20/9/2016 11:19 AM

ژاپۆن.. ئاڵای بێ وڵات و ژیان له‌سه‌ر سنوور نمایشكران

نمایشی "ئاڵای بێ وڵات" و "ژیان له‌سه‌ر سنوور" له‌ فێستیڤاڵی فیلمی "فۆكۆئۆكا" له‌ ژاپۆن

فیلمی بڵندی "ئاڵای بێ وڵات" نوێترین به‌رهه‌می "به‌همه‌ن قوبادی" و فیلمی دیكۆمێنتاری "ژیان له‌سه‌ر سنوور" له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "فۆكۆئۆكا" له‌ ژاپۆن نمایش كران.

فیلمی بڵندی "ئاڵای بێ وڵات" A Flag Without a Country له‌ ده‌رهێنانی "به‌همه‌ن قوبادی" و به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌م سینه‌ماكاره‌ كورده‌ له‌ نوێترین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا، رۆژی 16ی سێپته‌مبه‌ری 2016 له‌ به‌شی سه‌ره‌كی بیست و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "فۆكۆئۆكا" Fukuoka به‌ "ته‌ركیز له‌سه‌ر ئاسیا" Focus on Asia له‌ هۆڵی ژماره‌ 13ی "سینه‌مای یونایتێد" له‌ شاری فۆكۆئۆكا له‌ وڵاتی ژاپۆن نمایشكرا. هه‌ر له‌ دوای ئه‌م فیلمه‌ كوردییه‌، فیلمی دیكۆمێنتاری "ژیان له‌سه‌ر سنوور" Life on the Border له‌ ده‌رهێنانی هه‌شت منداڵی شاره‌كانی كۆبانێ و شنگال له‌ به‌شی "نمایشی تایبه‌تی پانۆڕاما"ی Special Screening Panorama ئه‌م فێستیڤاڵه‌ چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما.

ئه‌م دوو فیلمه‌ كوردییه‌ له‌ دووهه‌مین نمایشی خۆیاندا له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "فۆكۆئۆكا" رۆژی 19ی سێپته‌مبه‌ری 2016 له‌ هۆڵی ژماره‌ 13ی "سینه‌مای یونایتێد" و له‌ دوایین نمایشی خۆیاندا له‌ رۆژی 23 سێپته‌مبه‌ری 2016 له‌ هۆڵی ژماره‌ 5ی "سینه‌مای یونایتێد" له‌ شاری فۆكۆئۆكا له‌ وڵاتی ژاپۆن ده‌چنه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان.

"خه‌ڵاتی بینه‌رانی فۆكۆئۆكا" كه‌ خه‌ڵاتی سه‌ره‌كی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "فۆكۆئۆكا" دێته‌ ئه‌ژمار، له‌لایه‌ن بینه‌ران و به‌ مه‌به‌ستی بردنه‌ سه‌رڕێی ئاستی فه‌رهه‌نگی سینه‌مای ئاسیا به‌ ده‌رهێنه‌رێكی به‌هره‌مه‌ند ده‌به‌خشرێت.

فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "فۆكۆئۆكا" كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین فێستیڤاڵه‌كانی فیلمی ئاسیا ناسراوه‌و له‌سه‌ر باشترین به‌رهه‌مه‌كانی سینه‌مایی ئاسیا ته‌ركیز ده‌كات، به‌ نمایشی نوێترین به‌رهه‌می به‌رچاوی ده‌رهێنه‌ره‌ ئاسیاییه‌كان له‌ چه‌ندین به‌شی "سه‌ره‌كی"، به‌شی "فیلمه‌ دیكۆمێنتارییه‌كان"، به‌شی "فیلمه‌ ڤییه‌تنامییه‌كان"، به‌شی "فیلمه‌ ژاپۆنییه‌كان" و هه‌روه‌ها به‌شی "نمایشی تایبه‌ت" له‌ رۆژانی 15 تا 25ی سێپته‌مبه‌ری 2016 له‌ شاری فۆكۆئۆكا له‌ وڵاتی ژاپۆن به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

خاك - مه‌نسور جه‌هانی






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved