ئارام کۆشکی لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا، ژمارە یەکی گۆڤاری "لۆگۆس" ی فەلسەفی بڵاوکرایەوە. "لۆگۆس" ناوی پرۆژەیەکی فەلسەفیی نوێیە، کە لە لایەم هەریەک لە هەرێم عوسمان و شاهۆ عوسمانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. سەبارەت بە گۆڤاری "لۆگۆس" هەرێم عوسمان کە یەکێکە لە سەرپەرشتیارەکانی گۆڤارەکە گوتی: ''ئەوەی لە مێژووی بیرکردنەوەی کورد و بڵاوکردنەوەی کوردییدا تێبینیمان کردووە، پرۆژەی خۆتەرخانکراوی فەلسەفیمان نەبووە، ئەمەش بە بڕوای ئێمە کەلێنێکی مەعریفی گەورەیە. چونکە فەلسەفە دایکی گشت زانستەکانە و باوکی بیرکردنەوەیە، بۆیە گەڕانەوە بۆ فەلسەفە گەڕانەوەیە بۆ بنەما، لێرەوە "لۆگۆس"مان بۆ کاری فەلسەفی تەرخان کرد. لەبارەی وردەکاری زیاتری پڕۆژەکەیانەوە باسی لەوە کرد کە ئەوەی لە ئیستاشدا ئەنجامی دەدەن بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکە، بەڵام بۆ ئایندە کارەکە فراوانتر دەکەن. لەپارە دابینکردنی خەرجی گۆڤارەکەشەوە گوتی: لە ڕاستیدا لەڕووی ماددییەوە تێچووی پرۆژەکە لەلایەن من و شاهۆ عوسمانەوە تەرخانکراوە، بێ کۆمەکی هیچ کەس و لایەنێک''. هاوکات سەبارەت بە ژمارەی یەکەمی گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە کرد: ''تەوەری سەرەکی ئەم ژمارەیەی گۆڤارەکە تەرخانە بۆ پرسی فەلسەفە چییە؟ دیارە ئەمەش پرسێکی بنەڕەتیە و بەپێویستمانزانی لەدەستپێکەوە بەم پرسە بخەینە بەرباس و هەوڵیشمانداوە زۆرتر پشت بە تێکستی بنەڕەتی ببەستین و زیاتر لە زمانی یەکەمەوە وەرگێڕانیان بۆ بکەین، بۆ نموونە لەم ژمارەیەدا دوو نووسراوی هایدیگەر و نووسراوێکی دۆلۆز و گواتاری، بادیۆ، ژیژەک..بڵاوکردۆتەوە. وەک دەشزانرێت ئەم دەقە بنەڕەتیانە تێگەیشتنیان ئاسان نییە، بۆیە هەر لە گۆڤارەکەدا بیرمان لەوە کردۆتەوە جگە لەو دەقانە دەقی دیکە هەبن زیاتر پەروەردەیی و زانیاریدەر بن بۆ خوێنەر، بۆ نموونە لەبارەی فەلسەفەی عەرەبی و ئیسلامی بەشێوەیەکی پانۆرامایی وێنەیەکی گشتیمان پێشکەشکردووە، یان پسپۆرێکی فەلسەفە لە زیندانێکدا لەگەڵ زیندانییەکاندا فێری راوێژی وجودیمان دەکات. لەلایەکی دیکەوە سوود لە ئەزموونی پسپۆرانی فەلسەفە لەوڵاتانی دراوسێ و دەرەوە وەردەگرین، بۆ نموونە لەم ژمارەیەدا لەگەڵ هیگڵناسێکی فارسدا چاوپێکەوتنمان کردووە. هەرێم لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو کە کاریان لەسەر پەیوەندی کورد و فەلسەفە دەکردووە و ئەمەش بەڕێگەی جیاواز کە خۆی لە خوێندنەوە و ناساندن و ڕەخنەگرتن و دیالۆگکردندا دەبینێتەوە. گوتیشی: "بۆ نموونە لەم ژمارەیەدا کارمان لەسەر یەکەم کتێبی فەلسەفی کە بە زمانی کوردی نووسراوە کردووە. هەروەها لەبارەی گۆڤاری "بوون"ەوە، کە لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا بڵاوبۆتەوە نووسیومانە''. ئەمەی خوارەوەش ناونیشانی ئەو بابەتانەن کە لە ژمارەی یەکەمی لۆگۆسدا بڵاوکراوەتەوە. ١ـ پرسی فهلسهفه لای فهیلهسوفانی ئهنتیك(كلاسیك)، ئامادەکردن و وەرگێڕانی: شاهۆ عوسمان ٢ـ فەلسەفە، ڕێگای پێنجەم، ڕینە دیكارت.. وەرگێڕانی: لۆگۆس ٣ـ گفتوگۆ لەگەڵ د.محهمهد مههدی ئهردهبیلی، توێژهر و هیگڵناس، ئا: وەلید عومەر، هەرێم عوسمان ٤ـ پێناسکردنی فەلسەفە لەخودی خۆیەوە- لەڕێی گووتەیەکی نۆڤالیسەوە، مارتن هایدێگەر، لەئەڵمانییەوە: بەکر عەلی ٥ـ كۆتایی فەلسەفە، مارتن هایدیگەر، لە ئەڵمانییەوە: شاهۆ عوسمان ٦ـ فەلسەفە چییە؟ د.محەمەد کەمال ٧ـ دهروازهیهك بۆ فەلسەفەی عەرەبی- ئیسلامی، ئامادهكردن و وهرگێڕان: ناجی ئهفراسیاو ٨ـ فهلسهفه چییه؟ ژیل دۆلوز، فێلیكس گواتاری، و. له فرهنسییهوه: فازڵ مهحمود، كاروان ئهحمهد ٩ـ لەبارەی فەلسەفەی بادیۆوە، هەرێم عوسمان- زەردەشت نورەدین ١٠ـ پێناسەی فەلسەفە، ئالان بادیۆ، لە ئینگلیزییەوە: زهردهشت نورهدین ١١ـ پۆرترێتێکی فەیلەسوف، پیتەرسلۆتەردایک.. بەکر عەلی ١٢ـ فهلسهفه دایالۆگ نییه، سلاڤۆی ژیژهك، وهرگێڕانی: وهلید عومهر ١٣ـ فەلسەفە وەک ئازایەتی، دەربارەی سوودەکانی ڕاوێژی وجودیی، دەهلیان کیربی، لەئینگلیزییەوە: سەیوان ئازاد ١٤ـ پرەنسیپی نادڵنیایی هایزنبێرگ و فەلسەفەی کانت: بۆچی ستیڤن هۆوکینگ پێیوایە فەلسەفە مردووە، حسێن حسێنی، جەبار محەمەدئەمین فەتاح، سەعید کاکی، ئارمان خەلیل، وەرگێڕان: ئارمان خەلیل ١٥ـ لەبارەی گۆڤاری (بوون)ەوە، هەرێم عوسمان ١٦ـ یەکەم ڕووداوی فەلسەفی بە زمانی کوردی- تێڕامان لە یەکەم پەرتوکی فەلسەفی بە کوردی..ئامادەکردنی، لۆگۆس ١٧ـ فهرههنگی چهمكه بنهڕهتییهكانی فهلسهفه-ئامادهكردن و وهرگێڕانی له ئهڵمانییهوه: لۆگۆس
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure