9/4/2017 01:42 PM

مەلا كاكە حەمەی بێلوو

خەلیل عەبدولڵا

بەغەمزەی چاوی مەخموری سیاهی مەستی مەی كردم
بەماچی لێوی موستەغنی لەئەنواعی مەزەی كردم
ترازا بەندی سوخمەی گوڵناری بەئاهی من
كەچی دەستی لەسەردانا لەسەیری باغی بەی كردم
ناری

مەلا كاكە حەمەی بێلوو كە لەدنیای ئەدەبدا بە(ناری) ناسراوە شاعیرێكی گەورەی كوردستانە‌و لەرێی شیعرە بەرزو جوانەكانیەوە خزمەتێكی زۆری بەكاروانی ئەدەبی ‌و رۆشنبیری كوردی كردووە.
ناری ساڵی 1874لەگوندی بادەڵانی ناوچەی شلێری سەر بەقەزای پێنجوێن لەدایك بووە‌و لەئامێزی خێزانێكی ئاینپەروەردا گەورە بووە.
سه‌ره‌تا لای باوكی خوێندویەتی و دواتر بۆ خوێندن‌و وەرگرتنی زانیاری ئاینی چۆتە ناوچە جیاجیاكانی باشورو خۆرهەڵات‌و باكوری كوردستان‌و ساڵی 1897 ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە‌و وەك زانایەكی ئاینی روناكبیر خزمەتی كردووە.
ناری ئەگەڕێتەوە بۆ مەریوان‌ولەساڵی 1904ەوە تا دوا رۆژەكانی ژیانی وەك مامۆستای حوجرەی گوندی بێلوو خزمەت ئەكا‌و هەر بۆیەش لەناو خەڵكدا بە مەلا كاكە حەمەی بێلوو ناسرابوو.
ناری هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە بایەخی بەبواری ئەدەب دابوو ‌و دەستی هۆنینەوەی شیعر كردبوو، لەرشتە جیا جیاكاندا شیعری نوسیوە‌و خاوەنی دەیان شیعری بەرزە.
ناری خاوەنی دیوانی خۆیەتی‌و چەند جارێك دیوانەكەی چاپ كراوەتەوە‌و لەم ساڵانەدا عوسمان عارف ناری زادەی نەوەی شاعیر دیوانەكەی بەشێوەیەكی جوان چاپ‌و بڵاو كردەوە.
ئەم شاعیرە گەورەیەی كورد لە 2ی نیسانی 1944 بۆ دوا جار چاوەكانی لێكنا‌و چووە دنیای نەمرانی كوردستانەوە‌و لە گوندی بێلووی ناوچەی مەریوانی كوردستانی خۆرهەڵات بەخاك سپێردرا.درودی رێزو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved