9/3/2017 12:10 PM

ئەملام سلێمانی و ئەولام هەڵەبجە، کتێبە نوێکەی قادر بیوک کایە ‌ ‌

یانەی کوردی «میدیـــا» لەهۆڵەندا، ڕۆژی 4/3/2017 بەئامادەبوونی دەستەبژێرێک لەنووسەران و رۆشنیرانی کوردستانی باکورو باشوور، لەهۆڵی یانە لەئەمستردام، میوانداریی شاعیرو نووسەر (قادر بیوک کایە)ی کرد، بۆ پێشکەشکردنی باسێک دەربارەی میژووی سیاسی و ئەدەبی خۆی و واژۆکردنی کتێبە تازە چاپکراوەکەی بەناونیشانی (ئەملام سلێمانی‌‌و ئەولام هەڵەبجە) کە بەزمانی تورکی لە ئەستەمبوڵ چاپکراوە.
تەوەری یەکەم:
سەردار فەتاح ئەمین، لێپرسراوی ڕێکخراوەکانی هۆڵەندەی سەر بەناوەندی دەرەوەی ڕێکخراوە دیموکراتیەکان، کۆڕەکەی بەڕێوەبردو بەکورتی لەسەر ژیان و خەباتی نووسەرو شاعیر (قادر بیوک کایە) دواو ئاماژەی بەوەدا (قادر محەمەد بیوک کایە) نووسەرێکی کوردی کورستانی باکورە، ئامۆزای نەجۆ- نەجمەدین بیوک کایە ناسراو بە شەهید (سەلاح)ە، لەساڵی 1960 لەگوندی قەرەهان، لەقەزای سیڤیرک لە پارێزگای ئورفە  لەدایکبووە، ساڵی  1979 بەهۆی (شەهید شازاد صائیب)ەوە، لەڕێگەی (ی.ن.ک)ەوە لە دیمەشقەوە گەیشتۆتە هۆڵەنداو لەوکاتەوە لەوێ ئەژی، ناوبراو یەکێک بووە لە ئەندامە چالاکەکانی رێکخراوی کارگەران- باکوری کوردستان، کە لەسەردەستی شەهید سەلاح- نەجمەدین بیوک کایە، دروست بووە، کە گروپێکی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاشکرابووەو لەدیاربەکر دامەزراوە بەناوی وارگەی شۆڕشگێڕ و دیموکرات رۆژهەڵات، کە لە دەستەیەک لە گەنجانی کوردی خوێندەواری چەپی زانکۆکانی ئەستەمبوڵ و ئەنقەرە تێیدا ئەندام بوون پێکهاتووە.
زۆربەی نووسینەکانی قادر محەمەد بیوک کایە، بەزمانی تورکی نوسیوێتی‌و بەشێک لەشیعرەکانی بە شیوەزاری زازاکی نوسیووە، کە رەنگدانەوەی بزاڤی رزگاریخوازی کوردانی باکورە، شیعرەکانی ئەم شاعیرە دەنگبێژی ناسراوی باکور (میکایەڵ ئەسڵان)، دوو ئەلبوومی سروودوگۆرانی بەCD لەهەڵبەستەکانی ئەم نووسەرە، دروستکردووە یەکەمیان  بڵاوکراوەتەوەو دووەمیشان لەماوەی ئایندەدا بڵاودەکرێتەوە.
نووسەر لەم ئێوارەیەدا  بیرەوەری‌و یادەوەریەکانی  خەباتی خۆیی‌و شەهید نەجۆ (نەجمەدین بیوک کایە)و هەڤاڵانی لەگەڵ  کوردانی باشووردا گێڕایەوەو تیشکی خستەسەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی‌و دیموکراتی ئەو بەشەی کوردستان هەر لە ساڵی ١٩٧١ەوە، پاشان هاوکاری خۆیان لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلی کوردستاندا لەباشوور خستەڕوو، بەتایبەتی لەساڵانی ١٩٧٦ تا ١٩٧٩.
کاک قادر ئاماژەی بەوەدا کتێبی (ئەملام سلێمانی‌و ئەولام هەڵەبجە)، بریتییە لە 376 لاپەڕەو لە ٧٩ سەرباس‌و بابەتی هەمەجۆری ئەدەبی‌و کەلتوری لەخۆگرتووە،  هەروەها هەندێ لەباسەکانی کتێبەکەی تەرخانکردووە بۆ گەشتەکەی ساڵی ٢٠١٤ی بۆ باشوری کوردستان لەناوچەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، بارزان، شەقڵاوە.
 بۆ یەکەمجارە نووسەرێکی کوردی باکور، بەمشێوازە بەرفراوانە کتێبێکی ئاوا، لەسەر باشووری کوردستان بە زمانی تورکی بڵاوبکاتەوەو لەم ئێوارەیەدا، زۆربەی ئامادەبووان بەشداریی گفتووگۆکانی نووسەریان کردو بەدواداچوون‌و سەرنجی تایبەتی خۆیان دەربارەی کتێبەکەو رووداوە مێژووییەکانی ئەو چل ساڵەی پێشوو خستەڕوو، بەتایبەتی باڵیۆز تەیب بەرواری وەک شایەتحاڵ‌و بەشداربوویەکی ئەو سەردەمە، بۆ راستی رووداوەکان، پشتڕاستی بۆچوونەکانی قادر بیوک کایەی کردەوە.
تەوەری دووەم:
لە تەوەرەی کۆتایی ئێوارەکەدا، مەبەست جەعفەر سەرپەرشتیاری یانەی کوردی «میدیـــا»ی هۆڵەندا سوپاسی ئامادەبوونی کاک قادر بیوک کایەی کرد، بۆ ئەو وێنەو دۆکیۆمێنتانەی بەداتاشۆ لەم ئێوارەیەدا پێشکەشیکردو ئەم باسە گرنگە مێژووییەی کە بۆ ئامادەبووانی خستەڕوو، هەروەها ئیبراهیم عەلی سەعید وەک دەستەی سەرپەرشتی «میدیـــا»ی ئەمستردام چەپکەگوڵی رێزلێنانی ڕێکخراوەکەی پێشکەش بەنووسەر کرد.پاشان هەر لەو ئێوارەیەدا نوسەر کتێبەکەی بۆ ئامادەبووان ئیمزا کرد.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved