22/4/2017 01:53 PM

یادەوەرییەكان كەرەستەی بەپێزی بەرنامە تەلەفزیۆنییەكان

(سەرنجێك لەسەر بەرنامەكانی پەیوەست بە یادەوەرییەكانی جاران)
تایبەت بە وێبسایتی خاك
دەستپێك :

یادی جاران یەكێك بوو لەو بەرهەم (بەرنامە) بینراوانەی لەهەردوو كەناڵی خاك وكوردسات لەسەرەتاوە بەهاوبەشیی پەخش دەكران لەو سۆنگەیەوە كەئەمەی دووەمیان وەك كەناڵێكی ئاسمانیی لەهەناوی ئەوی یەكەمەوە كەكەناڵێكی ناوخۆیی زەمینییە پەیدابوو.لەئێستاشدا بەرنامەی یادگارییەكان كەپێدەچێت جێگرەوەی یادی جاران بێت هەفتانە لەكوردساتەوە پەخش دەكرێت. لەسەر ئاستی دەرەوەی كوردستان وبەتایبەتیش لەمیدیای بینراوی عەرەبییدا یادی جاران پانتایی وەرگرتووە بەتایبەت لەزنجیرە كەناڵەكانی رۆتانادا كەدانەیەكیان بەناوی رۆتانا زەمانەوەیە كە تایبەتە بە فیلم وگۆرانییە كۆنەكانی جیهانی عەرەبیی بەتایبەت سینەمای میسریی و هەرە ناوداترین گۆرانیی بێژەكانی عەرەب لەسەرویانەوە ئوم كەلسوم لەمیسر و فەیروز لەلوبنان كەنەك هەر لەنێو گوێگران وبینەرانی عەرەب لەنەوەی كۆن ونوێ بەڵكو لەنێو كوردنەژادەكانی عێراقیشدا شەیدا و پەرۆش وهەواداری گۆرانییەكانیان هەبووە و هەیە و لەرادیۆكانی كوردستانیشدا گۆرانییەكانیان پەخش دەكرێت.
ئەم بابەتە هەوڵێكە بۆ باسكردن لەبایەخ وكاریگەریی بەرهەم وبابەت و وێنە ئەرشیفییەكان لەمیدیای بینراو وبیستراو و چاپكراودا لەبواری بەرنامەسازیی كەناڵەكانی میدیای بینراو وبیستراووگۆڤار ورۆژنامە چاپكراوەكان وپێگە وئەژماری نێو تۆڕە كۆمەڵایەتیییەكاندا.
-    تامەزرۆیی بۆ رابردوو: كەرەستەی بەرنامەسازیی
دەشێت بوترێت ئەو دوو بەرنامەیەی ئاماژەیان بۆ كرا (یادی جاران)ی پێشوو و(یادگارییەكان)ی ئێستا وەك بەرنامەی تایبەت بەكەیفسازیی،خۆشییی بەخشین وخەمڕەوێنیی ئاماژەیەكن بۆ ئەو بۆچوونەی كە تامەزرۆیی بۆ رابردوو بەهێزترە لە ئارەزوو بۆ داهاتوو.
هەر ئەم تامەزرۆییە مرۆییەشە كەبووەتە فاكتەرێك بۆ داهێنان و پێشخستنی چەندین بەرنامەی بینراو وبیستراو لە كەناڵەكانی پەخشی ئاسمانیی وناوخۆیی جا كوردیی بن یا بێگانەی عەرەبیی یا بیانیی خۆرئاوایی (گۆرانییە دێرینەكانی ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی رابردوو) بۆ پیشاندانەوەی گۆرانیی،موزیك،دراما، شانۆگەریی شان بەشانی بڵاوبوونەوەی چەندین بابەتی نووسراو لە رۆژنامە وگۆڤارەكان یاتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەمەڕ ئەو بابەت وبەرهەم ووێنانەی مێژووەكانیان بۆ ساڵانێكی زۆر لە پێشتر دەگەڕێنەوە وبوونەتە یادگاریی لای ئەو كەسانەی لە كاروانی تەمەنی خۆیاندا لەگەڵ ئەو بەرهەم و بابەتانەدا ژیاون وكارلێكی بەهێزیان لەگەڵ كردوون بەجۆرێك بوونەتە بەشێك لە ناسنامەی كەسێتییان لە بواری چێژبینیی وزانیاریی هونەریی ومیدیایی تایبەت بە ساڵانی رابردوو یاخود باسكردنی ئەو چیرۆكانەی لە پشت وێنە گیراوەكانی ساڵانی رابردووی ئەو كەسایەتییانەوەن كە هەندێكیان خاوەنی پەڕە (پەیج)ی گشتیی یاخود ئەژمار (كاونت)ـی تایبەت بەخۆیانن وهەوادار و هاوڕێ وشوێنەكەوتوویان زۆرە یاخود لەو پەیج و پێگانەدا كەگشتیین جا سەربەخۆ بن یاخود وابەستەی كەناڵ یادەستگایەكی رەسمیی بن وتایبەتمەندكراون بەیادەوەرییەكان.
لەم بوارەدا وێنەكانی دوێنی،دەنگی رەسەن،گۆرانیی یادگارییەكان،چیرۆكی گۆرانییەك،وێنەكۆنەكانی سلێمانیی وچەندین بەرنامە وپێگەی تر هەموو ئاماژەن لەسەر بایەخ وشەیدایی وپەرۆشیی بۆگەڕاندنەوەی بینەران،گوێگران وبەكارهێنەرانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بۆ ئەو ساتەوەختانەی خۆیان لە نێو ئەو بەرهەم و بابەت و وێنانەدا بوون یاوەكو لەگەڵیاندا گەورەبوون وبە بینین و گوێ بۆ رادێرانیان چێژییان وەرگرتووە و دڵخۆش بوون.
پێش راپەرین : زەمەنی یادگارییەكان
گومانی تێدانییە زۆربەی هەرە زۆری ئەو بابەتانەی لەئێستادا چوونەتە خانەی یادی جاران ،یادگارییەكان، وێنەكانی دوێنی،دەنگی رەسەن و ناوی تری لەم چەشنە بۆ ساڵانی پێش 1991 ( ساڵی راپەڕینە مەزنەكە) دەگەڕێنەوە.ئەو ساڵانەی تیایدا خەڵكی كوردستان لەبن دەست رژێمی ستەمكار وچەوسێنەری بەعس (1968-1991) دابوون.ئەو رژێمەی هەموو كایەكانی ژیانی كۆنترۆڵ و پڕ لە سانسۆر و كۆت وبەند و یاسا و رێسای هەڵقۆڵاوی ئایدۆلۆژیای تاك حزبیی و دەمارگیریی نەژادیی و مەزهەبیی كردبوو لەوانەش كایەی راگەیاندن بە هەموو هۆكارەكانی بینراو و بیستراو و چاپكراوەوە.
بەڵام سەرباری واقعی پڕ لە ستەم وچەوساندنەوە لەسەردەمی  پێش راپەریندا ، دوور لە سیاسەت و سەركوتكاریی، هەندێك وای دەبینن ئەو زەمەنە پڕ لەناسۆر ونەهامەتییە لە رووی سیاسیی و نەتەوەییەوە ساڵانێكی پڕ لە بەهرەو بەرهەم بوون بۆخەڵكی كوردستان لەچەندین رووەوە بەتایبەت لەبواری شانۆكاریی ودراما وزنجیرەی تەلەفزیۆنیی وموزیك و گۆرانیی (بە منداڵانەیشەوە) وئۆپەرێتی منداڵان چ ئەوانەی لەشاردا بە رەسمیی و قانونیی و رەزامەندیی دەستگاكانی سانسۆر و پێداچوونەوەی بەعس كراون (كە ژمارەیان زۆرە و دەرفەتی ناوهێنانیان نییە) ورێگەی خۆیان بۆسەر شاشەی تەلەفزیۆنی كەركوك گرتووە وبۆبینەران پەخش كراون (بەشێكی بەرچاوی یادەوەریی تەلەفزیۆنییمان پێكدەهێنن) یاخود ئەوانەی زادەی خەباتی شاخ و بەرەنگاریی وئاوارەیی ودەربەدەریی بوون و بە شێوازێكی سادە و ئاسایی وێنەیان گیراوە یا لەسەر كاسێت تۆماركراون.
 بۆیە دەكرێت بوترێت لەم میانەیەدا بەرهەمە هونەرییەكانی فیلمسازیی،گۆرانیی،زنجیرەی تەلەفزیۆنیی،دراما،شانۆگەریی،ئۆپەرێتی منداڵان لە وانە كوردییەكانی هەر چوار پارێزگاكەی كوردستان (كەركوك –هەولێر– دهۆك – سلێمانیی) چ عەرەبییە عێراقییەكان یاعەرەبییەكانی تری دەرەوەی ئەم وڵاتە یا فارسییەكان (بەهۆی سیمای موقاوەمەتی تایبەتكراو بەبینەرانی فارسیی زمان وفارسیی زان لەناوەوە ودەرەوەی عێراق)لەپاڵ بەرنامە تەلەفزیۆنییە هەمەچەشنەكانی زانست،سینەما، وەرزش، كەلەپوروكلتور، هونەر،هاتوچۆ،پشووی نیوەڕۆ،ئایین،جیهانیی دەریا،جیهانی گیانداران، باخ وباخاتە جیهانییەكان،فیلم كارتۆنە دۆبلاژكراوو ژێرنووسكراوەكان (هەمووی بۆ عەرەبیی)،زنجیرە تەلەفزیۆنییە بیانییە عەرەبیی (عێراقیی، میسریی، ئەردەنیی،وڵاتانی كەنداو) وخۆرئاوایی (ئەمریكیی و ئوسترالیی)ـەكان ،كە لەم دەرفەتەدا بواری ناوهێنانییان نییە،هەموو ئەمانە بۆ بینەرانی كوردستان بوونەتە مایەی چێژوەرگرتن، فێربوون و پەرەپێدانی زمان، پەیداكردن و دەوڵەمەندكردنی زانیاریی و رۆشنبیریی گشتیی، ئاشنابوون بە هەندێك لە شاكارە جیهانیی و ناوچەییەكان كە لە ساتەوەختی خۆیاندا دەنگدانەوە و كاریگەریی و چێژ و خۆشیی و فراوانكردنی ئاسۆی بیر و روانینی تەماشاكارانیان پێوەبووە لە چین و توێژە جیاوازەكان بەچەشنێك تا ئەم ساتەوەختە پێشەكیی چیرۆك خوان ، موزیك،ئاواز و گۆرانیی تایتڵی سەرەتای هەندێك لە فیلم ، دراما، فلیم كارتۆن ، زنجیرە تەلەفزیۆنیی ، بەرنامە وەرزشیی و زانستییەكان بوونەتە بەشێك لە یادەوەرییەكان.تەنانەت ئێستا تۆماركردنەوەی هەندێك لەو گۆرانیی و موزیكانە بە شێوازی ئەدای جاران بووەتە هۆكارێك بۆ سەرنج راكێشانی بینەران و بەخشینی جیاوازیی بە بەرنامەكانی ئێستا. لێرەدا تەنیا ئاماژە بە پێشەكییە بەناوبانگەكەی زنجیرەی كارتۆی كۆنان-كوڕی پاشەرۆژ دەكەین كە بە عەرەبیی كرابوو بە عەدنان و لینا و بەكوردیش هەر بەو ناوەوە  رۆیشت. تا ئێستاش ئەو پێشەكییەی لە زنجیرە عەرەبییەكەدا هاتبوو و هەموو ئەڵقەیەكیش دووبارە دەبووەوە ، لە یادەوەریی زۆرێك لە بینەرانی ئەو زەمەنەدا ماوە. یاخود گۆرانییە زۆر سەرنج راكێشەكەی گراند دایزەر بەدەنگی گۆرانیی بێژی ناوداری لوبنان سامی كلارك و دەنگی ناوازەی مامۆستای ناوداری میدیا جیهاد ئەلئەترەش لە رۆڵی دایسكیی (دۆك فڵیت)دا كە بە كەوتنەوە بەرگوێی لە هەر زنجیرەیەكی تری دۆبلاژكراودا دەستبەجێ بینەر یا گوێگر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیی و پشووەكانی هاوین وكاتی پەخشی بەیانیانی تەلەفزیۆنی عێراق.هەر لەم بوارەشدا ئاخاوتن(مۆنۆلۆگ)ی سەرەتای زنجیرەی درامای تەلەفزیۆنی بەناوبانگی ئەمریكیی بیوتی ئەند زە بیست (جوان و وەحشەكە) لەنواندنی لیندا هامیڵتن ورۆن بێرلمان كە لەنێو كوردەوارییدا بە(كاسرین  وڤنست) ناسراون نموونەیەكی ترە لەسەر وابەستەبوونی بینەران بەو زنجیرەیەوە بەجۆرێك كە لە نێو گەنجاندا كەئاستێك لە زانینی زمانی ئینگلیزیی هەبوو ئەو ئاخاوتنەی سەرەتا دەوترایەوە.لەگەڵ چەندین نموونەی تری لەم جۆرە لە بەرنامە و بابەتە كۆنەكان كە هەندێكیان لە نێو بەرنامەكانی یادی جاران و یادگارییەكاندا پیشاندەدرێن و هەندێكیشیان فەرامۆشكراون جا لەبەر نەبوونی خامی تۆماركراوی ئەو بابەتانە بێت یا لەبەر كەم بایەخ تەماشاكردنیان لە نێو ئامادەكارانی ئەو بەرنامانەدا بێت.
-    بۆ منداڵان:دەرتانێك بۆ فێربوون
 دەشێـت بوترێـت لە پاش ئازادیی و نەمانی ستەمكاریی رژێمەوە، باسكردنی هەندێك لەو فیلم و پرۆگرام و فیلم كارتۆنانەی ئەو زەمەنە نەخشی رۆشنبیریی و زانیاریی و كات بەسەربردن و ئاستی زمانەوانیی وحەز و خولیاكانی چین و توێژەكانی كۆمەڵی كوردەواریی و عێراقیییان  بەگشتیی ومنداڵ، هەرزەكار و نەوجەوانانیان بەتایبەتیی نەخشاندبوو بووە بەبەشێك لە قسە و باسی نێوان هەندێك لەو كەسانەی لەو سەردەمەدا وابەستەی تەلەفزیۆن و بەرنامەكانی بوون بۆ ئاماژەكردن بۆ ئەو راستییەی  ئیعلامیی كۆنترۆڵكراوی ئەوێ رۆژێ (بەو هەموو رەخنانەوە كە ئەكادیمیستان و شارەزایان دەتوانن لێی بگرن) دەرەتانێك بوو  كە بینەران زۆر شت فێرببن و سوود وەربگرن لەو كەمە بەرهەمەی لەو سەردەمەدا هەبوون. بۆ ئەوانەی هاوتەمەنن ، كەمێك جیاوازیی تەمەن لە نێوانیاندا هەیە ، یادەوەرییەكان لەگەڵ هەر دوو كەناڵی عەرەبیی و كوردیی ئەو رژێمە زۆرن و خۆشن ئەگەر بە بابەتییانە و دوور لە سیاسەت قسە بكرێت. بۆ نموونە یەكێك لە فلمە جوانەكانی جیهان پیاوی باران- رەین مان (1988)ـە كە براوەی خەڵاتەكانی ئۆسكارە بۆ باشترین فیلم، دەرهێنەر، ئەكتەری سەرەكیی، سكرین پلەی –نووسین راستەوخۆ بۆ سینەما. ئەم فیلمە لە ساڵی بڵاوبوونەوەیدا لەئەمریكا و جیهان لە كەناڵی یەك (بەغداد)ەوە لە دوا بابەتی شەودا پێشكەشكراوە وهەندێك لە نێو خەوی خۆشی كەس و كار و بە دەنگی نزمی تەلەفزیۆنەوە (بەهۆی خەوتنی بەكۆمەڵ لەیەك ژووردا كە تەنها تەلەفزیۆنی ماڵەكە یا زیاتر بەكارهێنراوەكەیان) بینویانە وكاریگەریی لەسەریان هەبووە و دواتر بە تێپەڕبوونی كات زانیاریی زیاتریان لەسەر ئەكتەران (دەستن هۆفمان و تۆم كروز)و دەرهێنەر (باری لیڤنسن) وخەڵاتە براوەكانی وەرگرتووە.ئەمە نموونەیەكە بۆ سەدان فلمی سەركەوتووی كاریگەر لە هەموو ژانرەكان كە بە بینەران بەبینینیان شادبوون ، بە فلمە جەنگیی –حەربییەكانیشەوە بەتایبەت كە بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق – ئێرانەوە تەلەفزیۆنی عێراق لە كاتی دەستپێكردنی هێرشەكانی سوپای وڵاتەكەدا دەكەوتە پیشاندانی ئەو جۆرە فیلمانە.
هەر پەیوەست بەم بابەتە دەكرێت بوترێت بەشێك لەو پرۆگرامە عەرەبیی و كوردییانەی لە ساڵانی 80 بۆ 91 بینراون ، تا ئێستاش لە یادەورییدا ماون بە موزیك و تایتڵ و پێشكەشكارەكانیانەوە، بۆ نموونە العلم للجمیع -كامل الدباغ ، عدسە الفن - خاتوو خیریە حبیب، عشر دقائق-امل المدرس، ئەلریازە فی الاسبوع و مۆسیقا بە ناوبانگەكەی (حەلاق اشبیلییە) و موئەییەد بەدریی پێشكەشكاری (كە تا ئێستاش ناوبەناو لە كەناڵە عەرەبییەكاندا چاوپێكەوتنی لەگەڵ دەكرێت بۆ بیرهێنانەوەی ئەو بەرنامەیەو رووداوە گرنگە وەرزشییەكانی عێراق لەوانە سەركەوتن بۆ ئۆڵمپیادی لوس ئەنجلس 1984، گۆڵە بەناوبانگەگەی عەدنان درجال لە كۆیای باشور وسەركەوتن بۆ جامی جیهانیی 1986 لە مەكسیك و ئۆڵۆمپیادی سیۆل 1988) یاخود افتح یا سمسم (بەم دواییە كەناڵی ئەلجزیرە راپۆرتێكی لەبارەی ئەو بەرنامە فێركارییەی منداڵان و تازەكردنەوەی لە هەندێك وڵاتی كەنداو ئامادەكردبوو)،زنجیرەی تەلەفزیۆنیی ناوخۆیی كوردیی (ژاڵە) و عەرەبیی (لیالی الحلمیە)و موزیك وگۆرانیی وئەكتەر ودەرهێنەرە بەناوبانگەكانیان،گۆرانییە جوانەكانی زەمەنی پێشووی موزیكی كوردیی و عێراقیی كە زۆر وزەوەندن و فلم كارتۆنە جیهانییەكانی ئۆسكار و تاكایاتۆدرۆكی و گران دایزەر و هتد كە هەموویان شاكار بوون لە وەرگێڕان و دۆبلاژكردندا ،ئۆپەرێتە كوردییە سەرنج راكێشەكان (بەیتی رێزان خاتوون وگەنجینەی سلێمان)،(رێوی  لە پێستی شێردا)و چەندین كاری تر كە بە شەو و بەرۆژ و ساڵ لە دوای ساڵ  پیشاندراون وتا ئەم ساتە وەختەش یادەوەریی زۆرێكیان هەروەك خۆیان ماون و كاڵ نەبوونەتەوە و دەشێت و دەكرێت لەنێو كایەی  میدیاییدا سوودیان لێ وەربگیرێت وەك چۆن لە دوای راپەرینەوە ئەم رەوتە لە كاری تەلەفزیۆنیی (كە هی داگیركاربوو) كاریگەریی خۆی بەجیهێشت بەسەر تەلەفزیۆنی كوردیی (داگیركراوی ئازاد بوو)ەوە وەك بەرنامەی كەشكۆڵ كە درێژكراوەی ئیستراحەت ئەلزەهیرەبوو، سینەما وەك كۆپیی مەكتەبە سینەماییەكەی فریال حسێن ، بەڵام تا ئەم ساتە وەختە بەرنامەیەكی كاریگەری وەك سینمای منداڵان  لەپێشكەشكردنی نەسرین جۆرج لە هیچ تەلەفزیۆنێكی كوردییدا بەرهەم نەهێنراوە.
-    دوای راپەڕین: كاریگەرییە تازەكان
سەرەتا دەكرێت بوترێت نەمانی سنوورداریی لەژمارەی تەلەفزیۆنەكانی پێَش راپەڕیندا (دووان، عەرەبییەك وكوردییەك)و سەرهەڵدانی تەنها تەلەفزیۆنی كوردیی بەشێكی زۆر لەدەرفەتی فێربوونی زمانی عەرەبیی لەدەست نەوەی دوای راپەرین دا،هەروەك چۆن سەرهەڵدانی بەرنامەی ئاست نزم و خراپ لە رووی كواڵتییەوە و نەمانی زنجیرە بیانییە سەب تایتڵكراوەكان وزاڵ بوونی زنجیرە لاتینیە بە عەرەبیی كراوەكان –دواتر بە كوردیی كراوەكان چانسی بەهرەمەندبوونی لە زمانی ئینگلیزیی نەهێشت - ئەمە وەك بیرۆكەیەكی رێژەیی كە دەشێت وانەبێت.بەڵام بە تێپەڕبوونی كات و سەرهەڵدانی ئامێرە تازەكانی وەك سەتەلایت و دی ڤی دی هەلێك رەخسا بۆ تەماشاكردنی فیلم و بەرنامەی زۆر و زەوەندی عەرەبیی و ئینگلیزیی وكاریگەرییە باشەكانیان لە بواری زانیاریی و فێربوونی زماندا.
لەپاش سەرهەڵدانی راپەڕین و هاتنە كایەی تەلەفزیۆنە كوردییەكان ، ئیتر بوار رەخسا بۆ زیاتر لە كەناڵ و دەستگایەك بۆ سوود وەرگرتن لەو بەرهەمانەی لەپێش راپەڕیندا تۆماركراون ولەفەوتان رزگارییان بووە بۆ سەرلەنوێ پیشاندانیان لەپەخشی بەرنامەكانیاندا بەتایبەت گۆرانییە دێرینەكان وزنجیرە تەلەفزیۆنییەكان.هاوكات بەرهەمهێنانی بەرنامەی تایبەت بەو بەرهەمە كۆنانە لە نێو كەناڵە كوردییەكاندا.بەهەمان شێوەش لەكەناڵە عەرەبییەكاندا وەك پێشر ئاماژەی بۆ كرا بەرنامەی لەم شێوازە بوونیان هەیە بۆ نموونە كەناڵی ئەلشەرقییە لەم ئاراستەیەدا ئەو كەسایەتییانە دەدۆزێتەوە كەبەشێكن لە یادەوەریی عێراقیی بەهەموو پێكهاتەكانییەوە بەهۆی بەهرە وبەرهەم وجێدەست وكاریگەرییان لەبوارە جیاوازەكانی كاری هونەریی ومیدیاییدا  وچاوپێكەوتنیان لەگەڵ   سازدەكات بۆ خستنەڕووی زانیاریی كە دەشێت نەزانراوبن بۆ بینەران یا باسكردن لەو شاكار و وێستگە و رووداوە گرنگانەی لە یادەوەرییدا ماون بەتایبەت بۆ هونەرمەندانی موزیك و گۆرانیی و نواندن.
بەگەڕانەوە بۆ بەرهەمە كوردییەكان،زیادەڕۆیی نییە گەر بوترێت ئەگەر تەلەفزیۆنی كوردیی كەركوك و دواتر پیشاندانەوەی بەرهەمە كۆن وبەبەهاكانی جاران لە كەناڵ وتەلەفزیۆنە ئاسمایی و زەمیینەكانی دواتردا نەبووایە،دەشێت زۆرێك لە هونەرمەندان ئەو ناووناوبانگ و پلەو پایە گەورەیەیان نەبووایە كەلە تەمەنی خۆیاندا پێی شادبوون لەسەر ئاستی ناوەوە ودەرەوەی كوردستان چونكە رێكەوتەكە وابووە ئەو بەرهەمانەی لەساڵانی پێشتردا تۆماركراون گەر نەڵێین هەرەباشترین ئەوا بێگومان یەكێك بوون لە باشترین كارە هونەرییەكانیان و بوونەتە ناسنامەیەكی بەهێز و بەرفراوان بۆیان لە نێو جەماوەری گەلەكەیاندا بەجۆرێك پاش ئۆغەركردنی یەكجاریشیان ئەو بەرهەمە كۆنانەیان هەر ماون و دەبنەوە  هەوێنی چەندین كاری تازە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved