10/4/2017 02:36 PM

خێـــــزان لەبەردەم كێشە و ئەركەكانی كەسی ئۆتیزمدا

نەبەز هەورامی
توێژەری دەروونیی و
ڕاهێنەر لە پەروەردەی تایبەت ــ
باوكی كوڕێكی ئۆتیزم



تێكچوونی باری تەندروستی هەر تاكێكی نێو خێزانێك، كاریگەریی ڕاستەوخۆ لە سەر تەواوی ئەندامانی خێزانەكە جێدەهێڵێت، بە تایبەت  ئەگەر تێكچوونەكە درێژخایەن بێت، یان وێڕای جەستە، دەروون و هەڵسوكەوتیش بگرێتەوە.
یەكێك لەو تێكچوونانە كە ڕەفتار و هەڵسوكەوت دەشێوێنی (ئۆتیزم)ە.
كە بە گشتیی وەزیفەی هەستەكانی تێكدەچێ‌، لە هەموو هەڵسوكەوتێكی ڕۆژانە و شەوانەدا، لە خواردن و خەوتن و بینین و بیستن و پێوەندییدا، كێشەی هەیە.
زۆرجاریش توندی و تیژیی دەنوینێ‌،  ئازاری خۆی و دەوروبەریش دەدات، هێندێ‌ لە پەیام و داواكانی بە شكاندن و فڕێدان و ئازارگەیاندن دەگەیەنێ‌..،  كێشەی لەگەڵ بەرزیی و نزمیی دەنگ، كێشەی لەگەڵ تیشك و ڕەنگ و بۆندا هەیە.
لەبەر ئەمانە، لە چەند ڕوویەكەوە كێشە بۆ خێزان دروست دەكات..
لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دی كێشەكان جیاوازن:
 كەسانی ئۆتێزم لە وڵاتانی پێشكەوتوودا، كێشەیان كەمترە، لەبەر ئەوەی لە هەموو ڕوویەكەوە خزمەت دەكرێن و قورسایی هەموو ئەركەكە لەسەر خێزان نیە، ئەمە بێجگە لەوەی كە خێزان هۆشیاریی پێدەدرێ‌ و ڕادەهێنرێ‌..، كۆمەڵگەش بە گشتیی ئەو جۆرە كەسانە قەبووڵ دەكات.  
 لە هێندێ‌ لە وڵاتانی دەوروبەریشمان، تا ڕاددەیەك خزمەتگوزاریی باش بە كەسانی ئۆتیزم و خێزانەكانیان پێشكەش دەكرێ‌، سەنتەری تایبەتی  ڕاهێنان و چارەسەریی پزیشكییان بۆ كراوەتەوە، هەوڵی بە كۆمەڵایەتیی كردن و بەشداریی پێكردنیان لە خوێندندا لەگەڵدا دەدرێ‌..(بە نموونە وڵاتی ئوردون كە خۆمان سەردانی ئەكادیمیای ئوردونی بۆ ئۆتیزم ــ مان كردووە، هەروەها لوبنان، كە چەند هاوڕێ و هاوكارێكمان سەردانیان كردووە و سەنتەرەكانیان بینیووە).
 هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی بەردەوام لە نێو قەیرانی دارایی و سیاسییدایە، ژیانی كۆمەڵایەتیش (بە گشتیی) لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، حكومەت نەك هیچجۆرە بەرنامەیەكی بۆ دروستیی ژیانی كۆمەڵایەتیی و خێزان نەبووە، بەڵكو لە زۆر بواریشدا هۆكاری خوڵقاندنی كێشەبووە؛ بۆیە خێزانێك لە هەرێمی كوردستاندا یەكێك لە ئەندامانی ئۆتیزم بێ‌، كێشە و گرفتەكانی زۆرترن...
لە خێزانێكەوە بۆ خێزانێكی دی، كێشەكان جیاوازن:
خێزانێك ئەگەر باوك یان دایكی تێدا نەبێ‌، یان دووچاری نەخۆشییەكی درێژخایەن بووبن، خێزان ئەگەر نەدار بێ‌، كرێچیی بێ‌، یان ئەركی ژیان و گوزرەانی قورس بێ‌ و بەردەوام لە كاركردندا بێ‌، یان نەخوێندەوار بێ‌، یان كێشەی دیكەی كۆمەڵایەتیی هەبێ‌، یان دایك و باوك بەردەوام ناكۆك و ناتەبا بن؛ ئەمانە هەموو كاریگەریی دیكەی نەرێنی دروست دەكەن..
لە مناڵێكەوە بۆ مناڵێكی دی كاریگەرییەكە جیاوازە:
كەسی تووشبوو بە ئۆتیزم، ئەگەر كچ بێ‌ كێشەی زۆرتر بە دوای خۆیدا دەهێنێ‌، بە تایبەت ئەگەر لە چوونە دەرەوەیدا كۆنتڕۆڵ نەكرێ‌..
هەروەها ئەگەر نۆبەرە بێ‌، ئەرك و كێشەكانی لەسەر خێزان قورسترن، چونكە  كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر مناڵەكانی پاش خۆی هەیە، یان لەوانەیە ئاسانتر بتوانێ‌ ئازاریان پێبگەیەنێ‌، یان ئازادییان بشوێنێ‌..
هەروەها لەبەر ئەوەی ئەوان بە تەمەن لەم بچووكترن، ناتوانن وەك پێویست مامەڵەی دروستی لەگەڵ بكەن، یان هاوكاریی باوان بكەن..، بەڵام ئەگەر لە مناڵانی دیكەی خێزانەكە بچووكتر بێ‌، ئەوانیش دەتوانن هاوكاریی دایكوباوك بكەن و ئەویش كەمتر دەتوانێ‌ ببێ‌ بە هۆی ئازاردانیان.
ئەگەر كەسی ئۆتیزم، نەخۆشییەكی جەستەییشی هەبێ‌، یان كەمتوانایی لە بینین و بیستندا، یان لە پەلەكاندا هەبێ‌..، بێگومان كێشەكانی بۆ خێزان زۆرتر دەبن. كە نمونەی لەمجۆرەمان هەیە.
تەمەن و كاریگەریی:
كە دەگوترێ‌ ئۆتیزم لە تەمەنی مناڵییدا دەردەكەوێ‌، یان نەخۆشییەكی مناڵانایە، زەینمان بۆ ئەوە دەچێ‌ ئەم گرفتارییە پێوەندیی بە هەرزەكار یان كەسی گەورەوە نەبێ‌، یان بە شتێكی سادە و ئاسان بێتە بەرچاو، گوایا لەبەر ئەوەی مناڵ بە ئاسانیی كۆنترۆڵ دەكرێ‌..!
بەڵام ئەوە ڕوونە كە كەسی ئۆتیزم گەشە دەكات و گەورە دەبێ‌، بە قۆناغەكانی مێردمناڵیی و هەرزەكاریی و پێگەییشتن دەگات، ئێستا كەسی تۆتیزم هەیە لە كوردستان تەمەنی نیزیكەی بیست ساڵە..، لە ڕووی جەستەییشەوە گەشە دەكات و گەورە دەبێ‌، بەمەش كێشەكانی گەورەتر دەبن..
ئەوە ڕوونە كە قۆناغی هەرزەكاریی، بۆ كەسانی دیكەش لە كۆمەڵگەی ناهۆشیاردا چەندین كێشەی لەگەڵدایە، بێگومان بۆ كەسی ئۆتیزم لەم تەمەنەدا كێشەكان قورستر و ئاڵۆزترن، بە تایبەت ئەگەر كەسەكە پێشتر و لە مناڵییدا نەخرابێـە ژێر چاودێری پزیشك و بەرنامەی ڕاهێنانەوە.
كاریگەریی دەروونیی لەسەر خێزان:
كەسی ئۆتیزم لە  ساڵانی یەكەمی تەمەنیدا لەبەر ئەوەی كە ئارەزووی چوونە باوەش و پێوەندیی سۆزداریی لەگەڵ باوانیدا نیە، یان لاوازە، ئەوان تووشی دڵەڕاوكێ و نیگەرانیی دەكات، كاتێكیش كە دەزانن مناڵەكەیان ئۆتیزمە، تووشی شۆكێكی گەورە دەبن..، یان دەكەونە خۆخواردنەوە كە دەبێ‌ ئەوان لەوەدا چ خەتایەكیان هەبووبێ‌..
پاشان بەرەبەرە لەگەڵ گەورەبوونی مناڵەكەدا، خەم و ئازار و كێشەكانی خێزانیش گەورە دەبن، بۆ نموونە؛ لە تەمەنی چوونە قوتابخانەدا، ئەوان ئازارێكی دەروونی قوڵ دەچێژن كە دەبینن مناڵەكەیان ناتوانێ‌ وەك مناڵی ئاسایی بخوێنێ‌ و تێكەڵ ببێ‌..
پاشان كە بە هۆی مناڵی ئۆتیزمەوە، خێزان لە چەند ڕوویەكەوە، لە كۆمەڵگە و ژیانی گشتیی و گەشت و گەڕان دادەبڕێ‌، ئەمەش كاریگەریی دەروونیی خراپ بە دوای خۆیدا دەهێنێ‌.
كاریگەریی كۆمەڵایەتیی:
گوتمان خێزان ناچار دەبێ‌ لە دەوربەر و كۆمەڵگە داببڕێ‌، تەنانەت لە كەسانی نیزیكیشیان، یان ئەوان نەتوانن بە ئاسانیی سەردانی خێزانەكە بكەن، ئەمانە هەموو كاریگەریی خرا پ دروست دەكەن.
یان جاری وەها هەیە، كەسانی دەوروبەر لە گرتنەبەری ڕێگەی چارەسەر و چۆنێتی خزمەتكردنی مناڵەكەدا سەركۆنەی خێزان دەكەن، یان دەست وەردەدەنە كاروباریان، بەمەش خێزان تووشی كێشە دەكەن، دروست بوونی كێشەی كۆمەڵایەتی لەو خێزانانەوە زۆر نیزیكترە كە مناڵی خاوەن پێداویستی تایبەت یان ئۆتیزمیان هەیە لە چاو خێزانی دیكەدا . جاری وەها هەیە كێشەكان لە خێزان بەرەو هەڵوەشاندنەوەو جیابوونەوەش دەبەن.
كەسوكار و دەوربەر وا سەركۆنەی خێزانەكە دەكەن كە بۆچی مناڵەكەیان زۆر نابەنە دەرەوە بۆ شوێنە گشتیەكان، هێندێكی دی بە پێچەوانەوە ئەوەیان ڕووبەڕوو دەكەنەوە كە مناڵەكەیان ئەوە حاڵیەتی بۆ دەیهێننە دەرەوە، یان داوای ئەوەی لێدەكەن ئەی بۆ نایبەن بۆ لای دوكتۆری وڵاتانی دەرەوە، یان ڕێگەی خورافیی پیشانی خێزان دەدەن بۆ چارەسەر، یان هۆكاری سەیروسەمەرە بۆ نەخۆشیەكە دەدۆزنەوە كە زیاتر خێزانەكە دەخەنە بەردەم هەستكردن بە تاوانباریی و كەمتەرخەمیی..
دابڕان لە گەشتوگەڕان‌و سەیران، كێشەی دیكەی دەروونیی و كۆمەڵایەتیی بۆ خێزان دروست دەكات.
كاریگەریی ئابووریی:
كەسی ئۆتیزم، هەر ئەوە نیە، پێویستی بە دەرمان و سەردانی بەردەوامی پزیشك و ڕاهێنەر هەیە، بەڵكو زۆرجار زیانی گەورە بە كەلوپەلی ماڵ و دەوربەر دەگەیەنێ‌، یان بەردەوام داواكاریی هەمەجۆری هەیە بۆ پۆشاك و خواردن و یاریی دەست و بردنەدەرەوە، یان لەبەر بەدەمەوە بوونی ئەو، دەشێ‌ دایك و باوك لە كاركردن و وەزیفە داببڕێن، ئەمانەش هەموو ژیان و گوزەرانی خێزان قورس دەكەن، زۆرجار دەیخەنە ژێرباری نەداریی و قەرزدارییەوە، بە تایبەت لە وڵاتی ئێمەدا كە لەم ڕووەوە هاوكاریی و پشتیوانیی خێزان ناكرێت..
ئەركی حكومەت و دەزگا پێوەندییدارەكان:
 وا دەزانم هەریەك لە  وەزارەتەكانی(كاروباری كۆمەڵایەتیی، تەندروستیی، پەروەردە) بەرانبەر بە ئۆتیزم و خێزانەكانیان ئەركیان بە ئەستۆ دەكەوێ‌،  ئەركەكانیش لەم خاڵانەدا دەبینم:
1/هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە بە گشتیی، لە ڕووی چۆنێتیی مامەڵە كردن لەگەڵ كەسانی ئۆتیزم و مافی ژیانی ئەو جۆرە مناڵانە، لە ڕێگەی میدیا و قوتابخانە و كردنەوەی خولی جۆراوجۆرەوە.
دەبێ‌ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەسانەدا لەسەر بنەمای مافی مرۆڤانە بێ‌، تەنانەت نابێ‌ بە ناوی بەزەیی پێداهاتنەوە و خێرپێكردنەوە، هەستیان بریندار بكرێ‌ و رێزی مرۆڤانەیان بشكێنرێ‌.
ئەگەر دەوربەر هاوكاریی خێزانی ئۆتیزم نەكەن، ئەركەكانی قورستر دەبن، چجای ئەوەی ئەگەر ببن بە فشار لەسەر خێزانەكە.
2/دابینكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی، وەك سەردانی پزیشك و وەرگرتنی دەرمان، یان هەرجۆرە چارەسەرێكی دیكە.
3/كردنەوەی سەنتەر و مەڵبەندی ڕاهێنان بە پێێ‌ تەمەن، سەنتەری پێشكەوتوو لە ڕووی بینا و هۆكار و ڕاهێنەری خاوەن بڕوانامە و ئەزمووندار و تایبەتمەندەوە. بە تایبەت بۆ ئەوانەی تەمەنیان گەورەیە.
4/ وەزارەتی پەروەردە لە ئێستادا، بە پێی سیستمی خوێندنی بەرفرەوان و بەرنامەی پەروەردەی تایبەت ، مافی خوێندنی لە قوتابخانەی ئاساییدا بۆ مناڵی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئۆتیزم گێڕاوەتەوە، كە ئەمە ڕۆڵێكی زۆر كایگەری دەبێت و دەسكەوتێكی گەورەیە، چونكە هێندێ‌ لە مناڵانی ئۆتیزم بە پشتیوانی مامۆستای پەروەردەی تایبەت، توانای ئەوەیان هەیە ــ بە ئاستێك ـــ  فێرببن، ئەمە بێجگە لەوەی لە ڕووی كۆمەڵایەتیەوە رادەهێنرێن و لە  پەراوێزخستن دەردەهێنرێن، كە ئەمە هیچی لەفێربوونەكە كەمترنیە ئەگەر زێتر نەبێ ..
5 ــ بڕینەوەی مووچەیەكی شایستە كە پێداویستییەكانی كەسێكی ئۆتیزمی پێ‌ دابین بكرێ‌. ئەگەر دەسەڵات ناتوانێ‌ ئەمە بكات با هەندێ‌ لە خزمەتگوزارییە گشتییەكان بۆ خێزانی ئۆتیزم بێ‌ بەرانبەر بن.
6 ـ دروستكردنی (ڤێللا)و باخچەیەكی تایبەت بە كەسی ئۆتیزم‌و خێزانەكەی. كە ئەمە بە نیزیكەی (5000)دۆلار تەواو دەبێ‌.
ــ هۆشیاركردنەوەی خێزان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەكان و دانەبڕاندنی مناڵەكەیان لە كۆمەڵ.
ــ ڕێگەگرتن لە دەستوەردانی حیزبیی لە كاروباری كۆمەڵە‌و ڕێكخراوەكانی ئۆتیزم و دەزگا پێوەندییدارەكان كە بە داخەوە هەستی پێدەكرێ‌.ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved