له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سایتی خاك هونه‌رمه‌ند سالار مه‌حمود باس له ئه‌زموون و كاره‌كانی ده‌كات له رابردوو و ئێستاشدا. له‌باره‌ی ئاوازی گۆرانییه‌كانیه‌وه، هونه‌رمه‌ند سالار مه‌حمود وتی: ئاوازه‌كان زیاتر ئه‌و كه‌سانه بۆم داده‌نێن كه حه‌ز له ستایلی گۆرانی وتنم ده‌كه‌ن، به‌وپێیه‌ی من هه‌ر له‌سه‌ر یه‌ك ستایل له سه‌ره‌تای گۆرانی وتنمه‌وه كارمكردووه‌و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ش به‌رده‌وام ده‌بم. وتیشی: ئاره‌زوو ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژه تازه پێگه‌یشتووه‌كان كاربكه‌م، چونكه زۆرێكمان هه‌یه كه ده‌نگ و توانایه‌كی ناوازه‌یان هه‌یه‌و پێویسته كاریان له‌گه‌ڵ بكه‌ین و زیاتر له‌بواری هونه‌ردا بیانهێنینه پێشه‌وه. سه‌باره‌ت به گرنگیی كلیپ بۆ هونه‌رمه‌ند، سالار مه‌حمود وتی: كلیپ زۆر گرنگه‌و به‌شێكی سه‌ره‌كییه بۆ ناساندنی هونه‌رمه‌ند به خه‌ڵك، به‌وپێیه‌ی شێوه‌ت ئاشنای خه‌ڵك ده‌كات. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی سۆشیال میدیاش به‌شێكی گرنگه له ناساندنی هونه‌رمه‌ند به خه‌ڵكی. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌بیرنه‌چێت كه درنگترین شت بۆ هونه‌رمه‌ند ده‌نگه. سه‌باره‌ت به جیاوازی هونه‌ر له رابردوو و ئێستادا، سالار مه‌حمود وتی: له رابردوودا كاركردنی هونه‌ریی قورس بوو، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی ئامێری پێشكه‌وتوو و ته‌كنیك و كه‌سانی پسپۆڕه‌وه كه له‌و بواره‌دا ده‌خوێنن كارئاسانی زۆر كراوه بۆ كاری هونه‌ری. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند سالار مه‌حمود ئاره‌زووی زۆری گیتار ده‌كات، ئه‌گه‌ر گیتار نه‌بووایه ئاره‌زووی چ ئامێرێكی ده‌كرد، وتی: ئاره‌زووی پیانۆم ده‌كرد چونكه ئه‌ویش ئامێرێكی جوان و گرنگه لام، به‌ڵام هیچ ئامێرێك ناگاته‌وه به گرنگی گیتار بۆم، ئه‌توانم بڵێم گیتار له‌گه‌ڵ رۆحمدایه. خاك - كاشان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure