شاری خامۆش.. شانزه‌ی سێ ئازارمان ده‌كه‌ین به ئاواز بۆ به‌رز را‌گرتن و رێزگرتن له كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه، پرۆژه‌یه‌ك بۆ به‌كولتووركردنی یادی هه‌ڵه‌بجه راده‌گه‌یه‌نرێت. ئه‌وه‌ش به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ساڵانه ته‌نها له یه‌ك رۆژدا یادی ئه‌و كاره‌ساته نه‌كرێته‌وه، به‌ڵكو به‌شێوه‌ی فه‌رهه‌نگ هه‌میشه له‌بیری خه‌ڵكدا بێت. له‌وباره‌یه‌وه، چیا فایه‌ق كه مامۆستایه له به‌شی كۆمه‌ڵناسی زانكۆی سلێمانی، هه‌نگاوی به‌كولتووركردنی یاده‌كه‌ی به په‌خشكردنی پارچه موزیكێكی هونه‌رمه‌ندی كورد كه‌یهان كه‌لهووڕ ده‌ستپێكردووه. كه‌لهووڕ كاره‌كه‌ی به‌ناوی شاری خامۆشه، بۆ یادی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه ئاماده‌ی كردووه‌و بیرۆكه‌كه‌ی مامۆستا چیا فایه‌قه، ئاماده‌كردنه‌وه‌ی سیدی ئه‌و موزیكه‌ش به‌هه‌مان ناوی شاری خامۆشه، بڵاوده‌كرێته‌وه به‌ناو ناوه‌نده كولتووری و هونه‌رییه‌كانی شاری سلێمانیدا، هاوتا بۆ كافێ، مۆڵ و شوێنه گشتییه‌كان تاوه‌كو موزیكه‌كه‌ی په‌خش بكه‌ن. دیزاین و هێلكاری سیدیه‌كه هونه‌رمه‌ند گۆران محه‌مه‌د كردویه‌تی و ماڵپه‌ڕی كولتووریی دیدی من و گروپی كه‌شكۆڵ كاری میدیایی بۆ پڕۆژه‌كه ده‌كات، هه‌روه‌ها كه‌مپینێك له سۆشیال میدیا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌و تایبه‌تكردنی ئه‌م موزیكه به یادی كاره‌ساتی كیمابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه راگه‌یه‌نراوه. ده‌رباره‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه، چیا فایه‌ق رایگه‌یاندووه: مه‌به‌ست له‌م‌كاره ئه‌وه‌یه هه‌مان موزیك له شوێنه جیاكاندا رۆژی 16-3 په‌خشبكرێت و به‌جۆرێكی تر ده‌ستبده‌ینه‌وه له یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆمان، به‌مه‌ش ده‌بێته پرسیار بۆ كه‌سانی بێگانه‌و ته‌نانه‌ت كه‌مایه‌تی تری نیشته‌جێی سلێمانیش، هه‌موو ئه‌مانه‌ش واده‌كات كه رێز له برین و ئازاری ئێمه بگرن. وه‌كو سۆزێك بۆ هه‌ڵه‌بجه، ده‌توانن به بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌سته‌ری موزیكه‌كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ هاشتاگی #هه‌ڵه‌بجه_شاری_خامۆش #HalabjaSilentCity به‌شداری له‌م كه‌مپه‌ینه‌دا بكه‌ن و موزیكه‌كه بكه‌نه سیمبولێك بۆ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید. خاك - كاشان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure