1/4/2017 02:50 PM

(فەرمانڕەوایی مەملوكەكان لەعێراق)

دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان لەنوێترین چاپكراوی خۆیدا، كتێبی (فەرمانڕەوایی مەملوكەكان لەعێراقدا 1750-1831)ی نوسەر موسا كازم نورس و لەوەرگێڕانی عوسمان عەزیز عەلاف، چاپ و بڵاوكردەوە.
لەكتێبەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە "لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەمدا فەرمانڕەوایی لە عیراقدا لە والییەكانی عوسمانییەوە بۆ مەملوكە كەرجییەكان و كەسانی تر گوێزرایەوە".
نوسەری كتێبەكە لەبارەی بایەخی توێژینەوەكەی نوسیویەتی "كاتێك حەسەن پاشا ساڵی 1704 پلەی پاشایەتی بەغدای بە دەست هێنا والی خۆی رێی بۆ مەملوكەكان خۆش كرد بە هێنان و بایەخدان و ئامادە كردنیان بۆ پلە و پایەی كارگێڕی و سەربازی، بناغەی فەرمانڕواییانی لە عێراقدا دامەزراند.
دوای خۆی ئەحمەد پاشای كوڕی پەیڕەوی ڕێبازی باوكی كرد. كاتێكیش كۆچی دوایی كرد، مەملوكەكان ئەوەندە بەهێز و توانا بووبوون كە كاتێك دەوڵەتی عوسمانی والیی خۆی دابنایە دەیانتوانی ئاژاوە و پشێویان بۆ پەیدا بكەن و ناچاریان كرد ساڵی 1750 ((سلیمان پاشا)) ی مەملوكی ئازادكراو بە والی بەغدا و بەسرە و ماردین دابمەزرێنێت، ئەوەش یەكەم مەملوك بوو كە پلەی پاشایەتی بەدەست بهێنێت.
سەردەمی مەملوكەكان تا ساڵی 1831 بەردەوام بوو، ئەو سەردەمە لەو ڕووداوانە بوو كە شایەنی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە بێت لەبەر ئەوەی چەندەها كارەساتی گەورە و ترسناكی تێدا ڕووداوە وەكو شۆڕشە توندوتیژی خێڵەكان و پشێویی بارودۆخی كوردستان و دەست تێوەردان و شاڵاو و داگیركارییە بەردەوامەكانی ئێران. هەروەها لەسەردەمی مەملوكەكان توندوتیژی و هێرشی وەهابییەكان بۆ سەر عیراق سەری هەڵدابوو، سەرەڕای زیادبوونی دەست تێوەردانی بەریتانیا، لە ویلایەتی بەسرە و بەغداد – دا.
بەو جۆرە سەردەمی مەملوكەكان بەسەردەمێكی گرنگی مێژوویی عیراق دادەنرێت و وای لێكردم بە شێوەیەكی زانستیانەی توندوتۆڵ باسی بكەم و هەوڵ بدەم پەردە لەسەر لایەنەكانی تری لابدەم. توێژینەوەكە لە سەرەتایەك و پێنج بەش پێك هاتووە.
لەسەرەتاكەدا باسم لە بارودۆخی عیراق لەسەردەمی پێش مەملوكەكان كردووە، بەتایبەتی تایبەتمەندییەكانی فەرمانڕەوایی ((حەسەن پاشا)) و ئەحمەد پاشای كوڕی.
خاك-هەردی محەمەد





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved