ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه هاووڵاتیانی باشووری كوردستان له دۆخێكی ناجێگیرو نائارام و كێشه‌ی جۆربه‌جۆردا ژیان ده‌گوزه‌رێنن، هه‌روه‌ها به كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی جیاوازی یه‌ك له‌دوای یه‌كدا تێده‌په‌ڕن، دیارترین ئه‌و قه‌یرانانه‌ی له ئێستادا كاریگه‌ری و ئاسه‌واری جۆراوجۆری به‌جێهێشتووه‌و ده‌رئه‌نجام چه‌ندین قه‌یرانی جیاوازی تری به‌خۆیه‌وه راكێش كردووه، بریتییه له قه‌یرانی (كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی، ئابوری، زانستی، یاسایی و په‌روه‌رده‌یی..هتد). هۆكاره‌كانی ئه‌و دۆخه فره‌لایه‌نه‌و زیاتر گرێدراوی ته‌نگه‌شه سیاسییه‌كانه، له‌وانه، جه‌نگی تیرۆرستان و داعش له‌ناو عیراق و كوردستان و له‌ئاست جیهاندا، ناته‌بایی و ململانێی حزبه سیاسییه‌كان، نه‌بوونی پلانی تۆكمه‌ی ئابوری، پێواری په‌رله‌مانی كوردستان و ناسه‌روه‌ری یاسا، سه‌ره‌ڕای به‌رژه‌وه‌ندی و پلانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان....هتد. بوونی ئه‌م دۆخه ئه‌گه‌رچی به‌گشتی كاریگه‌ری به‌سه‌ر چه‌قبه‌ستوویی سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیان و مرۆڤه‌وه هه‌یه له‌ڕووی گه‌شه‌كردن، پێشكه‌وتن، بونیادنانه‌وه، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ و په‌ره‌پێدانی مرۆییه‌وه، هه‌روه‌ها بۆته خوڵقاندنی چه‌ندین گرفتی هه‌مه‌ڕه‌نگ، له‌وانه زیادبوونی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك (دزین، به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌رو خواردنه‌وه‌كان، كۆچكردن، كه‌می كار، بێكاری، كه‌مبونه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری، شه‌رو نائارامی، زیادبوونی ناكۆكییه‌كان و له‌ده‌ستدانی به‌ها مرۆییه‌كان)، به‌ڵام پشكی زۆری به‌ر ژنان كه‌وتووه. له‌ده‌ستدان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار، زیادبوونی فشاره ده‌رونییه‌كان، ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك كێشه‌ی خێزانی، جیابونه‌وه، ته‌ڵاق، كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك (له‌شفرۆشی، ده‌ستدرێژی، بازرگانیكردن، زیادبوونی جۆره‌كانی توندوتیژی، سه‌ربه‌خۆنه‌بوونی دارایی و پشتبه‌ستن به كه‌سانی تر، زوو به‌شوودان و ناپاكی هاوسه‌رگیری)، گه‌ڕانه‌وه‌ی ژنان بۆ سووچی ماڵه‌كان و سه‌ره‌ڕای ده‌رنه‌چوون و هه‌موارنه‌كردنه‌وه‌ی یاسای نوێی تایبه‌ت به ژنان هه‌موویان پێكه‌وه ده‌رهاویشته‌ی ئاسه‌واره‌كان ده‌رده‌خات به‌سه ژنانه‌وه. چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه له كوردستاندا گرێدراوی كۆمه‌ڵێ لایه‌نی جۆربه‌جۆره، سه‌ره‌كیترینیان په‌یوه‌سته به جێگیری و سه‌قامگیری ئه‌من و ئاسایش له‌ڕووی سه‌ربازیی و مه‌ده‌نییه‌وه له كوردستاندا كه ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیداره به زۆر لایه‌نی تره‌وه كه گرنگترینیان بریتییه له یه‌كڕیزی و یه‌كخستنی تواناكانی هێزو پارته سیاسییه‌كان له كوردستاندا له‌ڕێی یه‌كترقبوڵكردن، دیالۆك، گفتوگۆی راسته‌قینه‌و گوێگرتن له یه‌كتری، وه‌لانانی ناكۆكی و جیاوازییه‌كانیان و كۆكبوون له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌كان به ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان، نه‌ك كه‌سێتییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی تاكلایه‌نه‌ی حزبی و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤی جیاواز بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخی قه‌یرانی ئابوری. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی به دیوێكی تردا ژنانی نێوه‌ندی سه‌رجه‌م حزبه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی نێوه‌ندی بڕیارسازی له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی دیكه فشاری ڕێكخراوه‌كانی ژنان و خودی په‌رله‌مانتارانی كوردستان به شێوازی جیاواز ده‌توانن رۆڵ و كاریگه‌ری و فشاریان هه‌بێت له گۆڕینی ره‌وتی ئاڕاسته‌كان رووه‌و باشتر بۆ ده‌رچوون له‌و دۆخه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كاركردن بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری كوردستان و سوودوه‌رگرتن له سروشت و ژینگه‌و به‌رهه‌مه‌كانی كوردستان له‌ڕووی كشتوكاڵی، پیشه‌سازی و كانزایی....هتد وه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهاتی سه‌ربه‌خۆ گرنگێتی و كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت كه به‌داخه‌وه تائێستا كارنه‌كراوه تا به‌پێی پێویست سوودی لێوه‌ربگیرێت. بێگومان هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه هۆشیاری تاك یان هاووڵاتیانی پێویسته چ بۆ فشار خستنه سه‌ر لایه‌نه‌كان و چ بۆ پشوودرێژی و هه‌نگاوی جدی و عه‌قلانی تا هه‌مووان پێكه‌وه بتوانی ئه‌م دۆخه تێپه‌ڕێنین بۆ هێنانه‌دی كۆمه‌ڵێكی شارستانی كه به‌ها مرۆییه‌كان و كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كانی تێدا پارێزراو بێت، به‌دوور له توندوتیژی و توندڕه‌وی. نووسینی/ كنێر عه‌بدوڵڵا [email protected]
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure