13/2/2022 04:55 PM

بزووتنەوەی فێمینیستیی ئەمریکا (بەشی سێهەم)

کەشی مەدەنی
بەشێکی گەورە لە سەرکەوتوویی بزووتنەوەی ژنان، دەگەڕێتەوە سەر ئاڵوگۆڕە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کات. لەدوای شەڕی جیهانی دووەم، گەشەی ئابووریی ئەمریکا بووە هۆی ئەوەی ژنان کار و پیشەی نوێ بەدەستەوە بگرن. لەڕاستیدا لە دەیەی ٦٠ـدا، دوو لە سێی پیشە نوێیەکان بەدەست ژنانەوە بوو. کەوابوو، کۆمەڵگا دەبوو ژنانی لە شوێنەکانی کار وەربگرتایە. لەهەمانکاتدا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی  ئاستی چاوەڕوانییەکانی چینی مامناوەند، بوونی دوو سەرچاوەی داهات پێویست بوو، بە جۆرێک کە ئەم بابەتە رێگەی بۆ وەرگرتنی ژنان لە شوێنەکانی کار خۆش دەکرد.
بەڵام زۆرینەی ئەم ژنانە کاری کەم داهاتیان پێدەدرا. ئەوەی وا بووە هۆی ئەوەی ژنان لە پیشە پرۆفیشناڵەکاندا دابندرێن، دەست پێڕاگەیشتن بە حەبی دژەدووگیانبوون بوو. بە دروستکردنی ئەم بیرۆکەیە کە بەبێ هیچ وەستان و نیگەرانییەک سەبارەت بە دووگیانبوون، ژنان دەیانتوانی خوێندن تەواو بکەن و بڕۆنە ناو بازاڕی کارەوە، لە سەرەتاکانی دەیەی ٧٠، شەپۆلێکی بەربڵاو لە ژنانی گەنج لە بەشەکانی پزیشکی، ماف و بازەرگانیدا سەرقاڵی خوێندن بوون. لەم کاتەدا، دەست پێڕاگەیشتن بە حەبی دژەدووگیانبوون، رێگەی بۆ ئەو شتەی کەوا وەکوو شۆڕشی رەگەزی باسی لێوە دەکرێت، خۆش کرد، بە جۆرێک کە پێوەندییە سێکسییەکان بۆ ژنانیش هاوشێوەی پیاوان بوو بە بابەتێکی رێگەپێدراو.
رێبەرانی فێمینیست لەژێر کاریگەریی بزووتنەوە مافە مەدەنییەکانیشدا بوون، بە جۆرێک کە بەهۆیەوە کۆمەڵێک ئەزموونی نوێ سەبارەت بە رێکخستنی مەدەنی فێر بوون. لەم کاتەدا، ژنانی رەشپێست رۆڵی کلیلیان لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان و بەتایبەت لە رێگەی رێکخراوە خۆجێییەکانەوە گێڕا، بەڵام ئەم تاقمە لە ژنان لە پۆستەکانی رێبەرایەتیدا هیچ پێگەیەکیان نەبوو. هاوکات، بزووتنەوەی ژنانی دژە شەڕ لەلایەن تاقمێک لە ژنی گەنجی رادیکاڵەوە دروست بوو کە نەک بەنیسبەت شەڕ لە  ڤیتنام بەڵکوو بەنیسبەت سەرتربوونی پیاوان و بڕیارە پیاوانەکان لە رەوتی شەڕ و ئاشتیدا ناڕەزاییان دەردەبڕی. لە زانکۆکان ژنان تێکەڵ بە بزووتنەوەی خوێنکاریی چەپ بوون بەڵام هەوڵەکانیان بۆ بنەمایی‌کردنی مافی ژنانی لە بەرەی چەپی نوێدا، لەلایەن رێبەرانی بزووتنەوەی خوێندکارییەوە کە هەموویان پیاو بوون، لەگەڵ کەمتەرخەمی رووبەڕوو بووەوە. لە کۆنفڕانسێکدا لەژێر ناونیشانی «سیاسەتی نوێ»ـدا، سەرۆکی دانیشتنەکە رووی لە یەکێک لە چالاکانی فێمینیست کرد و گوتی: «ئارام بە، کچۆڵەکە، ئێمە لێرە کاری زۆر گرنگترمان لە پرسی مافی ژنان هەیە کە دەبێ ئەنجامیان بدەین». لە ئاکامی هەڵسوکەوتی لەم چەشنەدا ژنانیش لەم تاقم و لایەنانە دوور کەوتنەوە بۆ ئەوەی بەشێوەی سەربەخۆ رێک بخرێن.
هەر لەم کاتەدا، ئێف بی ئای FBIـیش بزووتنەوەی ژنانی وەکوو: دوژمن، گرووپی توندڕەو، لاینگری توندوتیژی و رێگەیەک بۆ خەبات لەدژی بایەخە ئەمریکییەکان پێناسە کرد. هەر بۆیە سەدان ژن وەکوو سیخوڕی دزەیان کردە ناو بزووتنەوەی ژنانەوە. ئەگەرچی ئەم مەسەلەیە متمانەی نێوان چالاکانی خەوشدار کرد، دیشانیش نەیتوانی کاریگەرییەکی ئەوتۆ بخاتە سەر رەوتی سەرەکیی بزووتنەوە کە هەمان خەبات بۆ مافی یەکسان بوو.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved