26/11/2016 02:32 PM

ئاوێتەبوونی شاكارەكانی نەجیب مەحفوزو بەرهەمەكانی سینەمای میسری


ژینۆ عەبدوڵڵا*


 پەیوەندییەكی تایبەت و پتەو نەجیب مەحفوزی (1911_2006) ئەدیب و سینەمای میسری پێكەوە ئاوێَتەكردووە، ئەو كەسەی نەك تەنها سینەما پێشوازی لەڕۆمانەكانی كردووەو سودی لێوەرگرتووە، بەڵكو سیناریۆی بۆ چەندین فیلم نوسیووە كە بەرهەمی ساڵانی پەنجاو شەستەكانی سەدەی رابردوو بوو، لەم روانگەیەوە ژمارەیەك لەڕەخنەگرو ئەدیب وای دەبینن كە سینەما بەو مێژووە دێرینەیەوە، بەهیچ شێوەیەك مامەڵەی وای لەگەڵا هیچ ئەدیبێكدا نەكردووە وەك ئەوەی كە لەگەڵا شاكارو بەرهەمەكانی نەجیب مەحفوزیان كردووە كە سینارێوی بۆ (26)فلیم نووسیوەو (22)رۆمانی لەكۆی (30)بەرهەمی پێشكەش بەسینەما كردووەو بەمەبەش بۆتە ئەستێرەیەكی درەوشاوە لەمێژووی سینەمای میسریدا.
هەر بۆیە ڕەخەگری بواری سینەمای میسری مە حمود قاسم لێكۆڵینەوەیەكی وردی لەچوارچێوەی كتێبێكدا بەناوی(نەجیب مەحفوز لە نێوان ڕۆمان و فلیمدا)نووسیوەو بەوردی گرنگی وبایەخی ژانەری ڕۆمان و فلیمی ڕوونكردۆتەوە و ئاماژەی بەوەداوە هە ر بەخوێندنەوەی ڕۆمانەكانی نەجیب مەحفوزی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ(1988 ) واهەست ئەكەیت شریتێكی سینەمایی لە بەردەمدایەوە كاركتەرەكان لەبەردەمدایەوە و شێوازێكی ئەوەندە جوان نووسیویەتی دەرهێنەر هیلاك ناكات كاتێك شاكارەكانی دەكرێن بە فلم.

 لێرەدا دوو بۆچوونی جیاواز دێتە ئاراوە، هەندێك لەشارەزاو چاودێرو رەخنەگرانی بواری سینەما پێیان وایە نەجیب مەحفوزی ئەدیب سوودی لەسینەما وەرگرتووە بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانی و بەپێچەوانەشەوە بۆچوونێكی تر هەیە وای دەبینێت هونەری حەوتەم سودمەندبووە كە شاكارو بەرهەمە ناوازەكانی پێشكەش بەسینەما كردووە، بەهەرحاڵا بیرو بۆچوون و راكان هەرچۆنێك بێت، راستییەكی یەكلاییكەرەوە هەیە كە سینەمای نەجیب مەحفوز پڕە لەداهێنان و تایبەتمەندی، ئەمەش لەبەر سروشتی ئەو كێشانە نییە كە فیلمەكانی مەحفوز هەژاندویەتی و باسی كردووە بەتەنیا، بەڵكو لەبەرئەوەیە ئەو ئەدیبە ناسراوە پەیوەستەو هۆگرە بەسینەماو خۆشیدەوێت و باشترین بەڵگەش بۆ ئەو مەسەلەیە مەحفوز بەیەكێك لەو ئەدیبانە دادەنرێت زۆرترین مامەڵەی لەگەڵا هونەری حەوتەمدا كردووە نەك تەنیا لەمیسر، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانیش. لەسەرەتاداو لەكۆتایی ساڵانی چلەكاندا زۆربەی رەخنەگران و ئەوانەی كاریان لەسینەمادا دەكرد، بەدەست كەمی و نەبوونی تێكستی ئەدیبانەوە دەیانناڵاند كە بۆ سینەمای میسری دەنووسراو بەوە تاوانباردەكران كە سیناریۆكان وەرگیراون و هیچی گوزارشت ناكات لەكۆمەڵگەی میسری و نامۆبوون پێی. لەو سەردەمەدا دەرهێنەری ناسراو سەڵاح ئەبو سەیف كە دواتر نازناوی دەرهێنەری ریالزمی پێ‌بەخشرا، چەند هەنگاوێك چوو بووە پێشەوە لەجیهانی دەرهێنانداو دیدارەكەی لەگەڵا نەجیب مەحفوز كاریگەی زۆری كردە سەری و داوای لێكرد كە بۆ سینەما بنووسێت. مەحفوز لەو كاتەدا زۆر بیری لەوە نەكردبووەوە كە كارە ئەدەبییەكانی پێشكەش بەبەرهەمهێنانی فیلمی سینەما بكات، چونكە ئەو پێی وابوو شاكارو بەرهەمە ئەدەبییەكانی بەپلەی یەكەم بۆ خوێندنەوە كراوە. ساڵی (1947)نەجیب مەحفوز سیناریۆی فیلمی (المنتقم)ی بەهاوبەشی سەڵاح ئەبو سەیفی نووسی. ساڵی (1951)سیناریۆی فیلمی (لك یوم ياظالم)ی نووسی كە لەدەرهێنانی ئەبو سەیف بوو.

دوای دوو ساڵا ئەبو سەیف و مەحفوز بەرهەمێكی ناوازەیان پێشكەش بەسینەمای میسری كرد ئەویش فیلمی (ریا وسكینە) بوو، كە ژمارەیەكی دیار لەهونەرمەندە ناسراوەكان بەشدارییان تێیدا كرد. ساڵی (1954)دەرهێنەر (عاتف سالم)چاوی بە(مەحفوز) كەوت و داوای لێكرد سیناریۆی فیلمێكی بۆ بنووسێ لەسەر تاوان و ئەو كەسەی دەتوانێت خۆی لەتاوان لابدات و بەوەش فیلمی (جعلونی مجرما) هاتە بەرهەم. ساڵی (1955)مەحفوز سیناریۆی فیلمی (درب المهابیل)ی لەگەڵا دەرهێنەر (توفیق ساڵح)پێشكەشكردو دواتر سیناریۆی فیلمی (فتوات الحسینیە) وساڵی (1956) جارێكی تر لەگەڵا دەرهێنەر ئەبو سەیف و بەهاوكاری ئەدیب ئەمین یوسف غەراب بەناوبانگترین كلاسیكیاتی سینەمای میسریان پێشكەشكردو بەیەكێك لەباشترین (100)فیلمەكان دادەنرێن لەمێژووی سینەمای میسردا ئەویش فیلمی (شباب امراە) كە لەنواندنی تحیە كاریوكاو شكری سەرحان بوو.

ساڵی (1957)نەجیب مەحفوز سیناریۆی فیلمی (الفتوە)ی نووسی كە لەدەرهێنانی ئەبو سەیف و نواندنی فەرید شەوقی و تەحیە كاریوكا بوو. ساڵی (1957)بۆ (1960)بەباشترین قۆناغی مەحفوز دادەنرێت كە زۆرترین سیناریۆی فیلمی نووسی جا بەتەنیا خۆی بێت یا لەگەڵا ئەدیبەكانی تردا بێت لەوانە فیلمی (انا حرە) كە لەڕۆمانی ئیحسان عەبدلقدوس وەرگیرابوو ئەبو سەیف كاری دەرهێنانی بۆ كردبوو لەگەڵا فیلمی (جمیلەبو حرید) كە یوسف شاهین كاری دەرهێنانی بۆ كردبوو، فیلمی (احنا التلاميذة) ساڵی (1959) لەدەرهێنانی عاتف سالم بوو، كە فیلمەكە هەرایەكی زۆری نایەوەو باسی كێشەی خێزانی كردبوو كە چوار نموونەی هەڵبژاردبوو لەچین و توێژەكانی كۆمەڵا بۆ پەیوەندی نێوان باوك و كوڕەكانیان كێشە بەردەوامەكانیان. سەرەڕای ئەو سەركەوتنە دیارەی لەبواری نووسینی سیناریۆی فیلمدا بەدەستی هێنا، مەحفوز بۆ ماوەی پێنج ساڵی یەك لەدوای یەك لەكاری نووسینی سیناریۆ وەستا ئەویش بەهۆی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی چاودێری پۆلێنكردنی هونەریی لەمیسر.

 دەربارەی مەحفوز ڕەخنەگری بواری سینەماو نووسەری كتێب، مە حمود قاسم دەڵێت: شتێك كە سەرنجی بدەیت لەسیناربۆكانی نەجیب مەحفوز كە پێشكەشی سینەمای كردووە پشتی زۆر بەو كەسایەتیانە بەستووە كە لەناوجەرگەو واقیعی ژینگەی میسرین، ئەو رەخنەگرە درێژە بەباسەكەی دەدات و ئاماژە بەوە دەكات مەحفوز بەهیچ شێوەك سازشی نەكردووە لەسیناریۆكانیدا لەدیدو هەستی واقعی میسری هەروەك چۆن لەڕۆمانەكانیدا بەرجەستەی كردووە، بەردەوام پشتی بەپاڵەوانی میللی بەستووەو هەوڵیداوە پەنجە بخاتە سەر كەموكورتییەكان و لایەنە سلبیاتەكانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و وا مامەڵەی لەگەڵا بابەتەكان كردووە كە چۆن برینێك بەنەخۆشێكەوەیەو هەوڵی لەڕەگوڕیشە دەرهێنانی دەدەیت و لەبەرئەوەش بەڕەخنەگری كۆمەڵایەتی دادەنرێت لەجیهانی سینەماداو ئەمەش سەرنجی دەرهێنەرەكانی بەلای خۆیدا راكێشاوە.
 فیلمی (بدایەو نهایە) كە لەدەرهێنانی سەڵاح ئەبو سەیفە ساڵی (1960)دا باس لەجیاوازی چینایەتی دەكات لەكۆمەڵگەی میسرداو باس لەخێزانێك دەكات لەچینی مامناوەندن باوكیان دەمرێت و ژیانیان دەگۆڕێت و خێزانەكە لەچوار كەس پێكهاتووە هەوڵدەدەن بگەڕێنەوە بەهەر هۆكارێك بێت بۆ ژیانی رابردوویان. كوڕە گەورەكەیان كاری فرۆشتنی مادە هۆشبەرەكان دەكات و كوڕێكی تریان واز لەخوێندنی باڵا دەهێنێت و سێهەمیان دەچێتە كۆلیژی جەنگ و خوشكەكەشیان بەناچاری كاری لەشفرۆشی دەكات بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان و خەرجكردنی مەسروفاتی براكانی و دواتر لەكۆتاییدا ئەنجامێكی تراژیدیی دەبێت كە خوشكەكەیان بەفەرمانی برا ئەفسەرەكەی خۆی دەكوژێت ئەویش دوای ئەوەی لەپۆلیسی ئاداب دەستگیر دەكرێت. دوای ئەوەی گەورە دەرهێنەرەكانی بواری سینەما سودیان لەڕۆمان و سیناریۆكانی مەحفوز دەرهێنەر كەمال شێخ فلمی (اللص والكلاب)ی بەرهەمهێنا كە لەنواندنی شادیەو شوكری سەرحان و كەمال شناوی بوو كە بەیەكێك لەشاكارە ناوازەكانی سینەمای میسری دادەنرێت و دواتر ئەبو سەیف فیلمی (القاهرە 30)ی بەرهەمهێناوە كە لەڕۆمانێكی مەحفوز (القاهرە جدیدە)وە وەرگیراوە كە بەیەكێك لەبەرهەمە ریالزمەكانی مەحفوز دادەنرێت.
 هەر لەو سەردەمەدا هەریەكە لەڕۆمانەكانی (خان الخلیلی و میرامارو زقاق المدق) كرانە فیلم. دەرهێنەر حەسەن ئیمام توانی سێ بەرهەمە ناسراوو ناوازەكەی (بین القصرین) و (السكریە و قصر الشوق) كە وەك رۆمان لەساڵی (1954) بڵاوبوونەوەو بەیەكێك لەبەرهەمە گرنگەكانی ئەو رۆماننووسە ناودارە دادەنرێت بكاتە فیلمی سینەمایی. نووسەر لە زاری رەخنەگر حەسەن شاە دەربارەی ئەو سێ‌ بەرهەمە دەڵێت:
ئەوە تەنها سەركەوتن و نیشانەیەك نییە لەمێژووی سینەمای میسری بەتەنها، بەڵكو سەركەوتن و نیشانەیە بۆ مێژووی دەرهێنەر حەسەن ئیمانیش، چونكە مامەڵەیەكی زۆر بەهەست و وریایی و بەدیدێكی واقعیشەوە كاری لەڕۆمانەكاندا كردووەو باسی ئەو گۆڕانكارییانە كۆمەڵایەتی و سیاسییانە دەكات لەمیسر لەقۆناغێك لەقۆناغەكاندا. ساڵی (1963)جارێكی تر نەجیب مەحفوز دەستیكردەوە بەنووسینی سیناریۆو هەریەكە لەیوسف ئەلسباعی و عەبدولڕەحمان ئەلشەرقاوی دەرهێنەر عزەدین زولفقار هاوكاریانكرد لەنووسینی سیناریۆی فیلمی (الناصر، صلاح الدین الایوبی). دواتر بەشداریكرد لەنووسینی حەوت فیلمدا كرد لەناسراوترینیان (بئر الحرمان و امبراتوریە) كە هەردووكیان لەڕۆمانی ئەدیب ئیحسان عەبدولقدوس وەرگیرابوون. ساڵی (1957) نەجیب مەحفوز یەكێك لەو بەرهەمانەی پێشكەشی بەسینەمای میسری كرد كە زۆرترین گفتوگۆو وتوێژی لێكەوتەوەو سینەمای میسری هەژاند كە باسی قۆناغێكی مێژوویی دەكرد لەسەردەمی سەرۆك جەمال عەبدوالناسردا بۆ سنوورداركردنی ئازادییەكان و پیادەكردنی دیكتاتۆری و دەمكوتكردن و بووە هۆی قەدەغەكردنی لەتەلەفزێونی میسری بۆ ماوەی (25)ساڵا، فیلمەكەش بەناوی (الكرنك)ەوە بوو كە لەنواندنی سعاد حوسنی و نوری شەریف و كەمال الشناوی و دەرهێنانی عەلی بەدرخان بوو.
 كارەكانی مەحفوز تەنها لەناوخۆی میسردا مامەڵەیان لەگەڵا نەدەكرا، بەڵكو لەدوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵا لەساڵی (1988)،  كارەكانی بەرەو جیهانیبوون هەنگاوی نا، فیلمی سینەمای مەكسیكی (حارە المعجزات) لەڕۆمانی (زقاق المدق) وەرگیرابوو، هەروەك سینەمای ئازر بایجان فلیمی (اعترف)یان لەڕۆمانی (اللص و الكلاب) وەرگرتبووە.
 











زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved