4/5/2016 01:58 PM

سلێمانی شارە(س)ـەكە!! مدینە صعبە

كاروان ئەنوەر

مدینە صعبە.. مدینە (س).. محافزە غیر ئامنە ..
ئەم ناوانە لە زاری سەدام حسێنەوە بە سلێمانی وتراون.. ئێستا كاتیەتی هەموو دنیا بزانێت لەمێژووی ئەم عیراقەدا چ زوڵم و زۆرێك لەكوردی باشورو بەتایبەت سلێمانی كراوە، بەعسیەكان چۆن خەڵكیان  دەچەوساندەوە چۆن لەناو دەبران، چۆن زیندەبەچاڵ دەكران چۆن دەفرۆشران؟؟ مەزارگەو كەنیسەو ئاتەشگەكان خاپوركران، كاتیەتی قسە و باس لەسەر ئەو قۆناغە بكەین كە لەژێر چەتری جهادو شهادەت و غەزوەدا مرۆڤ بە كوشت دەدراو ژنان بە كاڵا دەكران، كاتیەتی بە ڕاستی پەنجە لەسەر برینی قوڵی سەدان ساڵەی ئەم قوتلوعامە دابنێین لەژێر پەردەی ئاین و نەتەوەو ئایدیای عەرەبچێتیدا.. ئەوەی بەخەڵكی بەش مەینەت و سزادراوی ئەم پارێزگایە كرابوو هێندە ترسناكن باسكردنی ئاسان نیە..
باشوری كوردستان چەند دۆسیەیەكی بە جینۆساید ناسێنراوە وەك ئەنفال و كیمیاباران و كەیسە گەورەكانی نەهامەتی ئەم میللەتە، بەڵام تاوان گەلێكیش بەرامبەر خەڵكەكەی كراوە كە تا ئێستا بەرەسمی تۆمار نەكراون وەك ئەوەی لێرەولەوێ لەلایەنی بەرامبەرەوە هەزاران گەنجیان سەرنگوم كرد، هەزارانیان شەهیدكردن و هەزارانیان فڕاندو هەزارانیان فرۆشت و هەزارانیان زیندە بەچاڵكرد..
ئەگەر ئێستا باسمان لەم برینە قوڵانەی جەستەی ئەو خەڵكە نەكردایە كە لەدێر زەمانەوە تا ئەمڕۆ خوێنیان لێدەچۆرێت، بێگومان قەیرانی فۆبیاو فیكری داعش شۆكێكی گەورە دەبوو بۆ سەر تاكی كورد، چونكە تەنها داعشەكان تاوانبار نین لەجینۆسایدكردنی كوردو كەمینە ئاینییەكان، ئەوە نەریتەو عەرەبی بەعسی لە ناوەڕاستی سەدەی پێشوەوە پەیڕەوی دەكات.. ئەوەی ئێستای داعش  لە قەتلوعامی ئێزیدی و فەلەو و كاكەیی و یارسانەكان وفڕاندنی ژنەكانیان و بە كەنیزەك كردنیان بەواجبی شەرعی و بە جهاد لە قەڵەمی دەدات پێشتر بەعس هەمان بیرۆكەی هەبوە بەناوی پارێزگاری كردن لە سنووری رۆژهەڵاتی نیشتمانی عەرەب شەرعیەتی بەخۆی داوە كوردو خەڵكی سلێمانی و دەوروبەری جینۆساید بكات لەژێر ناوی چەتری ئایین و نەتەوەو بیری فراوانكردنی دەوڵەتی عەرب.
.. قەتڵوعامی شارێك
ئەو ئەزموونە تاڵەی ئێستا چەندین شوێنی ئەم جیهانە بە دەست تیرۆرەوە دەناڵێنن، كوردستان بە گشتی و بە تایبەتی سلێمانی بەخۆی و قەزاو ناحیەكانیەوە پێشتر دەیبینی و رۆژانەش دووبارە ودەبارە دەبوویەوە، ئەو بیركردنەوە ترسناكانەی داعش ئێستا جێبەجێی دەكات.. لەشارێكی وەك ئەمشارەشدا (سلێمانی) چەندین ناو هاتن و دروست بوون كە هەریەكەو تەوری خۆی لەدەستدابوو حاكم و یەزدانی شار بوون، لەكوشتن و بڕینی خەڵكی سڤیل تەنانەت دادگای رۆتینیش نەبوەو هەر لەسەر جادەدا جەلاد تەوری خۆی وەشاندوە..
دەیان ناو هەن من هێندێكیان دەخەمەوە یادتان (زەعیم سدیق مستەفا، مولازم موحسین، مولازم عەلی، مولازم عەلا، ئەبو فلان و ئەبو فڵانەكان دەیان و سەدان بوون) بەدەیان بەرپرسی ئەمن و ئیستخبارات و موخابەراتی عیراق كە هەر كەسێكیان بۆ خۆی هەناسە بڕی خەڵك بوون بێ دادگا بێ مەحكەمە لەسەرجادە و شەقام و ناو كوچەوكۆڵان و بەردەم خوێندنگاو و ناو حەرەمی زانكۆكان..
 ئەوەی بەرامبەر بە سلێمانی وەك شارو وەك پارێزگا و خەڵكەكەی كراوە لەماوەی 80 ساڵی حوكمڕانی عەرەب و چل ساڵی حوكمڕانی بەعسدا جینۆسایدە دەرهەق بەخەڵكی شاری سلێمانی بەسەرجەم قەزاو ناحیەكانیەوە، تاوانێكەو دەبێت خەڵكی سلێمانی قەرەبووی ئەو زەرەرو زیانانە بكرێنەوە كە لەدروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە بەریان كەوتوو چەندین نەوەی خەڵكی ئەم شارە دووچاری ئەو حاڵەتانە بوون.
ئێستا كاتیەتی بەرەسمی داوای مافی شەهیدانی حامیەو شەهیدانی دەستی حەرەس قەومی و مەنع تەجەولەكان و شەهیدانی رەشبگیرو قڵیشانەوەكان و شەوكوت و زیندانە بێ دادگاكان و ئەو شەهیدانەی كە تەنها لەبەر كراسی رەش و گۆرەوی سپی شەهید دەكران مافیان وەربگیرێتەوە.. وەك شەهیدانی جینۆسایدی ئەم میللەتە داوای ماف و قەرەبوویان بۆ بكرێتەوەو لەدادگا نێو دەوڵەتیەكاندا وەك كەیسێكی سەربەخۆ بەقەتڵوعام كردنی شارێك بناسێنرێت..





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved