22/10/2016 02:31 PM

ئایزۆتۆپیا ،بەنموونەی "پەیكەری خۆشەویستی" زاهیر سدیق

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

ئایزۆتۆپیا،كەلقێكی كاریگەر وسەرەكی سیمۆڵۆژیایە وڕەخنەگری سیمۆڵۆژیای گێڕانەوەگەری گریماس لەنیوەی شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا كاری لەسەر كردووە،لەبنەڕەتدا ووشە وزاراوەیەكی كۆنی گریكەكان بووە وبەمانای جێگە هاوشێوەكان یان هاوشێوە جێگەییەكان هاتووە.ئەم ووشەیە دواتر خۆی لەزانستە كیمیاگەری وفیزیكگەرییەكاندا بینیوەتەوە.لەچوارچێوەی كیمیاگەریدا، كەزانای بەناوبانگی ڕوسی بەنێوی ئیڤانۆڤیچ میندلیڤ(1834-1907)، لەساڵی 1869 خۆی تێدا تاقیكردۆتەوە،بەو مانایە هاتووە كەتوخمێكی كیمیاگەری لەبنچینەدا پێكهاتووە لەچەند توخمێكی گەردیلەیی یەك لەدوای یەكی كەسەرجەمیان خۆیان لەیەك تەنی گەردەیدا دەبینێتەوە.لەبەشە فیزیكگەرییەكەشدا بەومانایە هاتووە كەخەسڵەتە ڕەهەندی وماوەیی وقەبارەیی وتەنییەكان خۆیان لەسێ لایانەییەكاندا دەبینێتەوە وەك ئەوەی كێش وقەبارەكان لەو سێ لایانە هاوتەریبی یەكتربن.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەجێگە،گەرچی پێكهاتووە لەچەند جێگەیەكی بچووكتر،بەڵام لەڕووی پەیوەستێتی وكاریگەرێتی ڕۆڵی تایبەتی خۆی هەیە ولەهەمان كاتیشدا پێناسەی تاك وهەڵوێستە وهونەر وئەدەبەكەشێتی كەسەرجەم ڕووبەر وقەبارەكانی خاوەن یەك مەبەست وگوتاری تایبەتی خۆیانن.هەر ئەمەش وای لەگریماس كردووە كەلەكتێبەكەیدا بەنێوی"زانستی مانا بونیادگەرییەكان"بەم شێوەیە پێناسەی ئایزۆتۆپیا بكات وبڵێت" بریتیە لەكۆمەڵێك ووتەی كەڵەكەبووی پڕ مانا كەلەڕێگەی خوێندنەوە قوڵ وچڕەكانەوە لەهەوڵی كردنەوەی كۆدە نەبیراو ونهێنییەكاندایە".ئەمەش بەو مانایە دێت كەئایزۆتۆپیا مۆتیڤێكیشە بۆ دەرخستنی زانیاری وماناكان.یان بەكاری ئاسانكاری كردنەوەی ماناكان هەڵدەستێت.بۆ نموونە،لەكاتێدا دەڵێین "مریشك وهێلكەكردن" ئەوا لەڕووی خوڵقاندنەوە دراوسێیەتییەك ومانایەكی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە وهیچیان بەئەوی تر نامۆ نین.بەڵام گەر  ووتمان" كەڵەشێر وهێلكەكردن" ئەوا پێچەوانەكەی دەردەچێت ولەلای تێكڕای خەڵكی لادانێكی بێ مانایە.كەواتە،هەروەك ئەندامێكی قوتابخانەی سیمۆڵۆژیای فەڕەنسی،جۆزێف كۆرتیس، جەختی لەسەر كردووە،ئایزۆتۆپیا دەستنیشانی دراوسێیەتی یەكەكان دەكات كەلۆژیكی هارمۆنیا وڕیتمەكانش بەدوای هەمان شتدا دەگەڕێت.لەهەموو ئەمانەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كەخەسڵەتەكانی ئایزۆتۆپیا خۆی لەم تەوەرانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
1-تەوەری دەربڕینی.ئەمە بریتیە لەدووبارەبونەوەی یەكەكان لەپێناو خوڵقاندنی گوتارێك یان مانایەك كەهەمووان،یان زۆرینە،لێی سوودمەند دەبن.گەر بڕوانینە پەیكەرەكەی زاهیر سدیق،بەنێوی "پەیكەری خۆشەویستی"،كەلەپاركی ئازادی دانراوە، ئەوا هەر زوو هەست بەوە دەكەین كەهونەرمەند دەیەوێت ئەو مانایەی كەبەدرێژایی زەمەنی رابردوو،گەمارۆ دراوە  لەهزر وبیریدا وماوەیەكی زۆریشە قەتیسماوە لەبیرەوەرییەكانیدا بیگەیەنێت بەتاكەكان وپێیان بڵێت كەلەلایەكەوە هونەر توانای بەرجەستەكردنی مەسەلە هەستیارەكانی هەیە ولەلایەكی تریشەوە بەهونەركردنی ناوەڕۆكەكان ،بەشێوەیەكی گشتی،جوانییەك دەبەخشن بەژیان.دیارە ئەمەش دوای ئەوە هاتووە كەپێشتر جوانییەكان،لەهەمان جێگە ولەزەمەنێكی جیاوازدا و لەڕێگەی دوژمنان وداگیركەرانەوە،ناشیرین كرابوو.ئێستا ولەزەمەنی پەیكەرەكەدا هونەرمەند جوانییە زەوتكراوەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخە ئاساییەكەی خۆی.بەمانایەكی جیاوازتر،لەزەمەنی پێش داگیركەردا جێگەی ئێستای پەیكەر جێگەیەكی سروشتی جوانی ناوچەكە بوو.نزیك لەكانی ئاسكانەكەی حەزرەتی نالی.دواتر،بەهۆی دڕندەیی داگیركەرەوە،ئاڕاستەی ئەم جێگەیە دەگۆڕێت بۆ جێگەیەكی زۆر ترسناك بەتایبەتی دوای كۆمەل َكوژییەكەی ساڵی 1963 ی ئەم جێگەیە.لەزەمەنی پەیكەر ،جارێكی تر جێگە دەچێتەوە دۆخەكەی جاران وبەڵكو جوانتر.جوانتر لەوەی ئێستا،بەهۆی دەربڕینە سۆزداری وویژدانییەكانی پەیكەرەوە كەجێگەكەی پێدەنێتە قۆناغێكی هونەری وفیكری وئیستاتیكییەوە.تێكڕای خەڵكی بەبێگانەكانیشەوە لەو پرسیارەدان كەئەم پەیكەرە دەرئەنجامی چی هاتووە! پێكەوەلكانی ژن وپیاوێكی بەژنو باڵای بەرز لەو جێگەیەدا چی دەگەیەنێت؟ ناونیشانی پەیكەر،خۆشەویستی،لەچیەوە سەرچاوەی گرتووە؟بۆچیش لەو جێگەیەدا دانراوە ووەڵامی  چیشە بۆ بینەران؟هەموو ئەمانە دەشێت كۆبكرێنەوە لەچەمكی ئیكسیۆڵۆژی كەهەمیشە بەدوای بەها ئەخلاقی وفیكری وسۆسیۆڵۆژییەكاندا دەگەڕێت.لەوانە،بانگەواز بۆ جوانی وخۆشەویستی وئاشتی وپێكەوە ژیان وپاكێتی ولەهەمان كاتیشدا ڕەتكردنەوەی هەموو شتە پێچەوانەكانی وەك كوشتن وكینە وململانێ بێ مانا وبێ هودەكان.بەئاڕاستەیەكی تر،لەپشت تەوەری دەربڕینییەوە ڕووداوێكی تراژیدی ودرامی وگۆڕانكاری لەو ڕوداوەدا هەیە وبەڵكو بوونێكی كاریگەریشە لەسەر ڕووداوەكانی زەمەن وجێگە.هونەرمەند،لەڕێگەی هونەرەكەی و دوای پڕۆسەی ڕزگاركردن وئازادی بوارێكی دەربڕینی لەبەردەستدا بوو تا بەشێوازێكی هونەری ودوور لەتوانج وڕەخنەیەكی داشۆرینی ڕاستەوخۆ هەر دوو زەمەن وجێگە بەرجەستە بكات،بەڵكو هەردوو زەمەنی لەتابلۆكەدا جێگە كردۆتەوە وەك ئەوەی كوشتن وبێبەشكردن وئازاردان لەزەمەنی ڕابردوو كەبەشێوە ڕاستەوخۆكەی نابینرێت بەڵكو لەڕێگەی فیگەری گێڕانەوەگەرییەكانی ڕووداوەوە ئەو زانیاریانەمان دەست دەكەوێت كەئەمڕۆكە بۆتە سیاقێكی مێژووی سیاسی وفیكری بۆ كورد.هەروەها زەمەنی ئێستا كەپڕە لەئازادی وخۆشەویستی كەئەمەیان بەشێوە ڕاستەوخۆكەی دەبینرێت،تەنانەت بەبێ ئەوەی پەنا بۆ سیاقەكان ببرێت.
2-تەوەری هەڵچوونی.ئەمە بریتیە لەجێگۆڕكێی دۆخەكان لەدۆخێكی ئازاراویی بۆ دۆخێكی ئازادی وخۆشی سەقامگیر.   هەڵچوونەكەش زیاتر لەجێگۆڕكێكەدا بەدەردەكەوێت.واتە دۆخە ئازاراوییەكان دەبنە مۆتیڤێكی كاریگەر بۆ گۆڕانكارییەكانی دوای ئازارەكان ومانەوەیان بەشێوەیەكی هەمیشەیی.پەیكەری خۆشەویستی بەشێكە لەم تەوەرە وهونەرمەند زاهیر سدیق لەكارەكەیدا زۆر ئازادانە بەدەردەكەوێت كەوێنەكەی لەكارێكتەرەكانی پەیكەرەكەدا دەردەكەوێت وبەرجەستە دەبێت وەك ئەوەی خۆشی وئازادی هونەرمەند هاوشێوەی كارێكتەرەكانی پەیكەرەكەیە بەژن وپیاوەكەوە بەوپێیەی خۆشی ئەمان خۆشی ئەمە وپێچەوانەكەشی هەر ڕاستە.لێرەشەوە ئیستاتیكای پەیكەرەكە بەدەردەكەوێت ئەویش بەوەی ئاستە هەستی وهزرییەكانی پەیكەرەكە وێنەیەكی هاوتەریبی لەگەڵ تێكڕای خەڵكیدا دروست دەكات چونكە ئازارەكان لەزەمەنی ڕابردوودا تەنها ئازاری هونەرمەند نیە وتاكە هاوشێوەكانیش بەشدارن.هەر لەبەر ئەمەشە،بیركردنەوەی هونەرمەند هەمان بیركردنەوەی كارێكتەری پەیكەرەكەیە وئەوی هونەرمەند وئەوانی هاوشێوەی كارێكتەرەكان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی مەسەلەكە دەكەن كەبریتیە لەخاك ونیشتمان.لەگۆشەیەكی ترەوە،هونەرمەند،وەك جەمسەرێكی گرنگی ئایدیۆڵۆژیای سەربەخۆ بە هونەر،دەیەوێت كارێكتەرێكی ئەكتیڤی گۆڕانكارییەكان بێت ولەهەمان كاتدا بەرپرسیارێتی زەمەنی ئێستا دەخاتە ئەستۆی هونەر بەگشتی وهونەری پەیكەرتاشی بەتایبەتی.جگە لەمەش،تەوەری هەڵچوونی لەبینەریشدا بەدەردەكەوێت وەك ئەوەی پەیكەرەكە دەرگا لەسەر پرسیارە نهێنییەكانی زەمەنی ڕابردوو دەكاتەوە وكۆتا پرسیاریشیان ئەوە دەبێت كە ئەم خۆشی وپێكەنین وخۆشەویستییە دەرئەنجامی چی هاتووە!.دواتر وەڵامە سیاقییە فیكری وسیاسییەكان دەكەونە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی زەمەنە ئازاراوییەكانی ڕابردوو.
3-تەوەری مەبەستێتی.ئەمە بریتیە لەگوتار وستراتیژییەتی سەرەكی دەق وكارە هونەرییەكان وەك ئەوەی هیچ دەق وكارێكی هونەری ڕەسەن بەبێ مەبەستێتی شكست دەخوات،یان سەركەوتنی تەواو بەدەست ناهێنێت.تەنانەت كارە هونەرییەكان لەڕێگەی مەبەستێتییەوە سەرچاوە دەگرێت وهونەرە ڕووت وڕووكەشەكان دوورمان دەخەنەوە لەپڕۆسەی داهێنانە هونەرییەكان.لەپشت پەیكەری خۆشەویستی زاهیر سدیق ەوە مەبەستێتییەكی سەرەكی وچەند مەبەستێتییەكی لاوەكی بوونیان هەیە وسەرجەمیشیان خۆیان لەیەك گوتاردا دەبینێتەوە.مەبەستە سەرەكییەكە لەخۆشەویستی بابەتە نەتەوایەتییەكەدا بەدی دەكرێت ولاوەكییەكانیش لەئازادی وسەربەخۆیی وجوانی هونەر ودراوسێیەتی نێوان هونەر وئایدیا وپیرۆزی زەمەن وجێگەی ڕابردوو وئێستا ودەرخستن وگێڕانەوەی ڕووداوەكان بەشێوازی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ..هتد.گوتارەكەش خۆی لەدامەزراندنی یەكەیەكی مەعریفی یەكگرتوودا دەبینێتەوە كەلەڕێگەیەوە تاكەكان زیاتر ئاشنا دەبن بەڕووداوەكان ودواتر بەردەوامیان دەبێت بەزیندوێتی.
4- تەوەری چالاكییە هزرییەكان.ئەمە زیاتر خۆی لەخولیا وحەز وئارەزوو وپەیوەندێتی وڕێكەوتنەكاندا دەبینێتەوە:
-خولیا وحەز وئارەزوو.خولیا وحەز وئارەزووەكانی هونەرمەند زاهیر سدیق لەپەیكەرەكەیدا خۆی لەوەدا بەرجەستە دەكات كەلەلایەكەوە ولەڕێگەی هونەرەكەیەوە بتوانێت ناخی خۆی بەرامبەر بەمەسەلە هەستیارەكانی زەمەنی ڕابردوو وئێستای نەتەوەكەی ئاسوودە بكات ولەدوورەوە نەڕوانێتە مەسەلەكان،بەڵكو دەیەوێت بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەشدار بێت لەدروستكردنی گوتارە سەرەكییەكە.لەلایەكی تریشەوە خوازیارە ووروژاندنێك لەبیركردنەوە لەبیرچووەكانی تاكەكان دەرهەق بەمەسەلەكان دروست بكات وتەنها خۆی دروستكەری بوژاندنەوەی ڕووداوی زەمەنەكان نەبێت.ئەمەش نیشانە وئاماژەیە بەكاری دەستەجەمعی دروستكردن ودامەزراندنەكە.ڕەنگە هەر ئەم جۆرە بیركردنەوەیە بوبێت كەپاڵی نابێت بەڕەخنەگر عبد الملك مرتاچ كەلەكتێبەكەیدا بەنێوی"نڤریە القرا‌وە"بڵێت "ئایزوتۆپیا بریتیە لەهونەری دابەشكردنە ئەڵقەییەكان".مەبەستیشی لەمە ئەوەیە كەیەكە گەورەكان،كەچەقێك(مركز) دروستی دەكات، لەڕێگەی یەكە بچووكەكانەوە،كەچەندین چەقێتی(تمركز) دروستی دەكات، بەشێوازێكی ئەندازەیی وپێوەری لەنێوان خۆیاندا دەسوڕێنەوە وشێوە هارمۆنیایەك دەخوڵقێنن وەك ئەوەی بەهەموویان خاوەن یەك میڵۆدی بن.
-پەیوەندێتی.هونەرمەند،لەڕێگەی ناوەڕۆكی پەیكەرەكە وبەهونەركردنی ئەم ناوەڕۆكە بەشێوازێكی ئەبستراكی لەهەوڵی گەیاندنی نامەكەیدایە بۆ تێكڕا یان زۆرینەی خەڵكی.بەئاڕاستەیەكی تر،لەهەوڵی ئەوەدایە سەرجەم ئامڕازە گرامەرییەكان لەنێو یەك بازنەی بیركردنەوەدا كۆبكاتەوە تا ئەم ئامڕازانە بەجیاوازی ئایدیا لەسەرو ئایدیاكانەوە بیربكنەوە وبەڵكو كار بكەن.ئەمەش لای هونەرمەند ڕەنگە ئەوە بگەیەنێت كەهونەر بەگشتی وهونەری پەیكەرتاشی بەتایبەتی خاوەن ئایدیا وڕێبازی خۆیەتی ونابێت خۆی ببەستێتەوە بەئایدیۆڵۆژیایەكی فیكری وسیاسی دیاریكراو.
- ڕێكەوتنەكان.هونەرمەند هۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵ شێوازی پەیكەرەكە وجێگەكەیدا كردووە.لەلایەكەوە بابەتێكی هەڵبژاردووە كەدژایەتی لەگەڵ هیچ كەسێكدا دروست نەكردووە وناشی كات ،ئەویش خۆشەویستییە.لەلایەكی تریشەوە جێگەیەكی هەڵبژاردووە كەهاوسەنگییەكی بابەتی دروست كردووە لەگەڵ دڕندەیی داگیركەر ودوژمندا لەزەمەنی ڕابردووی جێگەدا.لێرەشەوە كردارە قایلكارییەكان لەدایك دەبن ودواتر بینەر بەلای پەیكەر وبابەت وناوەڕۆكی زەمەن وجێگەدا ڕادەكێشێت.بەمانایەكی تر،هونەرمەند بەم شێوازە دەربڕینییە ئەبستراكییە دەیەوێت گێڕانەوەی ناوەڕۆكی ڕووداوەكەی لەكرداری لەناوچوون ڕزگار بكات ولەهەمان كاتدا نەوەی نوێش ئاشنا بكات بەگرنگی ئەو ڕووداوانە بەتایبەتی ئەوانەی كەكەوتونەتە نێو كەوانەی زەمەنی ڕابردووەوە كەپڕ بووە لەنەهامەتی وئێش وئازار وئەشكەنجە وكوشتن وتۆقاندن.
5- تەوەری كوورتكردنەوە گێڕانەوەییەكان. مەبەست لەمە بەفڕۆنەدانی زەمەنە بەتایبەتی لەكاتی گێڕانەوەی ڕووداوەكان.لەلایەكی تریشەوە بریتیە لەبڕینی ماوەكان بەزووترین كات.هونەری پەیكەرتاشی،سەركەوتوانە، دەتوانێت ئەم ڕۆڵە ببینێت.پەیكەرەكەی زاهیر سدیق، بەهۆی كاریگەرییە جێگەیی وناونیشانییەكەیەوە،گێڕانەوەی ڕووداوە ئازاراوییەكانی زەمەنی ڕابردووی لەو شێوە وفیگەرەی كەبۆی دانراوە كورت بكاتەوە و دواتر بینەر خۆی دەكەوێتە پرسیاركردن وكۆكردنەوەی زانیارییەكان وبەمەش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەشدار دەبێت لەناوەڕۆكی پەیكەرەكە وبەڵكو دەبێتە گێڕەوەری ڕووداوەكەش.
 





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved