رێكه‌وتی 14-2ی هه‌موو ساڵێك به رۆژی خۆشه‌ویستی ناسراوه، به جۆرێك كه جیهان به ره‌نگی سوور رووپۆش ده‌كرێت، ئه‌و رۆژه ده‌بێته رۆژی نوێبوونه‌وه‌ی عه‌شق و ژیان. خۆشه‌ویستی سنوور‌و ره‌نگ و دینه جیاوازه‌كان ده‌به‌زێنێت و له دڵی عاشق و مه‌عشوقدا خۆی ده‌بینێته‌وه. میللـه‌تی كوردیش خاوه‌نی ده‌یان چیرۆك و داستانی خۆشه‌ویستییه، بێبه‌ش نییه له رۆژی خۆشه‌ویستی، وه‌كو نه‌ریتی كۆنی كوردیش له هه‌ندێك ناوچه‌و شوێندا له‌و رۆژه‌دا عاشقان سێوی مێخه‌كڕێژ ده‌كه‌نه دیاری بۆ یه‌كتری، كه ئه‌و سێوه وه‌كو ده‌ڵێن بۆ ماوه‌ی 100 ساڵ ته‌مه‌نی ده‌بێت وه‌كو هێمایه‌ك بۆ مانه‌وه‌ی خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان. هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران و شاعیرانی كوردیش سه‌ره‌ڕای ئاواز‌و دێڕه عاشقانه‌كانیان، له‌م رۆژه‌دا چه‌ندین په‌یڤی عاشقانه پێشكه‌ش به هه‌وادارانیان ده‌كه‌ن.. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا (سایتی خاك) له‌م راپۆرته‌یدا كه تایبه‌ته به رۆژی ڤالانتاین خامه‌ی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان كۆده‌كاته‌وه‌و وته‌و په‌یڤه عاشقانه‌كانیان بڵاوده‌كاته‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ند شیعرێك بڵاوده‌كاته‌وه كه بۆ یه‌كه‌مجاره له رێگه‌ی سایتی خاكه‌وه بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه. خۆشه‌ویستی ته‌نها بۆ ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر نیه له‌باره‌ی خۆشه‌ویستییه‌وه، هونه‌رمه‌ندی په‌یكه‌رتاش زاهیر سدیق كه ئازادی و خۆشه‌ویستی تێهه‌ڵكێشی یه‌كدی كردووه‌و له جێژوانی عاشقانی سلێمانیدا په‌یكه‌رێكی بۆ خۆشه‌ویستی نه‌خشاندووه، به مانایه‌كی فراوان پێناسه‌ی خۆشه‌ویستی ده‌كات و بۆ سایتی خاك وتی: خۆشه‌ویستی ته‌نها ناگه‌ڕێته‌وه بۆ دوو كه‌س له هه‌ردوو ره‌گه‌ز، به‌ڵكو خۆشه‌ویستی به مانا راسته‌قینه‌كه‌ی مه‌ودایه‌كی فراوانتر له‌خۆده‌گرێت. وه‌كو خاك، دایك، نیشتمان... سیمبولێك بۆ خۆشه‌ویستی ئه‌و هونه‌رمه‌نده باس له بیرۆكه‌ی په‌یكه‌ری خۆشه‌ویستی ده‌كات و ده‌ڵێت: ساڵانێك پێش ئێستا بیرم كرده‌وه سیمبولێك بۆ ئه‌و رۆژه بكه‌ين، ئه‌ویش په‌یكه‌ری خۆشه‌ویستی بوو كه دروستم كرد، جگه‌له‌وه‌ی مه‌به‌ستیشم بوو ئه‌و په‌یكه‌ره له شوێنێك دابنێم گونجاو بێت و شایه‌نی گه‌وره‌یی خۆشه‌ویستی بێت. هه‌ربۆیه له پاركی ئازادی شاری سلێمانی دامنا، به‌وپێیه‌ی ئه‌و پاركه ناسنامه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، له‌و رێگه‌یه‌وه وشه‌ی ئازادی و خۆشه‌ویستیم تێهه‌ڵكێشی یه‌كتر كرد.. كه به‌داخه‌وه سه‌ره‌تا به‌هۆی رووداوێكی نادیاره‌وه سوتێنرا، به‌ڵام بۆ جارێكی تر‌و له مادده‌ی پلێت له‌هه‌مان شوێن دروستم كرده‌وه. سوپاسی داده هێرۆش ده‌كه‌م كه هاوكاری ته‌واوی كردم بۆ دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یكه‌ره كه ئێستا وه‌كو سیمبولی خۆشه‌ویستی داده‌نرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه مه‌به‌ستم نیه ته‌نها سیمبولی خۆشه‌ویستی بێت بۆ شاری سلێمانی، به‌ڵكو سیمبولی خۆشه‌ویستی بێت بۆ هه‌موو كوردستان. خۆشحاڵیشم كه توانیومه بۆ یه‌كه‌مجار سیمبولی خۆشه‌ویستی دروستبكه‌م. هه‌موو ساڵێكیش له‌و رۆژه‌دا ئه‌و سیمبوله پێشكه‌ش به عاشقانی كورد ده‌كه‌مه‌وه، به‌وهیوایه‌ی هه‌میشه بیروبۆچوونی خۆشه‌ویستی زاڵ‌بێت به‌سه‌ر دیدی شه‌ڕانگێزی و ئایدیای تاریكپه‌رستان. خۆشه‌ویستی پێویسته له ژیانی هه‌موو مرۆڤێكدا هه‌بێت هه‌ر سه‌باره‌ت به رۆژی خۆشه‌ویستی، ژنه نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس تابان گه‌رمیانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیه خۆشه‌ویستی رۆژێكی بۆ دیاری بكرێت و پێیوایه گرنگه هه‌موو چركه‌كانی ته‌مه‌ن خۆشه‌ویستی بێت. هه‌روه‌ك له لێدوانێكدا بۆ سایتی خاك ده‌ڵێت: من بۆ خۆم له‌گه‌ڵ دیاریكردنی رۆژێك نیم بۆ خۆشه‌یستی، چونكه خۆشه‌ویستی وه‌ك ژه‌مه‌كانی خواردن پێویسته له ژیانی هه‌موو مرۆڤێكدا هه‌بێت، گرنگه هه‌موو چركه‌كانی ته‌مه‌نمان خۆشه‌ویستی بێت، به كردار‌و گوتار بۆ ده‌وروبه‌رمان بیسه‌لمێنین. چه‌ند شتێك كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی ئه‌و نووسه‌ره وتیشی: دیاره تێڕوانینمان بۆ خۆشه‌ویستی جۆری ئه‌و ژینگه دیاری ده‌كات كه چۆن مرۆڤه‌كان تێیدا په‌روه‌رده ده‌بن، وه‌كو ئاین، یاسا، په‌روه‌رده، سروشت، خێزان، كه هه‌موو ئه‌مانه كاریگه‌ریان هه‌یه له‌سه‌ر جۆری خۆشه‌ویستی. خۆشه‌ویستی سه‌ره‌تای هه‌یه، به‌ڵام كۆتایی نیه له كۆتاییشدا روونیكرده‌وه كه خۆشه‌ویستی ته‌نها بۆ ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر نیه، به‌ڵكو بۆ (نیشتمان، سروشت، منداڵ، دایك، باوك، هاوسه‌ر و هتده..، به‌ڵام له گۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی و كۆمه‌ڵگای كوردی كورتكراوه‌ته‌وه له نێوان دوو ره‌گه‌زدا. به‌ڵام له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه خۆشه‌ویستی كاتێك مانا ده‌به‌خشێت به وشه‌ی خۆشه‌ویستی، كه لێوان‌لێو بێت له قوربانی و لێبورده‌یی له پێناوی به‌ده‌ستهێنانیدا، به‌وپێیه‌ی خۆشه‌ویستی هه‌ستێكه سه‌ره‌تای هه‌یه، به‌ڵام كۆتایی نیه‌و ده‌بێت به‌رده‌وام بێت و ببه‌خشرێت. هه‌ندێك ئه‌و رۆژه یاد ده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌ندێكیش ره‌تیده‌كه‌نه‌وه هه‌ر له‌باره‌ی رۆژی خۆشه‌ویستییه‌وه، كنێر عه‌بدوڵڵا سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ته‌وار كۆمه‌ڵگا ده‌كات به دوو شێوه، به‌شێوه‌یه‌ك كه به‌شێكیان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌و به‌شێكیشیان یادی ده‌كه‌نه‌وه‌و بۆ سایتی خاك ده‌ڵێت: رۆژی خۆشه‌ویستی ئه‌گه‌رچی جه‌ژنێكی رۆژئاواییه‌و هێمایه‌كه له سه‌رتاسه‌ری جیهانداو به شێوازی جۆربه‌جۆر یادی ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام له كوردستاندا ئه‌م بۆنه‌یه لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كرێت. هه‌روه‌ك هه‌ندێك یادی ده‌كه‌نه‌وه‌و ئاڵوگۆڕی دیاری و هه‌ستی سۆزداری ده‌كه‌ن، هه‌ندێكی تریش باوه‌ڕیان وایه ئه‌و بۆنه‌یه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به كه‌لتووری كوردستانه‌وه نییه‌و یادكردنه‌وه‌ی گرنگ نییه، ئیدی به‌شێكی هۆكاره‌كانی ده‌به‌ستنه‌وه به‌وه‌ی ئه‌و بۆنه‌یه په‌یوه‌ندیدارو هه‌ڵقوڵاوی كۆمه‌ڵی رۆژئاوایه، هه‌ندێكیشیان پێیانوایه گرێدراوی ئاینی مه‌سیحه‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به كۆمه‌ڵی كوردییه‌وه نییه. له كوردستاندا زۆربه‌ی بۆنه‌كان تا‌یبه‌تمه‌ند نین به كۆمه‌ڵی كوردییه‌وه ئه‌و سه‌رنووسه‌ره وتیشی: له كوردستاندا زۆربه‌ی بۆنه‌كان تا‌یبه‌تمه‌ند نین به كۆمه‌ڵی كوردییه‌وه، بۆ نموونه سه‌دان چیرۆكی كاریگه‌ری خۆش و ناخۆشی جۆربه‌جۆری خۆشه‌ویستیمان هه‌یه، به‌ڵام نه‌مانتوانیوه كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه یه‌كێك له‌و چیرۆكانه ببێته هێمایه‌ك و یادبكرێته‌وه وه‌ك زۆرێك له بواره‌كانی تر. خۆشه‌ویستی كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون و كۆتاییهاتنی ژیان هه‌یه گۆرانیبێژی لاوی كورد هه‌ڵوێست هه‌روه‌ك چۆن له گۆرانییه‌كانیدا ئاوازی خۆشه‌ویستی ده‌چڕێت و گوێی گه‌نجان پڕ له عه‌شق ده‌كات، به‌وجۆره‌ش پێیوایه خۆشه‌ویستی سه‌ره‌تاو كۆتایی ژیانه، هه‌ربۆیه له رۆژی ڤالانتایندا له رێگه‌ی سایتی خاك-ـه‌وه پیرۆزبایی له عاشقان ده‌كات و ده‌ڵێت: به بڕوای من خۆشه‌ویستی یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه ده‌توانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون و كۆتاییهاتنی ژیان هه‌بێت هه‌روه‌كو (هه‌وا، ئاو، ئاگر، خاك..) كه به نه‌بوونیان ژیان ده‌وه‌ستێت. هه‌ربۆیه به‌رده‌وامی ژیان په‌یوه‌سته به به‌رده‌وامی خۆشه‌ویستییه‌وه. خۆشه‌ویستی میوانێكی چاوه‌ڕواننه‌كراوه لای خۆشه‌وه فۆتۆگرافه‌ری كورد هاوبه‌ش نوری بۆ رۆژی خۆشه‌ویستی جیاواز ده‌دوێت و به‌ته‌نها باس له خۆشه‌ویستی ناكات، به‌ڵكو عه‌شق و مه‌رگ پێكه‌وه گرێده‌دات و بۆ سایتی خاك ده‌ڵێت: مردن و خۆشه‌ویستی دوو میوانی چاوه‌ڕواننه‌كراون، كاتێك دێن یه‌كێكیان دڵمان ده‌بات و ئه‌وی تریان ترپه‌ی دڵمان ده‌بات. گه‌ر بمتوانیایه.. یه‌كه‌مجاره ئه‌م شیعره‌ی ئیسماعیل محه‌مه‌د بڵاوده‌كرێته‌وه بۆ رۆژی خۆشه‌ویستی شاعیر (ئیسماعیل محه‌مه‌د) ئه‌وین و سۆزی خۆی له چه‌ند دێڕێكدا ده‌رده‌بڕێت و بۆ یه‌كه‌مجار له رێگه‌ی سایتی خاكه‌وه شیعرێكی بڵاوده‌كاته‌وه له‌ژێر ناوی (گه‌ر بمتوانیایه)، كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه شیعره‌كه‌یه‌تی: به‌هۆی تۆوه‌یه چی به‌سه‌رمایه له‌ده‌ستم چووه ماڵ و سه‌رمایه هێشتا عه‌شقی تۆ هه‌ر له سه‌رمایه وێنه‌ت له دڵی پڕ كه‌سه‌رمایه مه‌یلت وه‌ك وه‌رزی به‌هاران وایه تاوێ گه‌رمایه، تاوێ سه‌رمایه زۆر كه‌ڕه‌ت بیری وا به‌سه‌رمایه كه تۆ له بیركه‌م گه‌ر بمتوانیایه پۆرترێت.. یه‌كه‌مجاره ئه‌م شیعری باست حه‌مه غریب بڵاوده‌كرێته‌وه شاعیر‌و نووسه‌ر باست حه‌مه غه‌ریب هه‌ستی خۆی له چه‌ند دێڕێكدا ده‌رده‌بڕێت و له رێگه‌ی سایتی خاك-ـه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار بڵاوی ده‌كاته‌وه له‌ژێر ناوی (پۆرترێت)، كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه شیعره‌كه‌یه‌تی: ئه‌ڵێی به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆم ڕووخسارتم ورد ورد كێشاوه وه‌ستایانه، فڵچه له فڵچه‌ی نه‌داوه هه‌ر ڕه‌نگێك له شوێنی خۆیدا هه‌ر گۆشه‌یه‌ك و هه‌ر چاڵیك سێبه‌رێكی ته‌نكی گۆنا هه‌ڵكه‌وته‌ی سیحریی هه‌ر خاڵێك خه‌تی كه‌مێك تاریكی لێو زه‌رده‌خه‌نه، وه‌ك شه‌كره سێ‌و برژانگ، تارتر له به‌ختی خۆم بریقه‌ی ڕوومه‌ت چه‌شنی مۆم برۆ وه‌ك په‌لكه زێڕینه، به‌س ڕه‌شێك تۆخ زوڵفێك تاڵ تاڵ، نه‌رم نه‌رم تریفه‌ی نیگایه‌كی شۆخ تێكه‌ڵاوی كه‌مێك شه‌رم چه‌شنی وێنه‌كه‌ی خه‌یاڵم، هه‌موو شتێكت نیانه وه‌ك خانمی ڤاڵانتاینیش ئه‌و گوڵه سووره‌ت لێ جوانه!
چاوه‌ڕوانی خۆری چاوتم.. شیعری شاعیر ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د شاعیری شیعری لیریك ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د بۆ خۆشه‌ویستی پارچه شیعرێكی هه‌یه كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: من به‌کاتی چرۆو گه‌ڵا؛ چاوه‌ڕوانی خۆری چاوتم شنه‌ی نه‌رمی نسارانم ، هێشتا وێڵی زوڵفی خاوتم بیره‌وه‌ریت وه‌ک بروسکه هه‌وری یادم ئه‌سوتێنێ هاتنه‌وه‌ی تۆ به‌هارێکه‌و ره‌نگی تازه ئه‌خوڵقێنێ ڤالانتاین دێ.. شیعری په‌یكار عوسمان بۆ ڤالانتان نووسه‌رو شاعیر په‌یكار عوسمان له تێكستێكیدا بۆ ڤالانتان، جه‌نگ و خۆشه‌ویستی ئاوێته‌ی یه‌كتری ده‌كات، كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه شیعره‌كه‌یه‌تی: كێشه‌ی جه‌نگ ئه‌وه‌یه ڤالانتاین دێ و سنگی كچان چۆڵوهۆڵ گوڵه‌كان هه‌موو دران له سنگی شه‌هید ڤالانتاین دێ و قه‌دی كچان ڕووتوقووت شیعره‌كان هه‌مووی كرانه به‌ری پێشمه‌رگه ڤالانتاین دێ و لێوی كچان پڕ خاڵین له‌و ماچه سورانه‌ی قه‌ده‌ر له ژووانی گرتنه‌وه بۆ سه‌نگه‌ر ڤالانتاین دێ و دڵی كچان پڕ پڕن له قه‌هری ئه‌و كورانه‌ی دڵیان گۆڕی و دایان به نیشتمان كێشه‌ی جه‌نگ ئه‌وه‌یه ڤالانتاین دێ و من له كه‌ڵبه‌ستان! له تاو لووره‌ی گورگ و قرقێنه‌ی مه‌رگ و بریسكه‌ی سمێڵی چه‌قۆ، شه‌رم ئه‌كه‌م به یار بڵێم خۆشئه‌وێ ی، دڵم هێشتا پڕه له تۆ
خاك – ئاماده‌كردنی/ كاشان و ژیمان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure