7/6/2016 10:41 AM

له‌كاتی كڕینی مۆبایلێكی نوێدا ئه‌م هه‌ڵانه‌ مه‌كه‌

به‌هۆی كێبڕكێی توندی كۆمپانیاكانی بواری مۆبایله‌وه‌، به‌رده‌وام له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا چه‌ندین مۆبایل به‌رهه‌مده‌هێنرێت، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ به‌كارهێنه‌ران بتوانن مۆبایلێك بكڕن و توشی دڵه‌ڕاوكێ نه‌بن.

لێره‌دا چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی باو ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ هه‌ندێك كه‌س له‌كاتی كڕینی مۆبایلێكی نوێدا توشی ده‌بن، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌م هه‌ڵانه‌ دووربكه‌وینه‌وه‌.

سه‌ره‌تا پێویسته‌ دووربكه‌ویته‌وه‌ له‌و مۆبایلانه‌ی كه‌ نرخێكی به‌رزیان هه‌یه‌، چونكه‌ چه‌ندین كۆمپانیا هه‌یه‌ سه‌ره‌تا مۆبایلێكی تایبه‌تمه‌ند به‌رز به‌نرخێكی گران ده‌خاته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك هه‌مان مۆبایل به‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كه‌مترو نرخێكی هه‌رزانتر دووباره‌ ده‌خاته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێده‌چێت ناوی مۆبایل ببێته‌ هۆی سه‌رنجڕاكێشانی به‌كارهێنه‌ران، به‌ڵام له‌ڕاستیدا زۆرینه‌ی مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندییه‌كی مامناوه‌ندن، بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌و مۆبایلانه‌ به‌هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی و به‌نرخێكی باشتر له‌كۆمپانیاكه‌ یان له‌شوێنێكی تردا ده‌ستده‌كه‌وێت.

دووه‌م: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ حه‌ز به‌هه‌ڵگرتنی جانتا ناكه‌ن، باشتره‌ مۆبایلێك نه‌كڕن كه‌ شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌ (فابلێت)ی هه‌بێت، چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك مۆبایلێكی گه‌وره‌ بكڕێت پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌هه‌ڵگرتنی مۆبایله‌كه‌ی بێزار ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌م مۆبایلانه‌ی كه‌ قه‌باره‌ی شاشه‌كه‌یان بۆنموونه‌ 6 ئینجه‌ زیاتر بۆ خانمان گونجاوتره‌ كه‌ هه‌میشه‌ جانتا له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵده‌گرن.

له‌كۆتاییدا واباشتره‌ كه‌ مۆبایلێكی دیاریكراو نه‌كڕیت كه‌ زۆر ریكلامی بۆ ده‌كرێت، كه‌ به‌داخه‌وه‌ چه‌ندین به‌كارهێنه‌ر به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ مۆبایل ده‌كڕن، بۆیه‌ باشتره‌ ئه‌و مۆبایلانه‌ بكڕیت كه‌ پێداویستی خۆت پڕده‌كه‌نه‌وه‌، نه‌ك به‌دوای ئه‌و ریكلامانه‌ بكه‌ویت كه‌ له‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندا بۆ مۆبایلێكی دیاریكراو ده‌كرێت.

خاك - گۆران قادر
س/ ئاژانسه‌كان




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved