8ی مارس، چیرۆكی ئه‌و ژنه ساده‌و ساكارانه‌یه كه له‌پاڵ پیاواندا یارمه‌تیده‌ر بوون له دروستكردنی مێژوو و شارستانییه‌ت و هێنانه‌دی ئاشتیدا. رۆژی 8ی مارسی هه‌موو ساڵێك له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ژنان ئاهه‌نگ به ده‌ستكه‌وته‌كانیانه‌وه ده‌گێڕن، ئاهه‌نگگێڕان به‌و بۆنه‌یه‌وه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ساڵی 1945 له پاریس یه‌كه‌م كۆنگره بۆ یه‌كێتی ژنانی دیموكراسی جیهانی سازكرا، وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له توێژه‌ران رۆژی جیهانی ژنان ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاو شه‌قامه‌كانی شاری نیویۆرك ئه‌نجام ده‌درا، له كاتێكدا پۆلیس به شێوه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌و توندڕه‌وانه رۆڵیان هه‌بوو له جیاكردنه‌وه‌ی خۆپیشانده‌راندا، به‌ڵام ره‌وڕه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان و خۆپیشاندانه‌كان سه‌ركه‌وتوو بوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسان و سیاسییه‌كان بێنه پای مه‌سه‌له‌ی ژنان. له 8ی مارسی 1908 م هه‌زاران كرێكاری ژن له یه‌كێك له كارگه‌كانی رستن و چنین له شاری نیویۆركی وڵاتی ئه‌مریكا خۆپیشاندانی فراوانیان ئه‌نجامدا له پێناو به‌ده‌ستهێنانی ماف و داواكانیان، له‌م رێپێوانه‌دا ژنان چه‌ند داوایه‌كیان به‌رزكردبووه‌وه، له‌وانه: كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌عاتی كار له 16 كاژێره‌وه بۆ 10 كاژێر، یه‌كسانی له كرێی كاری وه‌كیه‌كی له‌گه‌ڵ پیاواندا بێ جیاوازی، هه‌روه‌ها چاكردنی دۆخی كاركردنی ژنان و پیاوانی كرێكار. له كوردستاندا ئه‌م بۆنه‌یه ساڵانه به شێواز‌و رێگه‌ی جۆربه‌جۆر گوزارشتی لێ ده‌كرێت و سه‌رجه‌م رێكخراوه‌كانی ژنان و لایه‌نه حكومی و نێوه‌نده جۆربه‌جۆره‌كان ئه‌و رۆژه له دروشم و به‌رنامه‌كانیاندا به‌رز ده‌نرخێنن. له دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991ـه‌وه ژنان له باشوری كوردستاندا خه‌باتی جۆربه‌جۆرو فشاری جیاوازیان گرته‌به‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه جۆربه‌جۆره‌كانیان، چه‌سپاندنی كۆتا به رێژه‌ی 30% كه‌متر نه‌بێت له په‌رله‌مانی كوردستان، رێژه‌ی 25% كه‌متر نه‌بێت له ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا، بوونی ژنان له ناوه‌نده‌كانی پارته سیاسییه‌كان و ناوه‌نده كارگێڕییه‌كانی وه‌ك وه‌زیرو راوێژكار‌و دادوه‌رو قائمقام و...هتد، هه‌مواركردنه‌وه‌و گۆڕینی یاساكانی تا‌یبه‌تن به ژنان، وێڕای كه‌موكورتییه‌كانیان، هه‌روه‌ها كاركردن له‌سه‌ر هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژنان و پیاوان له ئاست مه‌سه‌له‌ی ژناندا له‌ڕێی شێواز‌و ئامڕازی جیاوازی وه‌ك كۆنفرانس، وۆركشۆپ، سیمینار، دیبه‌یت و چه‌ندینی تر به ده‌ستكه‌وته‌كانی ژنان داده‌نرێت له كوردستاندا، به‌ڵام ئایا هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه ژنانی گه‌یاندووه به ئامانجه‌كانیان یان ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستهاتوو‌ه له‌ئاست تموحی رێكخراوه‌كاندایه؟ بێگومان نه‌خێر، راسته زۆر هه‌وڵ دراوه، به‌ڵام ده‌ستكه‌وته‌كان له ئاست خواست و هه‌وڵه‌كانی ژناندا نه‌بووه، بێگومان هۆكاره‌كانی ئه‌وه‌ش زۆرن، له‌وانه، لاوازی هۆشیاری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ كه ئه‌وه‌ش گرێدراوی كه‌لتورێكی په‌روه‌رده‌یی پیاوسالارییه كه به درێژایی قۆناغه‌كانی ژیانی مرۆڤه‌كان رۆچۆته ناو هزرو فكریان و دواتر بۆته به‌شێك له ره‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وت و شێوازی ژیانیان. كاركردن له‌سه‌ر هۆكاره‌كان لایه‌نێكی گرنگی هه‌نگاوه‌كانه رووه‌و چاره‌سه‌ر، هه‌روه‌ها كاركردن له‌سه‌ر پێكهێنان و خوڵقاندنی كه‌لتورێكی په‌روه‌رده‌یی دروست دوور له جیاوازی ره‌گه‌زی و جگه له هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژنان و پیاوان، له‌و روانگه‌یه‌ی 8ی مارس رۆژێكه بۆ به‌رده‌وامیه‌تدان به خه‌بات بۆ هێنانه‌دی مافه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی شارستانی و مرۆڤدۆستی. كنێر عه‌بدوڵڵا [email protected]
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure