27/6/2016 02:08 PM

(پـی كـەی) فیلمێكی یاساغ، پـڕ لـە پـــرسیاری مەترسیدار ‌ ‌

چەپڕەو مەنسوربەگ
ئەوانەی گرنگی بە هونەری سینەما دەدەن، بەتایبەتیش سینەمای بولیوود (سینەمای هیندی)، دەزانن، هەر كات هەواڵێك هەبوو لە بارەی كارێكی سینەمایی نوێی دەرهێنەری هیندی (محەمەد عامر حسێن خان)، چەندین هەواڵ‌و باسی دیكەش دەبێت لە بارەی ئەو هەڵڵایەی فیلمەكە بەدوای خۆیدا دروستی دەكات. ئەو دەرهێنەرە هیندییە بەوە دەناسرێتەوە، هەمیشە بەدوای دەقێكدا دەگەڕێت كە لە فیلمەكانی هاوكارەكانی دیكەی نەچێت، تەنانەت هەندێك لە رەخنەگرانی سینەمایی دەڵێن: خان نایەوێ‌ وەك زۆربەی دەرهێنەرانی هیندی كات‌و پارەیەكی زۆر لە فیلمەكانیدا سەرف بكات، لە هەمان كاتیشدا ناچار بێت ماندوو ببێت لە دۆزینەوەی چەندین چارەسەری هونەری بۆ چەند دیمەنێكی فیلمەكەی، بەڵكو ئەو دەیەوێ‌ جیاواز لەوانی تر دەربكەوێ‌‌و زۆرترین سەرنج بەلای كارە سینماییەكانیدا رابكێشێت، لە رێگەی هەڵبژاردنی چیرۆكێك كە پڕە لە پرسیارگەلێك كە هەموو مرۆڤەكان بوێرییان نییە ئەو جۆرە پرسیارانە بكەن.فیلمی (وای كەی) نموونەیەكی زەقە كە هەموو ئەو راو بۆچوونانانە بەسەر خاندا ساغ دەكاتەوە.
فیلمەكە دوو ساڵ لەمەوبەر (2014) كارەكانی تەواو بووە‌و وەك فیلمێك ئامادە بوو بۆ نمایش كردن. چەند رۆژێكی زۆر كەم دوای نمایش كردنی، سەرنجی خەڵكی زۆربەی وڵاتانی جیهانی بەلای خۆیدا راكێشا. زیادەرۆیی نییە كە بگوترێ‌ یەكێكە لەو 10 فیلمەی زۆرترین مشتومڕی ناوەتەوە. ئاكامی ئەو مشتو مڕەش بووە مایەی ئەوەی لە هیندستان نمایش كردنی فیلمەكە قەدەغە بكرێت.

بۆچی قەدەغە كرا؟
ناوەررۆكی فیلمەكە بەلای چەند مەسەلەیەكی ئاینیدا دەچێت. ئەو پرسیار‌و رستانەی لەدەمی كارەكتەری سەرەكی فیلمەكە‌وە دەردەچن، پرسیار گەلێكن هەموو كەس بوێری ناكات دەریانببڕێت، یان خۆی لە قەرەیان بدات، فیلمەكە وەها لێكدرایەوە كە سوكایەتی بە باوەڕمەندانی چەندین ئاینی غەیرە ئاسمانی دەكات. كە هیندستان بە حوكمی فرەكلتورییەكەی زۆرترین بیروباوەڕی ئاینی‌و ئاینزای جیاوازی تێدایە. ئەمەش ئاشتی كۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا دەخاتە مەترسییەوە هەر بۆیە راگرتنی فیلمەكە كرایە بڕیار‌و جێبەجێش كرا.
فیلمی (پی كەی) ماوەكەی دوو سەعات‌و نیوە، بە شێوەیەكی كۆمیدیای عەقڵانی‌و بە وریاییەكی زۆرەوە دەیەوێ‌ باس لەوە پیاوە ئاینیانە بكات كە خوا‌و دەقە پیرۆزەكان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەكاردەهێنن‌و ئاین دەكەن ئامرازی فریودانی كۆمەڵگاكانیان‌و لەو رێگەیەوە بەرەو ئامانجەكانی خۆیان هەڵدەكشێن. هەروەك باس لە سادەیی بەشێك لە كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتی‌و خۆبەدەستەوەدانیان بۆ نەریت‌و بیرو باوەڕە كۆنەكان دەكات، كە ئەم سادەیی‌و خۆبەدەستەوەدانە بووەتە مایەی ئەوەی مرۆڤی ئەو كۆمەڵگایانە نەتوانن هەندێك پرسیار لە خۆیان بكەن‌و بەدوای وەڵامەكاندا بچن، ئەمەش وایكردووە مرۆڤی لەو جۆرە نەتوانێت سەردەمیانە بژی‌و بە عەقڵێكی كراوەوە لەگەڵ كاروانی پێشكەوتنی مرۆڤایەتی رێ بكات. فیلمەكە لەو باسەدا تانە لەو كەسانە دەدات كە پەیكەر‌و مانگا‌و ئاژەڵ‌و شتی دیكە بە پیرۆز دەزانن.

برسییەكان تێربكەن
یەكێك لە پاڵنەرە سەرەكییەكانی قەدەغە كردنی فیلمەكە، ئەوەیە كە فیلمەكە دەستی لە هیچ یەكێك لە ئاینەكان نەپاراستووە‌و سەرنج دەخاتە سەر هەموویان بە ئاسمانی‌و غەیرە ئاسمانییەكانەوە. لەدیمەنێکدا كارەكتەری سەرەكی فیلمەكە دەپرسێت: بۆچی شیر بەسەر خواوەندەكاندا دەرژێنرێت؟ بۆچی خواوەندەكان بەوە رازی دەبن"؟ لە كاتێكدا ملیۆنان كەس برسین‌و بێ‌ نان‌و ماڵ لە شەقام‌و لاڕێیەكاندا كەتوون‌و خەریكە لە برساندا دەمرن. ئەمە پاڵنەریی سەرەكی قەدەغە كردنی فیلمەكەیە، بەو پێیەی ئەو پرسیارانە تەشەر لە ئاینی هیندۆسی‌و پێرەوانی ئەو ئاینە دەدات كە كۆنترین ئاینە لە هیندستان‌و  ژمارەی پێرەوانی دەگاتە 838 ملیۆن كەس‌و (81.3%) ی دانیشتوان هیندستان پێكدەهێنن.
عامر خان، هەوڵیدا بەرگری لە فیلمەكەی بكات‌و لە چەندین دیمانەی تەلەفزیۆنی ‌و رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەو نایەوێ‌ گاڵتە بە پیرۆزیی ‌و باوەڕی هاونیشتمانییەكانی بكات، بەڵكو خوازیارە مرۆڤ بخاتە سەر ئەو ریگایەی بوێری بكات هەندێك پرسیار بوروژێنێت كە پیاوانی ئاینی هۆكارن بۆ نەكردنی ئەو پرسیارانە نەك خوا، "هەندێك مرۆڤ كە خەڵكی ئاسایین وەك ئێمە هەندێك رێسا‌و یاسایان داناوە بەناوی خواو ‌و خواوەندەوە، لە پێناوی ئەوەی عەقڵ‌و هۆشی خەڵك كۆت‌و بەند بكەن‌و رێگەی بیركردنەوەیان لێبگرن. خوا هۆشی داوەتە مرۆڤەكان بۆ ئەوەی بیربكەنەوە‌و پەیی بە نهێنییەكان ببەن".
عامر خان، موسڵمانە‌و ساڵی 1965 لە مۆمبای لەدایكبووە‌و ساڵی 1973 لە رێگەی بەشداریكردنی لە یەكێك لە فیلمەكانی ناسر حسێن-ی مامی هاتووتە ناو جیهانی هونەریی سینەما.
تۆمەتی هەمە چەشن درایە پاڵ فیلمەكەی خان، یەكێك لەو تۆمەتانە لایەنگیری‌و پێداهەڵدان بوو بە ئاینە ئاسمانییەكان‌و لێدان لە ئاینە غەیرە ئاسمانییەكان. بە پاساوی ئەوەی هەندێك بیروباوەڕی سادەی ئاینە غەیرە ئاسمانییەكانی زیاد لە پێویست زەق كردووەتەوە‌و بەراوردی كردووە لە نیوان ئاینە ئاسمانیی‌و غەیرە ئاسمانییەكان، لە كاتێكدا دەرهێنەر خۆی پێرەوی ئاینێك دەكات‌و هاتووە هەڵسەنگاندن بۆ چەند ئاینێكی دیكە دەكات كە زۆر دوور لە جیهانی ئاینەكەی ئەو ‌و هیچ لە بارەی بیر‌وباوەڕ‌و كەشە ئاینییەكان‌و پیرۆزییەكانی ئەو جیهانەی دیكە نازانێت.

پرسیارە هەرە مەترسیدارەكە
پرسیاری هەرە مەترسیدار كە فیلمەكە دەیوروژێنێت لە بارەی خوایە. كارەكتەری فیلمەكە بۆی دەردەكەوێت كە دوو خوا هەن، خوایەك ئەو خوایە راستەقینەیەیە كە گەردون‌و مرۆڤەكان‌و ژیانی دروست كردووە‌و ژیانی هەمووانی بەدەستە، كە بەندەكانی ئاراستە دەكات بۆ چاكەكاری‌و یەكسانی‌و دادپەروەریی‌و بەزەیی‌و سۆز‌و خۆشەویستی. خوایەكی دیكەش كە خولقاندوویانە‌و كردوویانەتە سەرچاوەی ترس‌و تۆقاندن‌و بەلارێدابردن‌و نایەكسانی‌و زۆر بەدكاریی تر. ئەمەش یەكێك لەو خاڵانەی وەك بەڵگەیەك بۆ لایەنگیری ئاینە ئاسمانییەكان رووبەڕووی فیلمەكە كرایەوە.

گونجانی راستەوانەی
 روخسار لەگەڵ ئاین
یەكێك لەو خاڵانەی مایەی تێرامانی قوڵە لەو فیلمەی خان دا، باسكردنە لە خۆ سەرقاڵ كردن‌و گرنگیدانی زیاد لە پێویستی مرۆڤەكان بە هەندێك مەسەلەی لاوەكی لە ئاینەكانیان‌و قوڵ نەبوونەوەیان لەناو بابەتە سەرەكییە ئاینییەكان. بۆ ئەوەش فیلمەكە باس لە گرنگیدان بە رووخسار دەكات ‌و بەو جۆرە وێنای دەكات كە رووخساری هەر كەسێك راستەوانە لەگەڵ ئاینەكەی دەگەونجێت، یان بە مانایەكی دیكە مرۆڤەكان وایانكردووە كە بە روخساریاندا بیانناسیتەوە كە پێرەوی چ ئاینێك دەكەن نەك بە كردار‌و رەفتاریان. "ئەو پیاوە ریشدارە لە تیرۆریست دەچێت لێی دوور بكەوە"، یـــــــــان "ئەو ژنە باڵاپۆشی لەبەر نییە كافرە". دەرهێنەر لەوێدا دەیەوێ‌ بڵێ‌: ئاین پەیوەست نییە بە روخسا‌و پۆشاك‌و روخسارەوە بەڵكو پەیوەستە بە ناخی مرۆڤەكان‌و خوا تەماشای ناخی مرۆڤەكان دەكات نەك روخساریان‌و لەسەر كردارەكانیان پاداشت‌و سزایان دەكات نەك پۆشاك‌و روخسار.
فیلمەكەی خان، خۆی لە یەكێك لە هەرە گەرمترین باسەكانی ئەم رۆژگارە بەدەر نەكردووە‌و زۆر وریایانە بەلای مەسەلەی كوشتن‌و جەنگ‌و پیرۆز كردنی شەڕو كوشتار بەناوی ئایندا دەچێت‌و تیشك دەخاتە سەر ئەو پیاوە ئاینیانەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان گروپەكانیان خوێنی مرۆڤەكان حەڵاڵ دەكەن‌و بریاری جەنگ‌و كوشتنیان دەدەن. لە (پی كەی) دا خان پەیامی ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو كوشتارانە لەژێر چارشێوی ئاینەوە پیلانڕێژیان بۆ دەكرێت، نەك لەناو دەقە ئاینییەكانەوە.
هەروەك فیلمەكە باس لە كێشمەی مەزهەبی دەكات‌و بەو ئاراستەیە دەڕوات كە قوڵكردنەوەی كێشە مەزهەبییەكان دەسیسەی سیاسییەكانە‌و قەیران‌و كێشمەكان لە پێناوی بەرژەوەندییەكانیان قوڵ دەكەنەوە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved