20/4/2017 04:15 PM

ئەستێرەیەکی بواری شانۆ و درامای کوردی ماڵئاوای کرد

شەوی ڕابردوو ١٩ی نیسانی ٢٠١٧ هونەرمەندی دیاری بواری شانۆ و درامای کوردی هونەرمەند (عەلی نوری) پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا لە  شاری سلێمانی کۆچی دوایکرد .

ژیاننامەی هونەرمەند
هونەرمەند عەلی نوری ،کە بە ( مام سلێمان ) ناسراوە لە ١ی تەمووزی ساڵی ١٩٤٣ دا لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایك بووە.
لە ساڵی ١٩٧٠دا لەگەڵ خاتوو گوڵزار حاجی ئەحمەد حەمامچی، ژیانی هاوسەرێتی پێك هێناوە.

هونەرمەند هەر لە تەمەنی منداڵیەوە خولیای کاری شانۆو نواندن بووە لە ساڵانی حەفتاکاندا بۆتە ئەندامی تیپی نواندنی سلێمانی و دواتر لە چەندین کاری شانۆیدا ڕۆڵی بینیووە و بۆتە ئەستێرەیەکی دیاری بواری شانۆی کوردی کە دیاترین ئەو شانۆیانەی ڕۆڵی تێدا بینیوە بریتین لە شانۆیی (پیری ئاخر شەڕ، نرخی ئازادی، دکتۆر پاڵمی و سێبەری دڕك).

جگە لەبواری شانۆ هونەرمەند عەلی نوری، لە چەندین کاری سینەمادا بەشداری کردووە لەوانە فیلمی (خولە پیزەو فرمێسك)  و لە زنجیرە درامای ژالە بە ڕۆڵی مام سڵێمان ناوو ناوبانگێکی گەورەی لە هونەری کوردیدا پەیداکردووە.
لە زنجیرە دراماکانی خۆرنەوازان، خەمی چۆلەکەکان ، ڕەشەی پۆلیس ، حەسەنە فەنی و گوڵە بێ ڕۆژەکان ڕۆڵی بینیوە .

دواین کاری هونەرمەندیش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ کە لە زنجیرە درامای ئاریادا بەشداری کردووە  بەهۆی نەخۆشیەوە لەوێوە کاروانی هونەری هونەرمەند ڕوو لەوەستان دەکات تا شەوی ١٩ی نیسانی ٢٠١٧ بۆ دواین جار ماڵئاوای لە هونەر ی کوردی دەکات و لە گۆڕستانی شێخ مارف لە شاری سلێمانی بەخاک دەسپێردرێت.








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved