18/3/2017 02:39 PM

ئاکۆ عومەر زبڵدانی بێ نیشتیمان نمایش دەکات

هونەرمەندی دەرهێنەرو شانۆكار (ئاكۆ عومەر) كە خاوەنی مێژوویەكی درێژە لەبواری هونەری كوردیداو وەكو ئەكتەریش لە چەندین كاردا رۆڵی بینیوەو كاری دەرهێنانیشی بۆ چەند بەرهەمێك ئەنجامداوە. بەرهەمەكانی ئاوێتەن بە كێشەو داخوازییەكانی كۆمەڵ، ئەمە جگەلەوەی لە چەندین كاری كۆمیدیشدا بە جۆرێكی تر لەگەڵ پێكەنینی بینەردا رۆژگاری ئاوێتەی كارەكانی كردووەتەوە.

ئەو هونەرمەندە لە دیمانەیەكی سایتی خاك-دا باس لە ئەزموونی كارەكانی دەكات و نوێترین كاری هونەریشی دەخاتەڕوو.

هونەرمەند ئاكۆ عومەر سەبارەت بە كارە شانۆیی و دراماكانی دەڵێت: زیاتر لە 25 بۆ 30 شانۆ بەشداریم كردووەو رۆڵم گێڕاوە، بەهەمانشێوە وەكو كاری نواندنیش بۆ تەلەفزیۆنە كوردییەكان كارم كردووە، هەروەها لە ساڵانی هەشتاكانەوە لە دراما بەشداریم كردووە وەكو دراماكانی (ژاڵەو تەنەكە)، ئەمە جگەلەوەی لە چەند ساڵی رابردووشدا لە درامای (خانەكەی حاجی ئاغاو كەژاوەی مەرگ) و لە چەندین كاری كۆمیدیاشدا بەشداریم كردووە.

هونەرمەند لەبارەی كاری شانۆیی و هونەریی منداڵانەوە وتی: كاری دەرهێنانی بەرهەمی منداڵان زۆر جیاوازە، بەوپێیەی دنیای منداڵ دنیایەكی هەستیارەو لەڕووی دیالۆگ و دیكۆرو پێداویستییەكانەوە دەبێت بەشێوەیەك بێت بتوانیت روبەڕووی منداڵانی بكەیتەوە تاوەكو منداڵان بتوانن بینەرو بیسەری بن و لێی تێبگەن و ئارەزووی بكەن، هەروەها دەبێت بەلاڕێیاندا نەبەیت و لەگەڵ خەون و خەیاڵی منداڵدا بیگونجێنیت، بۆیە دەتوانم بڵێم هەموو دەرهێنەرێك ناتوانێت كاری منداڵان بكات.

هونەرمەند جیاوازی بینەری شانۆ لە رابردوو و ئێستادا دەخاتەڕوو و دەڵێت: لە رابردوودا بینەر تینووی وشە بوو، چونكە بارودۆخی ئەوكات جیاواز بوو، خەڵك ئارەزوویان دەكرد گوێبیستی وشەیەك بن كە خۆیان ناتوانن بیڵێن و لەڕێگەی شانۆكارانەوە پەیامەكە بگەیەنن. لە رابردوودا بینەری شانۆ زیاتر بوو ئارەزوویان ئەوە بوو زیاتر بچنە ناو دنیای هونەرو بەو دنیایە ئاشنابن، بەڵام ئێستا جیاوازە، راستە ئێستا بینەرمان هەیە، بەڵام وەكو جاران نیە.

سەبارەت بە نوێترین كاری ئەوەی خستەڕوو: نوێترین كارم شانۆیی (زبڵدانی بێ نیشتمان)ـە، بەشێوەی شانۆیی مۆنۆ دراما بەتەنها رۆڵ دەبینم و بارودۆخێكی سەختی ئێستای كۆمەڵگاكەمان نمایش دەكەم، كە لە پەراوێزی فێستیڤاڵی رۆژی جیهانی شانۆ نمایش دەكرێت و چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.

لەبارەی ناوەڕۆكی شانۆكەوە وتی: شانۆییەكە لە دەقێكی نووسەری عەرەب (قاسم مترود)ـەوە وەرگیراوەو (ئازاد بەرزنجی) كاری وەرگێڕان و مەریوان عومەریش كاری دەرهێنانی بۆ كردووە، هەروەها لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان گونجاندوومانە، بەوپێیەی باس لە هەموو ئەو نەهامەتییانە دەكات كە بەسەر كۆمەڵگادا هاتووەو باس لە نیشتمانێك دەكات كە وێنایان كردووە بە زبڵدانێك، واتە ئەو نیشتمانەی مافەكانی مرۆڤی تێدا جێبەجێ نەكرێت و منیش رۆڵی كەسایەتییەك دەبینم كە خاوەنی خێزانێك بووم لەو نیشتمانەدا وێرانەیەدا، رۆڵەكەشم بە شێوەیەكە كە دوو كوڕم لەناوچووەو كچێكیشم بێسەروشوێنە، خێزانەكەشم دوای چەندین نەهامەتی و خەم گیانلەدەستدەدات، بەڵام لەو زبڵدانەدا شوێنێكی گونجاوی تێدا نیە تاوەكو خێزانەكەمی تێدا بەخاكبسپێرم، بۆیە روبەڕووی ئەو دەسەڵاتە دەبمەوە كە ناهێڵن تەرمەكەی بەرمەوە بۆ زێدی باپیران.

سەبارەت بەوەی كێ هاوكاری كردوون بۆ ئەنجامدانی ئەو شانۆییە؟ ئاكۆ عومەر وتی: بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی هاوكارمانە.

لەبارەی كاری داهاتووشیەوە وتی: دوای ئەم شانۆییە كاری فیلمم هەیە، هەروەها سەنتەرێكیشم هەیە خۆم سەرپەرشتی دەكەم و كاری دۆبلاژ دەكەین و ئێستا لە سەرەتای كاركردنداین.

خاك - كاژین





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved