20/4/2017 04:45 PM

هایدیگەر و نازیزم سی ساڵ دوای هەرا و زەناكەی ڤیكتۆر ڤاریاس ‌ ‌

شوان ئەحمەد
كەستان بینیووە بەرد لە درەختی زڕبگرێت؟ بەرد هەر بۆ درەختی بەردار دەهاوێژرێت.. لەدوای ئیمانوێل كانت و جۆرج ویلهێڵم فریدریك هیگڵەوە، فەلسەفەی ئەڵمانی فەیلەسوفی قوڵ و گەورە و بەنێوبانگی، وەك فریدریك نیتشە و مارتن هایدیگەری بەرهەم نەهێناوە.. بۆ سەد ساڵی دیكەش (وەهای وت زەرادەشت) و (كەینونە و زەمان)، هەر گرمەیان دێت.
 تا مێژویەكی دوری دیكەش، چەمكگەلێكی وەك (كەڵە مرۆڤ و دازاین و ئیرادە و كەینونە)، لەكایەی فەلسەفیدا شوێن مشتومڕ و قسە و باس دەبن. وەك چۆن ژێرخانی فیكری پۆست مۆدێرن، ئایدیاكانی نیتشە و هایدیگەرە، وەك چۆن لەژێر پێستی بیرمەندگەلێكی وەك: (میشێل فوكۆ و ژاك دێریدا و ژیڵ دولۆز و گادا مێر و فیلیب لاكۆ لاپارت و میشێل ئۆنڤیری) دانوستوون، ئاواش بۆداهاتوو چراوگی ڕێگەی زۆر ئاقاری فیكری و فەلسەفی دیكەدەبن.
بەڵام یەك سەدەی ڕەبەقە و ئێستاشی لەگەڵدابێ‌، لێرەولەوێ‌ هەندێ‌ (ڕەخنەگری پەڕگیر)، ژمارەیەك (ئایدیۆلۆژیستی هەناوڕەش)، لەپەناو پەساوێدا تیردەهاون و تۆمەت دژی ئەو دووبیرمەندەگەورەیە دەبەخشنەوە.
زستانی ساڵی 1987 (واتە سی ساڵ بەر لەئێستا)،  نوسەرێكی خەڵكی وڵاتی شیلی (ڤیكتۆر ڤاریاس) بەبڵاوكردنەوەی كتێبی (هایدیگەر و نازیزم)، كەوتەوە لێدانی هەمان بالۆرەی كۆن كە لەدوای دووەم جەنگی جیهانیەوە، كەسانی وەك: (ئەریك ڤایل و جۆرج فریدمان و ڕۆبێر فیدێر و بۆخلەر)، دەستیان دابویێ‌.
دەرهەق بەم كتێبە پڕ لە تۆمەت و بوختانەی (ڤاریاس) گۆڤاری (ledebat)ی فەرەنسی كەخانەی چاپ و وەشانی (گالیمار) لەپاریس بڵاوی دەكاتەوە، لە ژمارە (48 ساڵی 1988) دۆسێیەك بۆ ئەو كتێبە دەكاتەوەو چەند بیرمەندێك، دەكەونە تاوتوێكردنی پرس و باسی (هایدیگەر و نازیزم).
لەوانەی بەشداری تێدا دەكەن: (بییار ئۆبینك، فرانسوافیدیە و جیرار گرانێل و ستیڤان مۆسیس) دەبن. بییار ئۆبینك ئاوەهادەست پێدەكات: (كتێبەكەی ڤاریاس بۆخۆی كێشیە، چونكە نەكتێبێكی فەلسەفیە و نەفیكری تێدایە، نەكتێبێكی مێژویشە- نەلەبەرئەوەی هەڵەی زۆری تێدایە-ـ بەڵكو لەبەرئەوەی تاكە ئامانجی كتێبەكە تۆمەت بەخشینەوە و ناوزڕاندنە و هیچی تر).
 فرانسوا فیدیەش دەڵێت: (ئەم پیاوەی ناوی ڤیكتۆر ڤاریاسە، نایەوێت باسی پەیوەندی هایدیگەر و نازیزممان بۆبكات، بەڵكو بەدنیهادی ئەو لەوەدایە بەپیتی درشت  بنوسێت- هایدیگەر واتە نازیزم- و بەكورتی هاوكێشەكە والێبكات كە هایدیگەر= نازیزم).
پەیوەندی هایدیگەر بەنازیزمەوە لە یانزە مانگێك زیاتر نەبوو، لەوە بترازێت بیركردنەوە و كارەكتەری ئەو پەیوەندییان بەو ئایدیۆلۆژیا ماڵوێرانكەرەوە نیە.
جگەلەو دیبەیتەی (ئۆبینك و فیدیە و گرانێل و ستیڤان مۆسیس)، بۆ بەرگری كردن لەخاوەنی شاكاری (بوون و كات)، سێ‌ خوێندكاری نەجیبی هایدیگەر بەكتێبی (دەرسگوتاری هایدڵبێرگ 1988، هانز گیورگ گادامێر و ژاك دێریدا و فلیب لاكۆ لابارت)، دەگەڕێنەوە هەمان ئەو هۆڵەی مارتن هایدیگەر لە (30 حوزەیرانی 1933) وەك عەمید زانكۆی فرایبۆرگ وتارە بەناوبانگەكەی خۆی بەناوی (زانكۆ لە ڕایخی نوێ‌)ی تێدا پێشكەشكردوو، دەچنەوە لای فیكر ئەو فەیلەسوفە مەزنەو ئاماژە فەلسەفی و سیاسیەكانی بەسەردەكەنەوە، بەوەش وەڵامێكی توندی هەروازەناكەی (ڤیكتۆر ڤاریاس) دەدەنەوە.
گادامێر وەك خوێندكارێكی بەئەمەكی هایدیگەر دەڵێت: (هەموو ئەوانەی ئەو سەركێشیە سیاسیەی خاوەنی كەینونە و زەمان شۆكی كردن و شپرزەبوون و سەنگەری دژایەتیان لێگرت، نەیانتوانی لەتوانا و كاریگەری فەلسەفەكەی كەم بكەنەوە).
ڕۆژان دەڕوا و بیركردنوەی ئەو لەنێو كۆڵێتەكەیەوە و لەئامێزی دارستانی ڕەش و لەناوجەرگەی مێسكرشدا، تۆختر و تۆختر دەبێتەوە و دەبێتە چراوگێك بۆ ڕوناكردنەوەی تولەڕێكانی ژیان و بوون و ڕەسەنایەتی و دووكەوتنەوە لەمێگەل و هەڵخلیسكان و سەفسەتەبازی و ناڕەسەنی، لەبەرامبەریشدا ڤاریاس و هاوشێوەكانی كاڵ دەبنەوە و بیردەچنەوە.
مارتن هایدیگەر وەك فردریك نیتشە، درەختێكی بەردارە و زڕە درەخت نییە، بۆیە زۆرێك كە بەلایدا ڕەت دەبن (بەهەق و ناهەق) هەر بەردەفڕكێیانە.
لەیەک دووساڵی ڕابردودا ئەوانەی مەراقی لێدان و سەرکۆنەکردنی هایدیگەریانە، بەبڵاوکردنەوەی یاداشتنامە و (دەفتەرە ڕەشەکان) خەنی بوون. ئەوانە ئێستا بەدەنگی بەرز دەڵێن، ئێمە مادامەکی (دەفتەرە ڕەشەکانمان) کەوتە بەردەست، ئیتر حەوجەمان بە (ڤیکتۆر ڤاریاس) و کتێبەکەی ئەونییە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved