26/3/2017 03:11 PM

جۆرج كلوونیی زیاتر لەئەكتەرێك لەسەر شانۆی ژیان

ئامادەكردنی: سایتی خاك

دەستپێك:
لەگوزەری ئەم جارەی وێبسایتی خاكدا بەكاروانی ژیان وتەمەنی هونەریی ومێژووی پیشەی ناودارانی هونەری حەوتەمدا،جۆرج كلوونیی (1961-) ئەكتەر ودەرهێنەر و بەرهەم هێنەری سینەمایی وهەڵسوڕاوی مافەكانی مرۆڤ ،دەبێتە وێستگەی پشوویەكی كورت وخوێندنەوەیەكی خێرای گرنگترین رۆڵە دیار وبەرچاوەكانی لە بواری نواندن لە رۆڵی سەرەكیی و یاریدەدەردا ونووسینی سیناریۆ،دەرهێنان وبەرهەمهێنانی فیلم كە بەهۆیانەوە دەستكەوتی گەورەی بەدەستهێناوە لەوانە 3 خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب وەك ئەكتەر و دوو خەڵاتی ئۆسكار یەكێكیان بۆ نواندن لە فیلمی (سیریانا - 2006) و ئەوی تریان بۆ هاوبەرهەمهێنانی فیلمی درامای مێژوویی وسیخوڕیی ( ئارگۆ-2012)لەدەرهێنان و نواندنی بێن ئەفڵیك.ئەو فیلمە سەركەوتووەی باس لە رزگاركردنی ژمارەیەك كارمەندی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە تارانی پایتەختی ئێران دەكات لە پاش  سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران  (1979).
هەر ئەم بابەتە دەرفەتێكە بۆ ئاشنابوون بە هەڵوێست وروانینە سیاسیی و كارە مرۆییەكانی كلوونیی كە وایكردووە بتوانرێت بەو پیاوە قژ ماش وبرنجییە رێك پۆش وخاوەن بەهرە وبەرهەمەی هۆڵییوود بوترێت زیاتر لە ئەكتەرێك لەسەر شانۆی ژیان.

-ژیانی منداڵیی:
جۆرج تیمەسیی كلوونیی كەرۆژی 6/ئایار/1961 لە سنوری لیكزنگتن،كەنتەكیی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدایك بووە،كوڕی شاژنێكی جوانیی وئەندامێكی ئەنجومەنی شارەوانیی وپیاوێكی میدیاكارە كەبێژەرێكی دێرین و پێشكەشكاری  بەرنامەیەكی گەمەسازیی بووە و لە كۆتاییەكانی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا بۆ ماوەی 5 ساڵ پێشكەشكاری بەرنامەیەك بووە بەناوی (ئەی ئێم سیی). 
لەسەرەتای خوێندنی ناوەندییدا كلوونیی دووچاری نەخۆشیی"Bell's  palsy" كە دەبێتە هۆی پەككەوتنی ئیفلیج بوونی بەشێك لە دەم و چاوی مرۆڤ بەهۆی پەككەوتنی ماسولكەكانی رووخسارەوە بەڵام پاش ساڵێك چاك بووەتەوە.
بەوتەی خۆی كلوونیی لەقۆناغی ئامادەییدا نمرەكانی بەرزبوون ویاریزانێكی پڕ لەجۆشی بەیسبۆڵ و باسكە بووە كە دوو لە هەرە جەماوەریی ترین وەرزشەكانی ئەمریكان و ساڵی 1977 هەوڵیداوە ببێتە یاریزانێكی پیشەگەری بەیسبۆڵ لە یانەی سینسیناتی رێدز بەڵام لە خولی یەكەمی تاقیكردنەوەكانی هەڵبژاردنی یاریزاناندا سەركەوتوو نەبووە و گرێبەستی بەدەستنەهێناوە.
-تەواونەكردنی زانكۆ:
وەك هەندێكی تر لە ئەكتەران وناودارانی تری جیهان، كلوونیی خوێندنی زانكۆی تەواو نەكردووە ئەگەرچی دوو زانكۆشی بینیوە.یەكەمیان زانكۆی باكوری كەنتەكیی بووە لە ساڵانی 1979-1981 بۆ خوێندنی رۆژنامەگەریی پەخش (برۆدكاست) و ماوەیەكی زۆر كەمیش چووەتە زانكۆی سینسیناتیی بەڵام لە هیچیان دەرنەچووە. 
كەسابەتی پێش نواندن
بەگوێرەی زانیاریی بڵاوكراوەی نێو ژیاننامەكەی،كلوونیی بۆ پارەپەیداكردن چەند كار وكاسپییەكی كردووە لەوانە فرۆشتنی پێڵاوی ژنان،ماڵەوماڵ كردن بۆ فرۆشتنی بیمەی دڵنیایی،گەنجیینە سازیی، كرێكاری بیناسازیی و گەڵاشكێنیی توتن.

-پێشینەی كار:
 كایەی تەلەفزیۆن:

لە ژیاننامەكەیدا كە لە ئینسكلۆپیدیای ئەمریكیی- ئینكارتا ستیودنت پریمییەم (2009)-دا دەبینرێت،ئاماژە كراوە بۆ ئەوەی یەكەم دەركەوتنی (نواندنكاریی) كلوونیی لەتەلەفزیۆن بۆساڵی 1978 دەگەڕێتەوە لەرۆڵێكی سادەدا لە زنجیرۆچكە (مینی سیریز)ێكدا بەناوی سێنتێنییەڵ و بەشێك لە زنجیرەكانی لە شارۆچكەی ئۆگۆستای زێدی كلوونیی وێنەی گیراوە.
یەكەم رۆڵی سەرەكیی كلوونیی لەساڵی 1984 دا لە زنجیرەی كەم تەمەنی كۆمیدیی ئی/ئار دا بوو كەجیاوازە لەدراما بەناوبانگ وسەركەوتووەكەی ((ئی ئار - ئیمێرجێنسیی رووم - ژووری فریاكەوتنی خێرا "تەواریی" ))ی نێو نەخۆشخانە كە دوای دەساڵ كلوونیی بەشداریی تێدا كرد.
دواتر لەزنجیرەكانی راستییەكانی ژیان-زە فاكتس ئۆف لایف رۆڵی گەنجێكی دەستڕەنگینی فرەكار دەبینێت. هەر لەكایەی تەلەفزیۆندا وپێش گەیشتن بە سەركەوتووترین رۆڵی خۆی ، كلوونیی لە چەند بەرهەمێكی تردا رۆڵی بینیوە لەوانە گۆڵدن گێرڵز ( یەك زنجیرە وەك لێكۆڵەر بۆبی هۆپكنز) و Roseanne لە رۆڵێكی یاریدەدەری نیمچە بەردەوام و Baby Talk  و Bodies of Evidence و سیستەرز.
-دەركەوتنی گەورە 1994- 1999 
هەڵكشانی كلوونیی رووەو ناوبانگ بە بەرجەستەكردنی رۆڵی د.دۆگ رۆس بوو لە زنجیرەی پڕ سەركەوتنی ئی ئار لەسەر كەناڵی ئێن بی سیی لە ساڵی 94-1999.تەنانەت پاش جێهێشتنی ئەو زنجیرە دراما پزیشكیی و فریاگوزارییە نوژدارییە لە ساڵی 1999 دا،كلوونیی لەوەرزی شەشەمدا لە پەراوێزە رۆڵێكدا دەركەوتەوە ولەكۆتا وەرزی دراماكەشدا وەك میوان گەڕایەوە.
سەركەوتنی لە (ئەدائی) نواندنكردەیی كەسایەتییەكەیدا بووە مایەی ناوزەدكردنی وەك پاڵێوراو بۆ دوو خەڵاتی ئێممیی تایبەت بە كاری تەلەفزیۆنیی بۆ ئەكتەری سەرەكیی نایاب لەزنجیرەیەكی درامییدا لەهەردوو ساڵی 95-1996 هەروەها سێ جار بۆ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب پاڵێورا لە كاتیگۆریی باشترین ئەكتەر لە زنجیرەیەكی درامییدا بۆ هەرسێ ساڵی 95-96-1997 .لە هەر سێ جارەكەیشدا ئەو خەڵاتە كە سەندیكای رۆژنامەنوسانی بیانیی هۆڵیوود (HFPA) دەیبەخشێت بۆ ئەنتۆنی ئێدوارد هاوئەستێرە-كۆستاری لە درامای ئی ئاردا رۆیشت.
 سكرینی زیویین:
ساڵی 1988 كلوونیی رۆڵی لەفیلمی تۆقێنەری كۆمیدییTomatoes   Return of the Killer . لەو قۆناغەی تەمەن و كاركردنیشیدا كلوونیی خوێندكاربوو لەسكوڵی نواندنی (بێفەرڵی هیڵز پلەی هاوز) بۆ ماوەی پێنج ساڵ.
هەر لە ژیاننامەی كلوونییدا هاتووە كە هاوكات لەگەڵ كاركردن لە ئی ئاردا كلوونیی سەرنجی سینەماكارانی راكێشا بۆ چەند رۆڵ و كەسایەتییەكی جیاواز ئەوەبوو كەوتە دەركەوتن لە هەندێك فیلمی سینەماییدا.
بەگوێرەی زانیارییەكان یەكەم رۆڵی گەورەی لە هۆڵیوودی پایتەختی سینەمای جیهان،كە دەكەوێتە شارۆچكەی (بێفەرڵی هیڵز)ی پڕ لە پیشەسازیی سینەمایی لە سنووری شاری (لۆس ئەنجلیس) ناسراو بە (ئێڵ ئەی) لەویلایەتی كالیفۆرنیا، لە فیلمی خرۆش وترس وكۆمییدیا و تاوانسازیی "لە زەردەی خۆرئاواوە بۆ گزنگی بەیان-  From Dusk till Dawn"  (1996)  بوو لە دەرهێنانی رۆبەرت رۆدریگێز و نواندنی لە بەرانبەر كلوونییدا ئەكتەری پڕ ئەزموون و ناوداری ئەمریكا و دوو جار كاندیدكراو بۆ خەڵاتی ئۆسكار هارڤیی كیتڵ (1939-).
لەپاش ئەو رۆڵە سەركەوتووە ،خەرمانی بەرهەمەكانی كلوونیی زێدەتر بوو بە رۆڵی لە فیلمی كۆمیدیای ئەوینداریی گونجاو بۆ تەماشاكردنی خێزانیی (یەك رۆژی خۆش - One Fine Day) (1996)  لەگەڵ ژنە ئەكتەری لێهاتوو میشێل فایفەر كە نمایش كرانی لەكەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەكاندا كەوتە ساڵانێكی دواتر لە بەرهەمهێنانی جیاواز لە فیلمی پڕ لەئەكشن و مەترسیی تێرۆری ئەتۆمیی (The Peacemaker) (1997) كە هەر زوو لە سەر ئاستی تی ڤیی ناوخۆیی لە كوردستان نماییشكرا و بووە سەرەتای ناساندنی نیكۆڵ كیدمان (1967-)  ژنە ئەكتەری بەناوبانگی ئوسترالیی و براوەی چەندین خەڵاتی سینەمایی بەهادار لەوانە گۆڵدن گڵۆب و ئۆسكار.
هەر لەو ساڵەدا كلوونییی كاست كرا بۆ نواندن لە فیلمی شكستخواردووی (باتمان ئەند رۆبن)ی دەرهێنەر جۆوڵ شوماخەر كە لەسەر ئاستی دارایی كەم دەستكەوت و لەسەر ئاستی رەخنەییش پڕ شكست بوو تەنانەت خودی كلوونیی ئەو فیلمەی بە "بە فیڕۆدانی پارە" لە قەڵەمدابوو.
 لە ساڵی 1998 دا كلوونیی لەگەڵ ژنە ئەكتەر وسەماكار وگۆرانیی بێژی بەناوبانگی ئەمریكیی بەڕەچەڵەك پۆرتۆریكۆیی جێنێفەر لۆپێز (1970- ) بەشداریی كرد لە فیلمی كۆمیدیی تاوانكاریی ( (Out of Sight كە بووە سەرەتای چەندین كاری هاوبەش لەگەڵ دەرهێنەر ستیڤن سۆدەربێرگ.
هەروەها رۆڵی سەرەكیی وەرگرت و بووە ئەستێرەی فیلمی سێ پادشا – Three Kings كە بەرهەمهێانی لە دوایین هەفتەكانی گرێبەستەكەی لەگەڵ ئی ئاردابوو. ئەو فیلمە ،كە ز‌ور بە باشیی پێشوازیی لێكرا، گاڵتەجاڕییەكی جەنگە و رووداوەكانی یەكانگییركراون لەگەڵ جەنگی كەنداو (17/1-28/2/1991).

لەپاش ئی ئار 2000- 2010:
 نۆبەرەی كار وەك دایرێكتەر
ساڵی 2002 لە كاروانی تەمەنی هونەریی كلوونییدا وەرچەرخانێكی بەخۆوە بینیی كاتێك دەستی دایە ئیشكردن لە پشت كامێراوە وەك دایرێكتەر- دەرهێنەر و فیلمی ( دان پێدانانەكانی بیرێكی ترسناك - Confessions of a Dangerous Mind ) نۆبەرەی ئەو ئەزموونە نوێیەبوو كە فیملێكی بایۆگرافیی سیخوڕیی كۆمییدیە و سیناریۆكەی لە ژیاننامەی بەرهەمهێنەری تەلەفزیۆنیی چەك بارییسەوە وەرگیراوە. ئەگەرچی ئەو فیلمە زۆر باش خۆی نەنواند لە پارە پەیداكردنی بۆكس ئۆفیسدا وەلێ‌ رەخنەگران رایانگەیاند كە كاری دەرهێنانی كلوونیی ئومێدبەخش بووە.
هەر لە كایەی نواندندا كلوونیی كاری دەرهێنانی كردووە بۆ فیلمەكانی درامای مێژوویی (گوود نایت ئەند گوود لەك) (2005) كە دواتر زیاتری لەسەر باس دەكرێت وكۆمیدیای وەرزشیی لێزەرهێد (2008) ودرامای سیاسیی The Ides of March (2011) كە لەنووسینی كلوونیی خۆیەتی و پاڵێوراو بوو بۆ ئۆســـكاری باشـــترین سكرین پـــلەی وەرگیراو و فیلــمی جەنگـــیی The Monuments Men (2014).
 لەبواری نواندندا :
پاش جێهێشتنی ئی ئار ودەستپێكردنی دەیەیەكی تر لەكاری هونەریی لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2010 ، كلوونیی ئەستێرەكاریی كرد لە فیلمە سەركەوتووە داراییەكانی The Perfect Storm (2000)  كە درامایەكی تایبەتە بە كارەساتەكانی زریان و گەردەلوول و راسانی دەریا و هەڵایسانی شەپۆڵە چیائاساكانی. فیلمی سەركێشیی كۆمیدیی برایان (ئیسان و جۆۆڵ كۆین) بەناوی O Brother Where Art Thou? (2000).
لە 2001دا ناووناوبانگی جۆرجی تەمەن 40 ساڵی ئەو كات زیاتر ناسراو و فراوانتر بوو پاش ئەوەی جارێكی تر لەگەڵ سۆدەربێرگدا یەكییان گرتەوە و هەرە سەركەوتووترین فیلمی خۆیان كەكۆمیدیای دزیی و فزیی Ocean's Eleven بوو بڵاوكردەوە. هەر لەو ساڵەدا لەگەڵ سۆدەربێرگی دەرهێنەری فیلمەكەی پێكەوە كۆمپانیای سێكشن ئەیت پرۆدەكشنیان دامەزراند. هەر لە سایەی ئ سەركەوتنە گەورەكەی ئۆشەن ئیلێڤنەوە بوو كە دوو بەشی تر بەنواندنی ئەستێرەیی كلوونییەوە بەرهەمهێنران بەناوی (2004) Ocean's Twelve و (2007) Ocean's Thirteen ەوە.
بەگوێرەی ئامارەكان ئەو فیلمەی 2001 تا ساڵی 2011 هەرە پڕ فرۆشترین فیلمی كلوونیی بوو چونكە 450 ملیۆن دۆلار دەستهاتی بوو لەسەرتاسەری جیهاندا.فیلمەكەش دووبارە كردنەوەی فیلمێكی ساڵانی 1960ی رات پاك بوو بەهەمان ناوەوە وكلوونییش رۆڵی دانیی ئۆشنی بینی كە لە بنەڕەتدا فرانك سیناترا (1915-1998)ی ئەمریكیی ئیتاڵیی نەژاد بەرجەستەی كردبوو. ئەو هونەرمەندە فرە بەهرەیەی بەهۆی دەنگە ناوازەكەی و ئەلبومی گۆرانییە سەركەوتووەكانی و نواندنە لە بیرنەكراوەكانییەوە لە چەندین فیلمی ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوودا بووە یەكێك لە هەرە بەناوبانگترین كەیفساز وگۆرانی بێژو ئەكتەرەكانی سینەمای ئەمریكا لەنەوەی خۆیدا. 
2005: ساڵێكی دیار
لە 2005 دا كلوونیی ئەستێرەكاریی كرد لە نواندن و هاوبەرهەمهێنانی فیلمی سیریانادا كە هەریەك لە ئەكتەرانی بەتوانا مات دەیمن و ئەماندا پییت و كریستۆفەر پلامەریش لە نێو كاستەكەیدابوو. سیریانا كە لە دەرهێنان و نووسینی ستیڤن گاغانە فیلمێكی دارمیی جیۆسیاسیی تایبەت بە سیاسەتی نەوتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەزۆریی لە یاداشتەكانی رۆبەرت باییر كرێگرتە یاخود كارمەندی پێشووی دەزگای موخابەراتی ئەمریكا (سی ئای ئەی)ـەوە بەناوی (  See No Evil) ـەوە وەرگیراوە. بۆ ئەو نووسینەش ستیڤن گاغان ناوی پاڵێورا بۆ خەڵاتی ئۆسكاری باشترین نووسینی سیناریۆی رەسەن - ئۆریجینەڵ سكرین پلەی.
ئەو فیلمە لە پاڵ ناوبانگێكی زیاتردا بۆ كلوونیی ، لە وەرزی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ساڵی 2006 دا چەند خەڵاتێكی پێوەبوو لەوانە هەردوو خەڵاتی ئۆسكار وگۆڵدن گڵۆب بۆباشترین ئەكتەری یاریدەدەر وبۆ هەمان كاتیگۆریش لە خەڵاتەكانی بافتا (بەریتانیا) ناوی پاڵێورابوو. 
هەر لەو ساڵەدا كلوونیی كاری نووسینی سكریپت وبەرهەمهێنان و دەرهێنان و نواندنیشی كرد بۆ فیلمی پێشتر ناوهێنراوی (گوود نایت ئەند گوود لەك) كە دەربارەی شەڕە قسەی نێوان ئیدوارد ئار مورۆی رۆژنامەنووسی تەلەفزیۆنیی ساڵانی پەنجای سەدەی رابردوو و سیناتۆر جۆزێف مەككارسیی.
ئەوەی جێی سەرنج وخاڵێكی درەوشاوەی كاری هونەریی كلوونییە ئەوەیە كە شەوی 5/3/2006 و لە (78 هەمین) خولی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكاردا،كلوونیی لە یەك كاتدا بۆ خەڵاتی باشترین ئەكتەری یاریدەدەر لە سیریانادا و باشترین دەرهێنەر وباشترین ئۆریجینەڵ سكرین پلەی بۆ فیلمی (گوود نایت ئەند گوود لەك) پاڵێورابوو كەئەوەش رووداوێكی دەگمەن بوو لەمێژووی ئەو خەڵاتە زێرێنە دێرینەی سینەمادا.
ساڵانی دواتر: چوونە نێو ناوان
ئاشكرایە لە رابردوو و ئێستاشدا هەمیشە خەڵاتی ئۆسكار بۆ ئەكتەران و دەرهێنەران سەنگ و قورسایی خۆی هەبووە و هەیە بۆ گەیشتن بە ئاواتێكی رەوا كە چوونە نێو ناوانە لەگەڵ هەموو ئەو هاوپیشانەی تر كە بە ئەفراندنی هەمە چەشنیان لە هونەری حەوتەمدا بوونەتە ناوێكی دیار وبەرچاو نەك بە بردنەوەی خەڵاتەكە كە ئەوە ئەوپەڕی ئاواتە بەڵكو هەر بە ناوزدەكردنیان وەك پاڵێوراو سەنگ وقورسایی وبایەخ وگرنگیی ناو وبەشدارییان زیاتر بەهێز ومكوم تر دەبێت. لەوەشدا كلوونیی بەختەوەربوو بەوەی نەك جارێك بەڵكو چەندین جار بۆ یەكێك لەهەرە گرنگترین كاتیگۆرییەكانی ئۆسكار كەخەڵاتی باشترین ئەكتەرە لەرۆڵی سەرەكییدا ناوی پاڵێورا.جاری یەكەم بۆ فیلمی درامیی بواری پارێزەریی ومافناسیی مایكل كلایتن (2007) بوو كە لەنووسین ودەرهێنانی تۆنی گیلڕۆیە.لەو فیلمەدا كلوونیی رۆڵی مایكڵ كلایتنی پارێزەر دەبینێت كە لەهەوڵدایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ داڕووخانی دەروونیی هاوكارێكی خۆی و ئەو گەندەڵیی و تەونە جاڵجاڵۆكەییەی دەوری یەكێك لەموەكیلە گەورەكانی كۆمپانیای پارێزەرییەكەی داوە.جاری دووەم بۆ فیلمی كۆمیدیی-درامیی (2009) Up in the Air بوو لەدەرهێنانی جەیسن رایتمان و سێیەم جاریش بۆ فیلمی كۆمییدیی- درامیی  The Descendants (2011) بوو كە كاری دەرهێنەر ئەلكزەندەر پەیینە.
2013: ئۆسكاری بەرهەمهێنان
ساڵی 2013 بۆ كلوونیی ساڵێكی خەڵاتئاوەر بوو بەڵام وەك ئەكتەر یا دەرهێنەر نا ، بەڵكو وەك هاوبەرهەمهێن لەتەك بێن ئەفڵیك (دەرهێنەر و ئەكتەری سەرەكیی فیلمەكە) وگرانت هێسڵۆڤی ئەكتەر و نووسەر و بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری هاورێی كلوونیی و هاوكاری لە نووسینی سیناریۆكاندا بۆ فیلمی درامای سیاسیی ئارگۆ (2012) كە لە (85 هەمین) خولی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكار لە 24/2/2013 دا بووە براوەی خەڵاتی باشترین فیلم و ئەو خەڵاتەش بۆ بەرهەمهێنەرەكان دەڕوات. بەوەش لە سەرەنجامی بردنەوەكانییدا كلوونیی براوەی دوو خەڵاتی ئۆسكارە و هەشت جاریش بۆ ئەو خەڵاتە پاڵێوراوە بەڵام لە شەش كاتیگۆریی جیاوازدا و تا ئەم ساتە وەختە تەنیا كەسە كە لە مێژووی ئۆسكاردا بۆشەش بواری جیاواز ( ئەكتەر لە رۆڵی سەرەكیی و یاریدەدەر، باشترین سیناریۆی رەسەن و وەرگیراو ، بەرهەمهێنان و دەرهێنان) ناوی پاڵێورابێت.
بەدەر لە سینەما: كەسایەتییەكی كاریگەر
ساڵی 2009  كلوونیی ناوی لە لیستی ساڵانەی 100 كەسیی گۆڤاری تایمزدا بوو بۆ "هەرە كاریگەرترین كەسەكان لە جیهان" . هەروەها كەسایەتییەكی دیار و بەرچاوە وەك چالاكوانێكی سیاسیی و لە كۆتایی كانوونی دووەمی 2008 یشدا بوو بە یەكێك لە پەیامنێرانی ئاشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان. هاوكات كارە مرۆییەكانی لەوانە داكۆكیی كردنی لە پێویستیی دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ ناكۆكییەكانی هەرێمی دارفوری خۆرئاوای سودان و كۆكردنەوەی كۆمەك و یارمەتیی دارایی بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەكەی ساڵی 2010 لە هاییتی، ناساندنی جینۆسایدی ئەرمینییەكان ، بەهاناوەچوونی كارەساتبارانی تسونامییەكەی 2004 و كەس و كاری قوربانییانی پەلامارە تێرۆریستییەكانی 11ی سێپتەمبەر و بەرهەمهێنانی فیلمی بەڵگەیی لە چەشنی (خاك و خەم – Sand and Sorrow) بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی لەمەڕ قەیرانە نێودەوڵەتییەكان، كاریگەرییەكی گەورەی هەبووە لە بەخشینی پلە وپایەیەكی سیاسیی و مرۆیی گەورە بەكلوونیی.
















زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved