12/2/2022 07:28 PM

بزووتنەوەی فێمینیستیی ئەمریکا (بەشی دووەم)

ئامانج و مەبەستەکان
ئامانجی سەرەکیی بزووتنەوەی فێمینیستیی دەیەی ٦٠ و ٧٠، لەناوبردنی نایەکسانی لە شوێنەکانی کار بۆ نموونە دەست پێڕانەگەیشتن بە پیشەی باڵا و نایەکسانی لە وەرگرتنی مووچە لەڕێگەی پەسەنەکردنی کۆمەڵێک یاسای یەکسانەوە بوو. ساڵی ١٩٦٤، نوێنەری ویلایەتی ڤیرجینیا، هۆوارد سمیت، پێشنیاری کرد کە لە یاسای مەدەنیدا، هەڵاواردنی رەگەزی قەدەغە بکرێت. سەرەڕای ئەوەی ئەم پێشنیارە لەلایەن نوێنەرانی دیکەی کۆنگرێسەوە گاڵتەی پێکرا، بەڵام لەکۆتاییدا بە پشتیوانی نوێنەری میشیگان، مارتا گریفیتس، ئەم یاسایە پەسەند کرا.
پاش ماوەیەکی کەم چالاکانی بزووتنەوەی ژنان بەم دەرئەنجامە گەیشتن کە کۆمیسیۆنی دەرفەتە یەکسانەکان بۆ دامەزراندن، ناتوانێ پشتگیریی یاسایی لە ژنانی کرێکار بکات، کەوابوو گرووپێک لە ژنانی فێمینیست بۆ نموونە بێتی فریدێن بڕیاریان دا رێکخراوەیەک بە مەبەستی خەبات لەدژی هەڵاواردنی رەگەزی لەڕێگەی سیستمی یاسادانانەوە، بنیات بنێن. لە هاوینی ١٩٦٦ـدا، ئەم گرووپە فێمینیستییە، رێکخراوەی نەتەوەیی ژنانیان دامەزراند بۆ ئەوەی بتوانن لەم رێگەیەوە بۆ پەسەندکردنی یاسا یەکسانەکان لە کۆنگرێس، لۆبی بکەن و رێنوێنیی یاسایی ئاراستەی ئەو ژنانە بکەن کە دۆسیەی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتی لەدژی هەڵاواردنی پیشەییان لە دادگا بۆ کراوەتەوە.
جیلی بێتی فریدێن بۆ لەناوبردنی سیستمی هەڵاواردن ئامادە نەبوو، بەڵکوو بەشوێن تەیار کردنی هەلومەرجێکەوە بوو بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە ساحەی گشتیدا بەشداریان هەبێت. ئەوە لەحاڵێکدا بوو کە بزووتنەوەی رادیکاڵتری «ئازادیی ژنان» بەشوێن لەناوبردنی سیستمی پیاوسالارییەوە بوو کە بە بڕوای ئەوان سەرجەم ژیانی ژنانی خستبووە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. ئەوان پەرەیان بەم بڕوایان دەدا کە نایەکسانیی سیاسی لەدژی ژنان لەسەر بەشە جۆراوجۆرەکانی ژیانی تاکەکەسیی کەسەکان شوێندانەر دەبێت، بۆ نموونە پێوەندییە تاکەکەسییەکان، پێوەندیی سێکسی، دووگیانبوون، لەباربردنی کۆرپەلە، جۆری جلوبەرگ، رۆڵی کەسەکان لە هاوسەرگیریدا، ماڵداری و پەروەردەی مناڵان. لەڕاستیدا چالاکانی بزووتنەوەی ژنان، خوازیاری یەکسانی لە هەر دوو بەشی سیاسی و ژیانی تاکەکەسیدا بوون.

رێبەرایەتی
بزووتنەوەی فێمینیستی بەشێوەی تایبەت لەلایەن یەک کەس یان گرووپێکی تایبەتەوە رێبەرایەتی نەدەکرا. بەپێی گوتەی یەکێک لە چالاکانی فێمینیست «لە بزووتنەوەی ژناندا، زنجیرەی پلەبەندی بوونی نییە. چالاکییەکانی بزووتنەوە بەشێوەی بەکۆمەڵ و لە رووی ئەزموونەوە ئەنجام دەدرێت». لەڕاستیدا بزووتنەوە دابەش دەبوو بەسەر دوو بەشدا؛ گەنجان و کەسانی بەتەمەنتر، چینی سەرەوە و خوارەوەی کۆمەڵگا، محافزەکاران و توندڕەوەکان. بێتی فریدێن بەشوێن ئەوە بوو کە بزووتنەوەی ژنان بکات بە بەشێکی پەسەندکراو لە کۆمەڵگای ئەو سەردەمەی ئەمریکادا. ئەو خۆی لەو شتەی کە پێیان دەگوت قوتابخانەی فێمینیستیی «سیاسەتی ئۆرجاسمی دژە پیاو»،  دوور دەخستەوە. ئەو تەنانەت چەندین ساڵ هەوڵی دا کە بەشێوەی پاڵەکی ئەم پرسە بخاتە روو کە گلۆریا ستاینم، رێبەری گەنجی فێمینیست، لەگەڵ FBI و CIA لە پێوەندیدایە. فێمینیستە گەنجەکان متمانەیان بە جیلی رابردوو نەبوو و رێکخراوەی نەتەوەیی ژنانیان بە محافزەکار دەزانی کە دوورن لە راستییەکانی سەردەم: «داخوازییەکانی رێکخراوەی نەتەوەیی ژنان و پێکهاتەکەی وڵامدەری ئێمە نەبوو».
کاتێک ئەم دووفاقێتییانە لەگەڵ پشتگوێ خستنی هەڵبژرادنی رێبەرانی فەرمی تێکەڵ بوو، رێگە بۆ میدیاکان خۆش بوو بۆ ئەوەی رێبەرانی خۆیان بناسێنن. ئەم پرسە تووڕەیی بزووتنەوەکەی لێکەوتەوە. هاوکات، گرووپێک لە ژنان، خۆیان وەکوو رێبەرانی بزووتنەوە ناساند. ئەم بابەتەش بووە هۆی ورووژانی ژنانی دیکە، چونکە ئەوان لەسەر ئەم باوەڕە بوون کە سەرجەم بزووتنەوە دەبووایە لە ئاستێکدا جێگیر بن.
بەم حاڵەوە، ژنانێکی وەکوو گلۆریا ستاینم و ژرمین گریر توانیان بە نووسراوە و وێنە سەرنجڕاکێشەکانیان، سەرنجی میدیاکانیان بەرەو خۆیان رابکێشن. ئەوان وەکوو نموونەگەلێکی باش و سەرنجڕاکێش لە ژنانی فێمینیست، لە ناساندنی فێمینیزم بە خەڵک و میدیاکاندا رۆڵێکی کلیلیان گێڕا بۆ ئەوەی ئەم وێنایە دروست بکەن کە ژنانی فێمینیست کەسانێکی دژە پیاو نین. 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved