی بەها ئابووری، فەرهەنگی، مێژوویی و سیاسیەکانی کۆمەڵگا دەرکەون و سەرەتا لەلایەن خۆتان و پاشان لەلایەن کەسانی دیکە بەفەرمی بناسرێن.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved