14/3/2017 11:24 AM

منداڵانی دابڕاو بەدنیای پەروەردەو منداڵی ئاشنا دەكرێنەوە

رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان هەر لە سەرەتای دروستبونییەوە بە كارو چالاكی جیاواز خزمەتی بە منداڵانی كوردستان كردووە. لە درێژەی كارو چالاكییەكانیدا مەڵبەندی رۆشنبیری كازیوەی منداڵانی لە ناحیەی عەربەت بۆ منداڵانی ئاوارەی كەمپەكان كردەوە.

لەوبارەیەوە، رەنج عەبدولقادر به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌ی مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری كازیوه‌ی عه‌ربه‌ت بە سایتی خاك-ی راگەیاند: مەڵبەندی رۆشنبیری كازیوەی منداڵان لە عەربەت لەسەر ئەركی سەرۆك مام جەلال دروست كراوەو له‌ رێگه‌ی چوار مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیرییه‌وه‌ سارا، سه‌رشه‌قام، چوارتا، بازیان و هه‌روه‌ها سه‌نته‌ری راهێنانی په‌روه‌رده‌یی بۆ منداڵانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت)ـه‌وه‌ له‌ ئێستادا له‌ رێگه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ منداڵانی كوردانی رۆژئاوا ده‌كرێت.

وتیشی: كازیوەكە ناوەندێكی هاوبەشی نێوان قوتابخانەو ماڵەوەیە لە رێگەی ئەو بەشە پەروەردەیی، هونەریی، وەرزشی، رۆشنبیرییانەی كە لەناو كازیوەكەدا كراونەتەوە منداڵان دەتوانن خەونەكانیان بهێننەدی.

رەنج عەبدولقادر ئاماژەی بەوەش كرد، كازیوەكە لە چەند بەشێكی بەردەوام و هەروەها چەند بەشێكی كاتی پێكهاتووە، بەشە بەردەوامەكان بریتین لە (شانۆ، موزیك، وێنەكێشان، سیرامیك، گرافیك، ئیشی دەست، دووگۆڵی دەست، كتێبخانە، وانەی پەروەردەیی، وەرزش، سینەمای منداڵان و یاری ئەلیكترۆنی). بەشە كاتییەكانیش بریتین لە (خولی زمانی ئینگلیزی، خولی كۆمپیوتەر، خولی نووسینی لاتینی).


لەبارەی ئامانجی پرۆژەكەشەوە وتی: ئامانجمان گەڕانەوەی منداڵانی دابڕاوە لە خوێندن بۆ خوێندنگەكانیان و دۆزینەوەی بەهرەو توانای منداڵان و گەشەپێدانیان. هەروەها گەڕانەوەی منداڵ بۆ ژیانی ئاسایی منداڵیان كە بەهۆی تەنگەژە یان كاركردنەوە لە منداڵیی خۆی دابڕاوە. یەكێكیتر لە ئامانجەكانیش ئەوەیە كە دەستەبەركردنی هەلی كارە بۆ ئەو مامۆستاو وانەبێژانەی كە لە خول و بەشەكاندا وانە دەڵێنەوە.

لەبارەی كاری داهاتووی پرۆژەكەشەوە رایگەیاند: لە كۆتایی ئەم مانگەدا پێشانگایەكی تایبەت بە منداڵانی كازیوەكە دەكەنەوەو توانای منداڵان لە بوارەكانی وێنەكێشان و ئیشی دەست و نواندندا دەخەنەڕوو.

خاك - كاژین













زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved