وهرگێرانی كتێبی «فیتنه» له نووسینی كهنعان مهكیه كه رۆمانێكی نووسهری ناوبراو و پهراوێزێكی خۆشێتی لهسهر ههمان رۆمان، كهوته كتێبخانهی كوردییهوه. رۆمانی ناوبراو لهسهر شكستی پرۆژهی زۆرینهی شیعهو «عیراقییه تازهكان»ه له حوكمی وڵاتی دوای سهددام. رۆمانهكهو پهراوێزهكه له كوردیدا بوونهته دوو كتێبو ههڵكهوت عهبدوڵڵا نووسهرو وهرگێر وهری گێراون. كهنعان مهكیه كه عهرابی فیكری پرۆسهی رزگاری عیراق بوو لهسهر دهستی ئهمهریكاو هاوپهیمانهكانی، لهم رۆمانهدا جۆرێك له پهشیمانی نیشان دهدات كه نووسینی فیكری ناتوانێت گوزارشتی لێ بكات. ههر خۆشی پێشهكی بۆ وهرگێرانه كوردییهكه نووسیووه. پێشهكی مهكییه بۆ وهگێرانه كوردییهكه باسی پهیوهندی خۆیو كوردیش دهكات له وهختێكدا رۆمانهكه فهزای باشووری عیراقی بهسهردا زاڵه. جا ههر بۆ ناسینی كتێبهكهش وا پێشهكی مهكییه بۆ چاپه كوردییهكه بڵاو دهكهینهوه. كتێبی فیتنه له بڵاوكراوهكانی ناوەندی توێژینەوەی ئەدەبیی عەبدولڕەحمان زەبیحی سەر بە دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان چاپی یەکەم ساڵی (٢٠١٧)ە. پێشەکی نووسەر بۆ وەرگێڕانە کوردییەکە زۆر بەختەوەرم بەوەی کتێبەکەم: فیتنە، بە زمانی کوردی کەوتۆتە بەردەستی خوێنەری کورد. لە ساڵی ١٩٩١وە پەیوەندییەکی تایبەتیم لەگەڵ میللەتی کورد هەیە، لەوانەیە لەبەرئەوە بێت ئەو ساڵە وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی عیراقی نوێدا. هەر عیراقییەک ئەو ساڵەی بەسەربردبێ، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، چیرۆکێکی هەیە کە لەیادناکرێت. لەسەر ئاستی کەسێتی، ئەو ساڵە بەلای منەوە خاڵی هەنگاوهەڵهێنانی کۆمەڵیک بیرۆکە و ئەزموونی نوێ بوو، کە پاش دەرکەوتنی کتوپڕم بە دەمامکی ناوی خوازراو و یەکەمین گەڕانەوەم بۆ عیراق، لە ڕێگەی کوردستانەوە، دوای جێهێشتنی عیراق لە هاوینی ساڵی ١٩٦٨دا، کەوتبوونە گەڕ. بەو عیراقە سەرسامبووم کە دواجار توانیم لەو ساڵەدا بۆی بگەڕێمەوە، یان ڕاستتر توشی ڕاچڵەکین بووم کاتێک بەراوردم کرد بە عیراقی ساڵانی پەنجا و شەستەکان. ئاسەواری ئەو ڕاچڵەکینە بە هەموو ئەو کارانەوە دیاربوو کە دواتر ئەنجامم دان. بە ئوتومبیل لە ڕێگەی تورکیاوە بەبێ فیزە هاتمە ناو دهۆک، چونکە ئەوساکە دەسەڵاتی عیراق لەو ناوچەیە هەرەسی هێنابوو. هێزێکی چەکداریی کوردی ڕادەستی هێزێکی تری کردم. ئەو کاتە بەدوای گەنجێکدا دەگەڕام، کە تەمەنی چواردە ساڵ بوو و ناوی تەیمور بوو، وەک لە لەندەن پێم ڕاگەیەنرابوو، بەشێوازێکی سەرسوڕهێنەر لە شتێک ڕزگاری بووبوو، کە لە ڕادیۆی بەغدا لە هەشتاکاندا بە «ئۆپەراسیۆنە پاڵەوانبازییەکانی ئەنفال» هێمای بۆ دەکرا. ئەوساکە هیچ کەسێک، تەنانەت خودی کوردەکان، بە تەواوەتی نەیدەزانی ئەو ئۆپەراسێۆنانە مانایان چییە: ئایا بەردەوامیی شەڕ بوو لەگەڵ ئێران لەسەر خاکی عیراق (چونکە هاوکات بوو لەگەڵ جەنگەکەدا)؟ یان هەڵمەتێکی پاکتاوکردنی جیاواز بوو جەنگەکەی کردبووە بیانوو؟ ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەسەر چ بنەمایەکی ئایدیۆلۆژی یان یاسایی بوون؟ ئایا هەڵمەتی پاکتاوکردنی کورد بوو وەک نەتەوە، یان هەڵمەتی لەناوبردنی ئەو ناوچانە بوو کە پێیان دەوترا «ناوچە قەدەغەکراوەکان لە ڕووی ئاسایشەوە»، وەک بەڵگەنامە ڕەسمییەکانی هەواڵگریی سەربازی هێمای بۆ دەکەن؟ کەواتە سەنگی مەحەک، بوون یان نەبوون بوو لەو ناوچە قەدەغەکراوانەدا و هەندێک گوندی ئاشوریش وەک هەزاران گوندی کوردی لەناوبران. لە کتێبی «دڵڕەقی و بێدەنگی»دا گەیشتمە ئەم سەرەنجامە، پاش کۆڵینەوە لە هەندێک بەڵگەنامە کە لە ڕاپەڕینەکەدا کەتبوونە دەست حیزبە کوردییەکان و لە ساڵی ١٩٩٣دا بۆ یەکەمین جار بڵاوکرایەوە (سەرەنجامەکە، ئەگەر ڕاست بێت، مانای ئەوەیە ئێمە پێویستیمان بە چەندین لێکۆڵینەوەی تر هەیە بۆ تێگەیشتنی قوڵتر لەو ئازارەی ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانە بەر میللەتی کورد کەوتن). گەشتەکەم بە بەرهەمهێنانی فیلمێکی دۆکیومێنتاری کۆتاییهات، کە مانگی کانوونی دووەمی ١٩٩٣ لە کەناڵی تەلەفزیۆنیی بی بی سی، بە ناونیشانی «گەڕانەوە بۆ دۆزەخ»، پەخشکرا و بەشێوەیەکی درێژتر سەرلەنوێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە سایەی بەرنامەی فڕۆنتلاین-ی ئەمریکیدا و بەناونیشانی «کێڵگەکانی کوشتنی سەدام» پەخشکرایەوە. ئەم فلیمە گرنگترین خەڵاتی فیلمی دۆکیومێنتاری ساڵی ١٩٩٢ی بەدەستهێنا، ئەویش خەڵاتی ئیدوار مارۆ بوو(جێی شەرمەزارییە هەتاکو ئەمڕۆ، جگە لە عیراقی دوای ٢٠٠٣، لە هیچ وڵاتێکی عەرەبی پەخش نەکراوە). شانازیکردن و خۆهەڵکێشانم بەم کارە و بەم خەڵاتە سنووری هەموو نووسین و کارەکانم و ئەو خەڵات و بڕوانامانە تێدەپەڕێنێت، کە بە درێژایی ژیانم بەدەستم هێناون. چونکە لەم فیلمەدا لەسەر ئاستی هەموو جیهان (جگە لە جیهانی عەرەب) چیرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی کوشتنی بەکۆمەڵم لە باکووری عیراق، کە پێی دەوترێت ئەنفال، بە دۆکیومەنت کرد و بڵاوکردەوە. هەرگیز ئەوەم لەبیرناچێتەوە، چۆن پاش نمایشکردنی فیلمەکە، کاتی گەڕان بە ناوچە کوردییەکاندا، خەڵک پێشوازییان لێ دەکردم و پێیان خۆش بوو لەناویاندابووم و بۆ ئەو کارە سوپاسیان دەکردم، لەکاتێکدا من بۆ خۆم وەک عیراقییەک و عەرەبێک هەستم بە بەرپرسیارێتی و شەرمەزاری دەکرد، لەبەرئەوەی لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨دا ڕووی دابوو. لەمەشدا پەندێکی خاوەن ڕەهەندێکی سیاسیی زۆر گەورە هەبوو. پەندەکە چی بوو؟ فیلمەکە داننان بوو بە تاوانەکەدا ــ هەروەها یەکەمین تۆمارکردنی تاوانەکە بوو ــ داننان بوو بەو زوڵم و دڵڕەقییە گەورە و زیادڕۆیەدا، کە چەندین خێزانی بێتاوانی بێ چەکی کوردی باکووری عیراق لەسەر دەستی هێزەکانی عیراق لە هەشتاکاندا دووچاری بووبوون. وەسفکردنی دڵڕەقی و زوڵم هەمیشە سەرەتای جۆرێکە لە دانپێدانان، چونکە دواجای دڵڕەقییەکە وەسفکرا، واتە تاوانەکە لەسەر خاکی ئەو ڕاستییە گشتیانە چەسپا کە لە بەردەستی هەمواندا بوون. ڕووداوەکە گۆڕا بۆ واقیع نەک خەیاڵ، یان واتەوات، یان کابوس، یاخود هەراوهوریا. لەوانەیە دەستکەوتێکی وەک ئەوە بۆ قوربانیانی ئەو تاوانە، دواتریش بۆ نووسینی مێژووی ئەو ڕووداوە، لە هەر شتێکی تر گرنگتر بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، پاش ڕووداوەکە و ئەنجامی پڕۆسەی وەسفکردنەکە، دەبێت ئیشکالیەتی بەرپرسیارێتی بەرامبەری بخرێتەڕوو. ئەم ئیشکالیەتە لە ڕووی فیکری و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە زۆر ئاڵۆزە. وەک مێژووی سەدەی بیستەم فێرمان دەکات، گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتی، چارەسەری ئەو برینە کراوەیەیە کە هێشتا خوێنی لێ دەڕوات و لەوانەیە پاش ڕووداوەکە بۆ دەیان ساڵ یان سەدەش بەردەوام بێت. ئایا میللەتی ئەرمەن کۆمەڵکوژییەکانیان لەسەر دەستی تورکەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لەبیرکردووە؟ نەخێر. ئایا جولەکەکان فڕنەکانی بەکۆمەڵ سوتاندنیان لە ماوەی دووەمین جەنگی جیهانیدا لەیادکردووە؟ نەخێر. دواتر نە دواترین، ئایا میللەتی فەڵەستین دەرپەڕاندنیان لە خاکی فەڵەستین لە ساڵی ١٩٤٨دا لەبیرچۆتەوە؟ ئەستەمە. کەواتە هیچ دەروازەیەک لە عیراقدا لەگۆڕێ نییە، جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیشکالیەتی بەرپرسیار لە عیراق، جا چارەسەرەکەی چەند ئاڵۆز و دوورەدەست بێت. کتیبی «فیتنە» هەوڵێکی بێفیزە بۆ وەسفکردنی بنەماکانی شکستخواردنی سیاسی و ئەخلاقیی دەستەبژێری سیاسیی نوێ، کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە فەرمانڕەوایی عیراقی کردووە. ئەم وەسفکردنە بۆ خۆی سەرەتای گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتی ئەو کارەساتانەیە، کە پاش ڕووخانی زۆردار ڕوویان دا. من پشتگیریی جەنگی ٢٠٠٣م کرد و لەپێناویدا تێکۆشام، بەڵام بەداخەوە چینێکی سیاسی گەیاندە فەرمانڕەوایی کە لە هەلومەرجی سیاسیی بێوێنەی مێژوویدا لەئاستی پێویستدا نەبوو، باشترین بەڵگە بۆ ئەوە، ئەو گاڵتەجاڕییە بوو کە ناونرا دادگاییکردن و لەسێدارەدانی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٦دا، ئەو دیمەنەی لە دەستپێکی ڕۆمانەکەدایە. لەسێدارەدانەکەی ساڵی ٢٠٠٦ لە ژێر کاریگەریی چەند هۆیەکی تایەفەگەرانەدا بوو، تەوەرەکەی بریتی بوو لەوەی تەنیا شیعەکان، یان لە پێش هەموانە شیعەکان، قوربانیی دەستی سەدامن. بێگومان وەک ڕووداوەکانی دواتر بە شێوەی شەڕی ناوخۆ سەلماندیان، ئەم درۆ یان گەمە سیاسییە سەبارەت بە مەزڵوومبوون وێرانکەری یەکگرتوویی کۆمەڵگەی عیراق بوو. هەستم کرد، بەرپرسیارێتی تۆمارکردنی ڕیشەکانی ئەم شکستخواردنە کەتۆتە ئەستۆی من، بەتایبەتی پاش دەرکەوتنی دەستێکەڵکردنی شیعەکان ئەنجامی کوشتنی سەیید مەجید خوئی لە ڕۆژی ڕووخاندنی زۆردار لە ١٠ی نیسانی ٢٠٠٣دا، کە تەوەرەی دووەمی کتێبەکە پێکدێنێ. لە هەردوو ڕووداوەکەدا ــ کوشتنی سەیید مەجید و لەسێدارەدانی سەدام ــ ویستوومە ڕۆشنایی بخەمە سەر ئەو تاوانەی بیرکردنەوە و ڕەفتاری دەستەبژێرێک دەردەخات، کە وڵاتی بەرەو هەڵدێر بردووە. شکستخواردنی دەستەبژێری فەرمانڕەوا لە بەغدا بەڵگەی ئەوەیە، عیراقی دوای جەنگەکە زۆر جیاواز نییە لەگەڵ عیراقی سەدام حسێن. باشترین بەڵگەش خودی سەدامە! بەشی سێیەمی ڕۆمانەکە بە پیاداچوونەوە و بەراوردکردن لەنێوان عیراقی دوای ٢٠٠٣ و عیراقی سەدام حسێن لەسەر زاری خودی زۆردار کۆتایی دێت، بۆ ئەوەش سوود لەو سێ کاتژمێرەی پاش ڕادەستکردنی لەلایەن دەسەڵاتی ئەمریکییەوە بۆ دەسەڵاتی نوێی عیراق وەردەگریت. لە بەشی سێیەمی ڕۆمانی «فیتنە»دا ئاخاوتنی ئەو سەدامە (کە دەستکردی خەیاڵی خۆمە) دەربارەی شێوازی فەرمانڕەواییەکەی درێژەدەکێشێ، ئەو فەرمانڕەواییەی لەسەر بنەمای تێوەگڵاندنی هەموان لە تاوانەکانی ڕژێمەکەی دامەزراوە، تێوەگلاندنەکەش بە چەندین ڕێگە و شێواز بووە. ئەم شێوازە تۆتالیتارەی فەرمانڕەوایی کاردانەوەی نەرێنیی گەورەی لەسەر کەسایەتی و خراپبوونی ئەخلاق لە کۆمەڵگەدا هەبووە. ئەو سیفەتانەی بەناخی ئەو دەستەبژێرە فەرمانڕەوایە نوێیەدا چۆتە خوارەوە، کە عیراقی گەیاندە ئەو بارودۆخە خراپەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین. تێگەیشتن و وەسفکردنی ڕەیشەکانی ئەم پێهەڵخلیسکانە ئەخلاقییە تەوەرەی سەرەکیی کتێبەکەیە. سەدامی ڕۆمانەکە شانازی بەوەوە دەکات و ئەوە هەڵدەهێنجێ کە هەموومان «منداڵی ئەوین»، لەکاتێکدا ئێمە قوربانییەکانی دەستی ئەوین. بەو جۆرە، پاش ئەوەی گۆڕەپانەکە جێدەهێڵێ، لە دڵڕەقیی ڕژێمەکەیەوە دەگلێین. تێوەگلان، دەربڕینی ئیشکالیەتی بەرپرسیارێتی لە عیراقی دوای سەدام حسێندا دەسەپێنێ، کتومت وەک چۆن ئۆپەراسیۆنەکانی بەکۆمەڵ کوشتن لە ماوەی نێوان هەردوو ساڵی ١٩٨٧و١٩٨٨دا، کە بە ئەنفال ناودەبرێت، هەمان ئیشکالیەت دەسەپێنێ بەسەر هەر عیراقییەکدا بە گشتی و هەر عەرەبێکدا بە تایبەتی. هەموان لەو زۆردارییەوە گلاون کە ٣٥ ساڵ بەردەوامبوو، تەنانەت کوردەکان لە ئەنفالەوە گلاون، لە ڕێگەی ئەوانەی لە ڕۆژگاری ئەنفالدا پێیان دەوترا «جاشەکان». جاشەکان ئەو میلیشیا چەکدارە کوردانە بوون، کە ڕژێم لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالدا بەکاری هێنان. تاڵە دەزوویەکی زۆر باریک بە شتێکەوە دەمان بەستێتەوە کە دەکرێت ناوی بنێین بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵ بەرامبەر بەو گێژاوی توندوتیژی و پاشەکشە ئەخلاقییەی لە عیراقی سەردەمی فەرمانڕەوایی بەعسدا ڕووی دا. دەکرێت بوترێت، داهاتووی عیراق ــ بە عەرەب و کوردییەوە ــ گرێدراوی چۆنێتیی مامەڵەکردنی کۆمەڵگەکەیە لەگەڵ ئەو شێوازانەی توندوتیژی و پاشەکشەکردنی ئەخلاقی، کە دەیان ساڵ و چەندین نەوە بەردەوام بووە. لە کۆتاییدا ڕاستیی تاڵ ئەوەیە، کە ئێمە هەمیشە بەرپرسیارین بەرامبەر بەوەی فەرمانڕەوایانمان ئەنجامی دەدەن، بەبێ گوێدانە بڕوا و ڕەچەڵەکەکانیان، ئەمەش تەوەرەی ئەخلاقیی ڕۆمانەکەیە.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure