28/3/2017 03:16 PM

كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی بۆ یەكمجار لەسەر ئاستی زانكۆكانی نیشتیمانی عەرەبی پلەی چوارەمی بەدەستهێنا

لەپەراوێزی كۆنگرەی شەشەمی زانستی نێودەوڵەتی بۆ جیهانگیری زانستی وەرزش كە لەڕۆژانی25-27/ 3 لەشاری بەسرە ئەنجامدرا، دوای ریزبەندی كردنی زانكۆكانی نیشتیمانی عەرەبی لە خولی دووەمدا زانكۆی سلێمانی پلەی چوارەمی بەدەستهێنا، كە بۆ یەكەمجارە لەكوردستان زانكۆیەك بەشداری بكات.
دوای بانگهێشتنامەی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر  دكتۆر عەلی قادر ڕاگری كۆلێجی پەروەردەی وەرزشی و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر نازم جەبار سەرۆكی بەشی پەروەردەی وەرزشی بنەڕەتی ئامادەی كۆنفرانسەكەو وەرگرتنی خەڵاتەكە بوون.
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر نازم جەبار سەرۆكی بەشی پەروەردەی وەرزشی بنەڕەتی لە لێدوانێكیدا وتی پێش ئەوەی ئەم ریزبەندییە بكرێت ئێمە فۆڕمێكمان بۆ هاتووە  لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی بۆ زانستی  وەرزشی كە سەربەئەكادیمیای نێودەوڵەتی بۆ تەكنەلۆجیای زانستی وەرزشی لەسویدە، لەسەر بنەمای ئەو فۆڕمە كۆلێژەكەمان هەڵبژێردراوە.
وتیشی ئەم هەڵبژاردنەی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی نازناوێكی باش دەبێت بۆ زانكۆی سلێمانی چونكە لەسەر ئاستی هەموو زانكۆ كانی كوردستان تەنها زانكۆیە كە بەشداری ئەو ڕیزبەندییەی كردووە.
هەر ئەمڕۆ 3/28 پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پێشوازی لە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر  دكتۆر عەلی قادر ڕاگری كۆلێجی پەروەردەی وەرزشی و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر نازم جەبار سەرۆكی بەشی پەروەردەی وەرزشی بنەڕەتی كردوو، پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی لێكردن و هیوای خواست كە بەردەوام بن لەبەرەو پێشبردنی ئاستی وەرزشی لە زانكۆی سلێمانیدا.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved