28/3/2017 01:56 PM

سلێمانی و هەولێر رۆژی جیهانیی شانۆیان بەرزراگرت

ئێوارەی رۆژی 27-3-2017 كە هاوكاتە لەگەڵ رۆژی جیهانیی شانۆ، لەهۆڵی تەوار لەشاری سلێمانی بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و میوانێكی زۆر فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ دەقی شانۆی كوردی دەستی بەكارەكانی كرد، فێستیڤاڵەكە چەند ڕۆژێك دەخایەنێت و لەكۆتایشدا باشترین دەقی كوردی خەڵات دەكرێت.
سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان لقی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی،  فیستیڤاڵی سلێمانی بۆ دەقی شانۆی كوردی بەڕێوەدەبەن كە لەڕۆژانی 27 بۆ 31-3 بەردەوام دەبێت و وابڕیاریشە لەو ماوەیەدا 9 دەقی شانۆیی نمایش بكرێت.
فێستیڤاڵەكە بە ئامادەبوونی خالید دۆسكی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و بەرپرسانی حكومی و حزبی و هونەرمەندان و میوانێكی زۆری ناوخۆو بیانی بە كردنەوەی فێستیڤاڵ دەستی بەكارەكانی كرد، سەرەتاش نیاز نوری نەقیبی سەندیكای هونەرمەندان وتاری سەندیكای پێشكەش كردو رایگەیاند، هۆڵە شانۆییەكان كەموكورتی زۆرە، ئەو بڕە پارەییەشی بۆمان دابین دەكەن بەشی تەختی شانۆ ناكات، وتیشی بۆ ئەم فیستیڤاڵە لە دەرگای زۆر كەسمان داو دەستیان بە ڕوومانەوە ناو بێجگە لەچەند لایەنێكی كەم، هەر لە وتارەكەیدا پێشنیاری بۆ پارێزگاری سلێمانی كرد كە سندوقێكی هاوكاری بۆ پاڵپشتی هونەر دابنرێت.
هەر لە درێژەی وتار خوێندنەكاندا سەردار قادر لەبری پارێزگاری سلێمانی وتی: ئێمە ئەو سندوقەی كاك نیاز پێشنیازی بۆ كرد دابین دەكەین، وتیشی بودجەی مانگانەی پارێزگای سلێمانی 10 ملیۆنە لەو پارەیەش یەك ملیۆنی بۆ شانۆ تەرخان دەكەین.
پاشان بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی وتارێكی پێشكەشكردو وتی: نمایشكردنی نۆ دەقی شانۆیی كوردی لەشاری سلێمانی ئەمە سەركەوتنێكی گەورەییە، هیوای خواست شانۆ هەردەم وەكو قوتابخانەیەك بۆ هۆشیاری گەل و میللەتەمان رێنیشاندەر بێت، بەتایبەت كە شانۆ كارێكی دەستەجەمعییەو پەیامەكانی راستەوخۆ دەگەیەنێت.
دواتر گەزیزە عومەر وتاری ڕۆژی شانۆیی كوردی خوێندەوە، كە وتاری شانۆكاری جیهانی ئەلێزا بوو لە وتارەكەیدا ئەلێزا ئاماژەی بەوە دا كە ئاماژەی بە چەند شانۆیی جیهانی دا كە دەتوانێت هەموو شارەكان بكات.
پاشان شانۆیی(خەونی جەنگاوەرێك ) لە دەرهێنانی مۆفەق عارف لهۆنی نمایشكرا، دواتریش شانۆیی (كوێخا) لە هۆڵی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان نمایشكرا كە لە دەرهێنانی شەماڵ فەهمی بوو.
هەروەها دوێنێ‌ 28-3-2017 سەعات 10ی بەیانی گفتوگۆیەك دەربارەی (دەق لە شانۆی كوردیدا مێژوو ئایندە) لە تەلاری هونەر بەڕێوەچوو ئەمڕۆش چالاكییەكانی ئەو فێستیڤاڵە بەردەوام دەبێت.
لەلایەكی ترەوە هەر بەبۆنەی رۆژی جیهانیی شانۆ، لەشاری هەولێر چەند شانۆییەك و مەراسیمێك بەڕێوەچوو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ  بەهاوكاری پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر، هەر بەهەمان بۆنە، پەیكەرێك بۆ شانۆكارو ئەكتەر بەئەزموونی شاری هەولێر خەلیل یابە پەردەی لەسەر لادرا لەبەرامبەر ئەم خزمەتە زۆرەی بە هونەری كوردیی كردووە لەشارەكە.
خاك- بەیاد مەریوانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved