هه‌روه‌ك چۆن په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیری پرۆسه‌یه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌زامه‌ندی و یه‌كتر قبوڵكردن و یه‌كترناسین و خۆشه‌ویستی بونیاد ده‌نرێت، پرۆسه‌ی جیابوتنه‌وه‌ش گه‌ر هه‌ر هۆكارێكی له‌پشته‌وه بێت په‌یوه‌ندییه‌كه پێویسته له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ماكانی هاوسه‌رگیری به‌ڕێوه‌بچێت. جیابوونه‌وه ئه‌گه‌رچی رێپێدراوه له‌ڕووی ئاینی و شه‌رعی و یاساییه‌وه، له هه‌مووی گرنگتر ده‌روازه‌یه‌كی مرۆییه بۆ كۆتاییهێنان به په‌یوه‌ندی نێوان هاوسه‌ره‌كان كاتێك ده‌گاته بنبه‌ست و هیچ هاوبه‌شییه‌كی رۆحی و جه‌سته‌یی پێكه‌وه گرێیان نادات. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئاخۆ تا چه‌ند ئه‌م پرۆسه‌یه له‌ڕووی كردارییه‌وه ئاساییه‌و به شێوه‌یه‌كی سروشتی مرۆیی به‌ڕێوه‌ده‌چێت له واقعدا؟ ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له كۆمه‌ڵه رۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا به‌گشتی پرۆسه‌ی جیابوونه‌وه یان ته‌ڵاق یه‌كێكه له پرۆسه ئاڵۆز‌و گرفتاوییه‌كانی كه هه‌ر له سه‌ره‌تای گه‌یشتن و بڕیاردان لێی تا دواساته‌وه‌ختی كۆتاییهاتنی ژیانی مرۆڤه‌كان ده‌بێته بارگرانییه‌كی زۆر بۆ مرۆڤه‌كان. ئه‌گه‌ر پیاو بێت و زیاد له‌یه‌ك جار به‌و پرۆسه‌یه‌دا رۆشتبێت به جۆرێك ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ژنیش بێت و ته‌نها بۆ جارێكیش بێت ده‌رئه‌نجامه‌كان ژیانێكی خراپتر‌و مه‌ترسیدارتر چاوه‌ڕوانی ده‌كات له داهاتوویدا. راسته ئاسه‌روارو كاریگه‌ری و زه‌ره‌رمه‌نده‌كان دوولایه‌نه ده‌گرێته‌وه، به‌تایبه‌ت گه‌ر منداڵ له‌ئارادا بوو كه زۆرترین زیان و زه‌ره‌ری لێده‌كه‌وێت، به‌ڵام بێگومان هۆكاره‌كانیش زۆرن له به‌رده‌م تێڕوانینی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی له به‌رامبه‌ر خودی ئه‌و ژنانه‌ی جیابوونه‌ته‌وه یان پێیان ده‌وترێت ته‌ڵاقدراو له‌وانه كه‌لتوری كۆمه‌ڵ و عه‌قڵیه‌تی جیاكاری و جیاوازی خودی په‌روه‌رده‌ی تاكه‌كان له به‌رامبه‌ر ره‌گه‌زه‌كاندا، هه‌روه‌ك چۆن ئامۆژگاریكردنی پیاوانێك كه زیاد له‌یه‌ك جار به‌و پرۆسه‌یه‌دا رۆشتبن به شێوه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت كه قبوڵكردنی ژیانی بێت به‌هه‌ر جۆرێك بێت له‌به‌ر عه‌یبه‌و قسه‌ڵۆك و پاراستنی یپَگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام هیچكام له‌و قسه‌و هۆكارانه خزمه‌ت به خودی خاوه‌ن دوولایه‌نه‌كه ناكات و هیچكات له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانیشدا نابێت. ئه‌مه‌ش به‌و واتایه ده‌كه‌وێته‌وه كه خودی تاكه‌كان هێنده‌ی بۆ ئه‌وی تر ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن، هێنده بۆ خۆیان ناژین، نموونه‌ی ئه‌م بابه‌تانه‌یه وا ده‌كات به‌گشتی له كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا هاووڵاتیان له دووفاقی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاویدا ژیان بگوزه‌رێنن، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت بژین وه‌ك مرۆڤ. متمانه‌بوون و باوه‌ڕبوونی خودی ژنان به خۆیان و سه‌ربه‌خۆیی ئابوری و فه‌راهه‌مكردنی ژینگه‌یه‌كی ده‌روونی له‌بار بۆیان له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی دیكه كاركردن له‌سه‌ر خوڵقاندنی ژینگه‌و سستمێكی په‌روه‌رده‌یی مرۆیی كه ته‌نهاو ته‌نها ئیراده‌و خواست و به‌رژه‌وه‌ندی خودی مرۆڤه‌كان تیایدا سه‌روه‌ر بێت و هه‌روه‌ها فه‌رامۆشكردن و گوێنه‌دان به قسه‌و باسی خه‌ڵكی به مه‌به‌ستی سڕینه‌وه‌ی عه‌قڵیه‌تی هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی ناچاری لایه‌ك له دوو هاوسه‌ره‌كه یان هه‌ردووكیان ده‌كات بۆ مانه‌وه‌یان له ژیانێكدا كه هیچ مانا‌و به‌هایه‌كی تێدا نه‌مابێت، ده‌روازه‌یه‌كه بۆ قبوڵكردنی كۆتایی هاتن به‌و په‌یوه‌ندییه به شێوه‌یه‌كی سروشتی و مرۆیی تا له ده‌رئه‌نجامدا كه‌مترین زیان و ئازار‌و گرێی ده‌روونی و مرۆڤی تری نه‌خۆش بهێننه دونیا‌و ژیانێكه‌وه كه ببێته هۆی درێژه‌دان به كه‌لتورو ژینگه‌یه‌ك كه خراپتری لێبكه‌وێته‌وه نه‌ك باشتر. نووسینی: كنێر عه‌بدوڵڵا [email protected]
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure