2/4/2017 09:52 AM

ئۆتیزم چیە ؟

بەروای ٢ی نیسانی هەموساڵێک بەڕۆژی هۆشیاری ئۆتیزم لە جیهاندا ناسێندراوە ، کە بەپێی ئامارەکان لە کۆی ١١٠ منداڵ تەنها منداڵێك توشی نەخۆشی ئۆتیزم دەبێت لەم ڕۆژەدا لە ڕێگای چالاکی جۆراو جۆرەوە هۆشیاری بەرامبەر بەم نەخۆشیە دەدرێتە دایك و باوکان.

ئۆتیزم چیە ؟
ئۆتیزم بریتیە لەو نەخۆشیە درێژخایەنەی بەر لە تەمەنی سێ ساڵی توشی هەندێک منداڵ دەبێت و گەشەی مێشک تێك دەدات و ئەمەش کاردەکاتە سەر فەرمان و چالاکیەکانی مێشك ، نەخۆشیەکەلە یەکەم ساڵی تەمەنی منداڵیەوە بەدەر دەکەوێت ، هەندێك کات ئەم نەخۆشیە بە کەم ئەندامی سیانی دەناسرێت بەو هۆیەیی لە سێ ڕووەوە کاریگەری لەسەر گەشەی منداڵ دەبێت وەك (قسەکردن، پەیوەندی کۆمەڵایەتی و شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ دەوروبەردا).
بەپێی ئامارەکان ئەم نەخۆشیە زیاتر دوچاری منداڵی کوڕ دەبێت بەجۆرێک لەبەرامبەر توشبونی کچێک بە نەخۆشی ئۆتیزم چوار کوڕ دوچاری ئەم نەخۆشیە دەبنەوە.

نیشانەکانی ئۆتیزم:
نیشانەکانی نەخۆشی ئۆتیزم لە دوای تەمەنی یەك ساڵ و نیوی لە منداڵدا بەدیار دەکەون لە نێوان تەمەی (٢ تا ٣) ساڵی لە سێ بواردا ڕەنگ دەداتەوە ئەوانیش ( گفتوگۆ، پەیوەندی کۆمەڵایەتی و گرفت لە هەڵسوکەوت).
دابڕانی کۆمەڵایەتی و ڕازی نەبون بە یاریکردن لەگەڵ خێزان و منداڵانی دیکەدا.
خاوخلیچکی یان جوڵەی بەردەوامی بێ مەبەست.
گوێ نەدان بەدەورو بەر زۆر جار دەگاتە ئاستێك کە خێزان وادەزانن منداڵەکەیان نابیستە.
بەرەنگاربونەوەی گۆڕانکاری و زوو هەڵچون.

لە ڕوی زمانەوە :
دواکەوتنی ئاخاوتن یان بێدەنگی یان دەنگەدەنگی بەردەوام .
دوبارەکردنەوەی قسەی کەسانی تر بە بێ تێگەیشتن لە ماناکەی ، وتنی ڕستەو وشەی بێ واتا.
تێنەگەیشتن لە زمانی جەستەو گرفت لە بابەتە بینراوەکان .
هەست نەکردن بە سەرمان و گەرما .
پێکەنینی بێ هۆ.
ترسان لە هەندێک شت کە پێویست بە ترس ناکات ، نەترسان لە هەندێکی دیکە کە جێگای مەترسیە.
دوبارە کردنەوەی هەمان ڕەفتار و یاریکردن بە پەلەکان لەگەڵ بونی چەندین نیشانەی دیکەدا.

هۆکارەکانی توشبوون:
لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا هۆکاری سەرەکی توشبون بەم نەخۆشیە دەستنیشان نەکراوە بەڵام توێژینەوەکان ئاماژە بەچەند هۆکارێکی توشبوون بەم نەخۆشیە دەکەن لەوانە ( هۆکاری بۆماوەی ، ژینگە، بونی کێشە لە کاتی لەدایك بونی منداڵ ، لاوازی کۆئەندامی بەرگری  و تەمەنی باوك ).

چارەسەر کردن:
ئۆتیزم لەو نەخۆشیانە نیە بەتەنها ڕێگایەك چارەسەر بکرێت بەڵکو ڕێگە چارە لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە جیاوازە دەکرێت بە ڕێگاکانی (باشترکردنی ڕەفتار، ڕێگای بنیادنانی فێرکاری و دەرمان ) چارەسەر بکرێت .


خاك- ژیمان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved