11/4/2017 02:56 PM

پێناسەیەك بۆ كتێبی(برایم ئەحمەد وستراتیژییەتی دەق)ی پرۆفیسۆر زاهیر لەتیف كەریم


ژینۆ عەبدوڵڵا

هەموو ئاگاداری ئەو ڕاستییەین كە برایم ئەحمەد هەڵگری چەندین پەیام وكارنامەی سیاسی وفیكری وئەدەبی وشیعرییە.هەمووشیانی لە بازنەی كوردایەتیدا كۆكردۆتەوە.لەلایەكی تریشەوە هەموویانی لەپێناو گۆڕینی ئاڕاستە بیركردنەوەییەكانی تاك وكۆمەڵگا بەتایبەتی لەزەمەنە تاریكەكانی ژیانی هاوچەرخی كوردیدا.ئەم كتێبە،برایم ئەحمەد وستراتیژییەتی دەق، لەنووسینی ئەكادیمی وڕەخنەگر پ.د.زاهیر لەتیف كەریم،هەوڵێكە بۆ دەرخستنی زانیارییە شاراوە وپێویستییەكانی ئەو زەمەنە ئەویش لەڕێگەی دەقە شیعرییەكانی شاعیر وئەو ڕێبازە ڕەخنەییەی كەلەكتێبەكەدا بەكارهاتووە.بەمەش پێناسەكەمان بۆ ئەم كتێبە پشت بەناوەڕۆكی ناونیشانەكان دەبەستێت كەلەكتێبەكەدا بەهەشت بەش هاتووە وەك:
1-فەرهەنگی شیعری.لەم لێكۆڵینەوەیەدا فەرهەنگ دوور دەكەوێتەوە لەپێكهاتە زمانییەكان ولەجیاتی ئەمە دەچێتە نێو ئامادەبوونی مانا جۆراو جۆرەكانەوە.ئەمەش بەیارمەتی:
 أ شێوازە ئامارییەكانی ووشە وبڕگە ودووبارەبونەوەیان كەدواتر هەڵسەنگاندنێك لەكەسێتی وشوناسی شاعیر نیشان دەدات.
ب-جەمسەری چەندێتی وچۆنێیەتی ووشە وبڕگەكان.
ج-دراوسێیەتی نێوان فەرهەنگی زمانی وبنەما سیمانتیكەكانی ووشە وبڕگەكان.
2- ڕەهەندە زەمەنییەكان.لەم لێكۆڵینەوەیەدا نووسەر جەختی لەسەر دامەزراندنە زەمەنییەكان دەكات كەهۆكار وبزوێنەری بابەتەكانە بەجیاوازی زەمەنەكان وەك:
أ-زەمەنی فینۆمینیا كەمەرج نیە لەواقیعدا ڕوویان دابێت بەڵام لەهەمان كاتیشدا بابەتەكانی نامۆ نین بەتاك وكۆمەڵگا.
ب- زەمەنی ئینترۆپۆڵۆژیا كەهەستەكان سەرچاوەیەكی هەرە گرنگی زانیارییەكانە وەك ئەوەی هەستەكان ڕۆڵی عەقڵەكان ببینێت.
ج- زەمەنی زمانی كەئەزموونی تاكەكان لەڕێگەی زمانەوە بەدەردەكەوێت ودواتر ئەو ئەزموونە لەبازنەیەكی دیاریكراوی جێگەیی دەگوێزرێتەوە بۆ بازنەیەكی فراوانتر وبەمەش زۆرینە زیاتر سوود لەو ئەزموونە وەردەگرن.
د- زەمەنی دەقاودەق بەوەی ڕووداوەكان مانای زەمەنەكان دەخوڵقێنن.
ه_زەمەنی گێڕانەوە كەپشت بەزەمەنی ڵۆژیك وئەندازەییە زەمەنییەكان دەبەستێت.واتە گەڕانەوە بۆ زەمەنی مێژوویی وفیزیكی وواقیعی بابەتەكان.
3- شیعرییەت وسیاسەت.لەم لێكۆڵینەوەیەدا نووسەر جەخت لەسەر دوو پەیوەندی سەرەكی دەكات كەڕەخنەگر تۆدۆرۆڤ پێشتر كاری لەسەر كردوون،ئەوانیش ،یەكەم،پەیوەندی ئامادەیی لەنێو پێكهاتە كتوپڕییەكاندا كەدواتر دەبنە ڕووداوێكی مێژووی كاریگەر بۆ زەمەنەكان.دوهەم پەیوەندی نائامادەیی لەنێو پێكهاتە وونبووەكاندا یان لەیادچووەكاندا.ئەم دوو پەیوەندییە هۆكارن بۆ خوڵقاندنی پێكهاتە سەرچاوەیی ودەقاودەقی ومیتریاڵی وبونیادی وزەمەنییەكان.
4- سیمانتیكای پەیوەستێتی.لەم لێكۆڵینەوەیەدا نووسەر ئاماژەی بەدوو جۆر لەكەسێتی كردووە.یەكەمیان،كەسێتی داخراو كەبرایم ئەحمەد گەلێك دوورە لەم كەسێتییەوە بەوپێیەی ئەم كەسێتییە تەنها باوەڕیان بەخۆیانە وهیچ بایەخێك بەبەرامبەرەكان نادەن تەنانەت گەر ڕاستیش بكەن.هەروەها ئەم كەسێتییە لەبنەڕەتدا لەجۆری شەرمنییە وهێزی جەربەزەیی تێیدا زۆر لاوازە.دوهەمیان كەیەكدەگرێتەوە لەگەڵ كەسێتی برایم ئەحمەد بریتیە لەكەسێتی كراوە.ئەم كەسێتییە،لەپێناو سەرخستنی ئامانجە پیرۆزەكان،پشت بەسەرجەم خودەكان دەبەستێت.ئەم كەسێتییە دەرئەنجامی تیۆری تەقەلاو هەڵە دروست دەبێت.ئەم تیۆرەش لەسەر بنەمای هەستكردن وتێگەیشتنی شتەكان بونیاد دەنرێت كەخودێكی وەك برایم ئەحمەد دەرئەنجامی هەستكردن بەمەسەلە وشتە گرنگ وهەستیارەكان وهەروەها تێگەیشتنی بۆ ئەو مەسەلە وشتانە جووڵەیەك بەبابەت وبەرژەوەندییە ئایدیاڵیزمییەكانی خودە هاوشێوەكان دەدات.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەبرایم ئەحمەد لەڕێگەی كەسێتییەكەیەوە دەیەوێت ئاڕاستەی مەسەلە وخودەكان بگۆڕێت ئەویش لەپێناو سڕینەوەی ئاسەواری گەندەڵییەكان كەجۆری یەكەمی كەسێتی(داخراوەیی) بەرپرسیاری سەرەكی ئەم گەندەڵییە.ئەم كردارەی برایم ئەحمەد گوشارێك دەخاتە سەر ئاستی بیركردنەوە وڕاڤەكردنی خوێنەری كورد تا دەربازیان بێت لەجۆری یەكەمی كەسێتی.
5-سیمانتیكای ناونیشان.لەم بەشەدا نووسەر بەپێی تیۆرە سیمۆڵۆژیاكان گرنگی تەواوی بەووردەكارییە شاراوەكانی ناونیشانی دەقەكانی برایم ئەحمەد داوە تەنانەت ئەو دەقەشی كەناونیشانی نیە كەدەڵێت:
كوردی بێ كەس بەسیە هەستە وتێپەڕی هەنگامی شەو
ڕۆژی ئازادیت ببینە وتا نەمێنێ سامی شەو
خوێن بڕژە،لەش بنێژە،قەد مەچێژە تامی خەو
چونكە قوربانی ئەوێ،هەڵهاتنی رووی ڕۆژی نەو
نووسەر ناونیشانی دابەشكردووە بەسەر دوو كەرەستەدا.یەكەمیان،ناونیشان وەك كەرەستەیەكی كارنامەیی.لەم بەشەدا جەخت خراوەتە سەر كارنامە شیعرییەكان كەیاكۆپسن وتۆدۆرۆف كاریان لەسەری كردووە وەك كارنامەی هەڵچوونی وپێكاریگەربوون وسەرچاوەیی ومیتازمان وسەرنجراكێشی وئیستاتیكا .دوهەمیان،ناونیشان وەك كەرەستەیەكی گێڕانەوەگەری.نووسەر لەم بەشەدا ئاماژەی بەچەمكە گێرشانەوەییەكانی گریماس بەستووە كەبریتین لەویستێتی وپەیوەندێتی وململانێتی .
6- تیۆری زیرەكی ئارتیفیشاڵی.نووسەر لەم لێكۆڵینەوەیەدا ئاماژەی بەوە داوە كەبۆ یەكەم جار ئەم تیۆرە دەچێتە بواری ئەدەبەوە چونكە تیورەكە لەبنەڕەتدا خۆی لەزانیارییە تەكنەڵۆژی ودەزگا سەربازی وبەرگرییەكاندا دەبینێتەوە كەكارەكە بەكەسانی شارەزا وپرشۆفیشناڵ دەچێت بەڕێوە نەك پێچەوانەكەی.تیۆرەكە پشتی بە دوو ڕێگە وسستم بەستووە.یەكەمیان،بەبەرنامەكردنی ئەو تاك وخودانەی كەلەبنچینەدا كەسانێكی سروشتی نین بەتایبەتی لەڕووی بیركردنەوە وڕاڤەكردنەوە هەر وەك لەبرایم ئەحمەدا بەرجەستە بووە.دوهەمیان،بەگەڕخستنی بەرنامەكانی ئەم جۆرە تاك وكەسانە وەك ئەوەی گەر كەسەكەش نەبوو ئەوا هاوشێوەكانی دەتوانن بەكاری كەسی یەكەم هەڵسن.پێناسەی تیۆرەكەش خۆی لەم دەستەواژانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
أ-بریتیە لەو سستم وتوخمانەی كەوەك مرۆڤ بیردەكەنەوە.
ب- بریتیە لەو سستم وتوخمانەی كەوەك مرۆڤ هەڵسوكەوت دەكەن.
ج- بریتیە لەو سستم وتوخمانەی كەبەشێوەیەكی عەقڵانی بیردەكەنەوە.
د-بریتیە لەو سستم توخمانەی كەبەشێوەیەكی عەقڵانی هەڵسەكەوت دەكەن.
7- ستراتیژییەتی دەق.لەم لێكۆینەوەیەدا،نووسەر جەخت لەسەر چەند تەوەرێك دەكات كەسەرجەمیان دەستنیشانی ستراتیژییەتی دەقەكانی برایم ئەحمەد دەكەن ئەوانیش بریتین لە مەسەلە ودیدەیی وپرسیاركردن وژیربێژی وپێشبینیكردن وشوناس.بۆنموونە لەپرسیاركردنەكەدا نووسەر ئاماژە بەوە دەدات كەئەم پرسیاركردنە جیاوازە لەپرسیار بەوپێیەی پرسیار خۆی لەپرسیارێكی دیاریكراوی سروشتیدا دەبینێتەوە وەك ئەوەی پرسیاركەر بڵێت:كێ لەدەرگاكەی دا؟ پرسیارلێكراویش دەڵێت ئازاد.بەمەش كۆتایی بەئەنجامی پرسیارەكە دێت.بەڵام لەپرسیاركردندا بابەتەكان بەكراوەیی دەمێننەوە وەك ئەوەی كەبلە دەڵێت" نەورۆزی من".لێرەدا خوێنەر لەبەردەم چەند ئەگەرێكدا دەبێت وەك ئەوەی بۆچی نەورۆز تەنها پەیوەستە بەخودی بكەرەوە؟یان بۆچی نەورۆز تەنها گەمارۆی خودی بكەری داوە؟ئەم پرسیارە لەچییەوە هاتووە؟ئەی پێگەی خودەكانی تر لەكوێدایە!بەمەش نەورۆز دوو مانا لەخۆ دەگرێت.یەكەمیان،مانایەكی سروشتی وەك ئەوەی نەورۆز جەژنێكی ساڵانەی كوردە وهێمای جوانی وخۆشییە كەئەم بۆچوونێكی سادەی تێكڕای خەڵكییە.دوهەمیان،مانایەكی ناسروشتی وەك ئەوەی نەورۆز هێمای شۆڕش وئازادی وسەربەستی وگۆڕنكاری ودادپەروەری ویەكسانییە كەئەمەیان لەدەقەكانی برایم ئەحمەدا بەرجەستە بووە.
8- بلە ونەسەقی شیعری.لەم بەشەدا،نووسەر جەخت لەسەر ئەو نەسەقانە دەكات كەپەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەخاك ونیشتمان ونەتەوەوە هەیە.نەسەقەكانیش بریتین لە:
أ-نەسەقی سۆسیۆڵۆژی.نووسەر بۆ ئەم نەسەقە دەڵێت"بریتیە لەڕێبازی فیكری سیاسی كەلەبنچینەدا لەڕێگەی دوو جەمسەرەوە لەدایك دەبێت،یەكەمیان،بەوێنەگرتنی كۆمەڵگا.دوهەمیان،بەڕێبازگرتنی هەڵسەنگاندنی كۆمەڵگا".لەیەكەمیاندا برایم ئەحمەد وێنەی قەدەر وپەرتپەرتبوون وناكۆكی ونیفاقی كوردمان بۆ دەگرێت.لەدوهەمیشیاندا ئەو وێنانە دەخرێتە نێو چوارچێوەی ڕێبازێكی فیكری وفەلسەفی كاركردنەوە چونكە ناكرێت وێنەكان لەدەرەوەی سیاسەتێكی ڕێبازی كاركردن خۆیان نمایش بكەن.هەر لەبەر ئەمەشە بلە بەپێی ڕێبازەكانی سەردەم كەلەجیهانی عەرەبی وناوچەكەدا كاریان لەسەر دەكرا پەنای بۆ ئەو ڕێبازە ئەدەبیانە بردووە كەخزمەت بەوێنەكانی دەكەن بەتایبەتی ڕێبازی ڕیالیزمی شۆڕشگێڕانە وسۆشیالیستانە.
ب- نەسەقی ڕۆشنبیری.بلە گەیشتۆتە ئەو ڕاستییەی كەهەر تاكێكی كۆمەڵگا دەرئەنجامی كاریگەرییە ڕۆشنبیرییە دەرەكی وناوەكییەكان دروست دەبن ودواتر بەشدار دەبن لەپرَۆسە گەورەكەی فیكری ڕۆشنبیریدا.واتە بلە ئەو یەقینەی لا دروست بووە كە هەوڵەكانی لەبواری شیعردا بەفیڕۆ ناچن چونكە زۆربەی تاكەكان ،بەهۆی كاریگەرییەكانی  سەردەمەوە،بەشدار دەبن لەپڕۆسە سیاسی وفیكرییەكەی.جگە لەمەش هەندێك جار ئەم نەسەقە بەشێوازێكی خۆڕسكی لەدایك دەبێت وتاكەكان خۆیان دەكەونە ئەو پرسیارەی كەبۆچی ژێر دەستەن یان بۆچی دەچەوسێنەوە! .لێرەشەوە چەند ئاستێك بەدەردەكەون وەك ئاستی ئایدیۆڵۆژیایی وڕەوشتی وكەرەستەیی كەنووسەر سەرجەمیانی بەنموونەوە بەسەر كردۆتەوە.
ج-نەسەقی سروشتی.نووسەر دەڵێت"مرۆڤ لەبنچینەدا بەشێكە لەسروشت وهەر لەوێوە بۆچوونەكانی لا دروست دەبێت وئاوێتە وبەرجەستەشیان دەكات. بۆنموونە ئاماژەی بەڕووداوە نەخواستراوەكان دەكات كەلەچركە ساتێكی كتووپرَیدا بەدەردەكەون وتاكەكانیش وەك كارێكی سروشتی ڕووبەڕوی ئەو ڕووداوە دەبنەوە وهەوڵیش دەدەن چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.ئەم هەڵوێستە خۆڕسكییە دەرئەنجامی ئامانجێكی پیرۆز دروست دەبێت كەسەرجەم تاكەكان بەجیاوازی فیكر وئایدیاوە گرێ دەدات.برایم ئەحمەد ئەم جۆرە نەسەقە دەقۆزێتەوە ولەهەوڵی ئەوەدایە تاكەكان بەلای گوتارەكەیدا ڕابكێشێت،یان ڕۆشنبیریان بكات.
لەكۆتایدا نووسەر هەموو ئەو بۆچوون وتایتڵ وناونیشانانەی كەلەكتێبەكەیدا هاتوون خستۆتە نێو بواری پراكتیكەوە وزۆر بەووردی وچڕی ولەئاستێكی نوێخوازانەی ڕەخنەیدا كاری لەسەر كردوون.هەر لەبەر ئەمەشە ڕاستەوخۆی دەڵێت" ئەم كتێبە زۆر دوورە لەپیاهەڵدان چونكە لەلایەكەوە برایم ئەحمەد پێویستی بەستایش وپیاهەڵدان نیە وخۆی بۆتە حەقیقەت ودەقێكی سەردەم لەڕووی فیكر وسیاسەت وئەدەب وڕۆشنبیرییەوە تەنانەت ناحەزەكانیشی ناتوانن ئەم مافەی لێ بسەنەوە یان داگیری بكەن.لەلایەكی تریشەوە ڕێبازی كاركردنەكە ڕێگە بەپیاهەڵدان وستایش نادات،بەڵكو تەنها ڕاستییە شاراوەكان بەدەردەخات كەتەنها خوێنەری بەئەموون ونموونەیی دەتوانن هەستی پێ بكەن".









زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved