ره‌زا شوان لویس كارۆل، نووسه‌ری چیرۆكی سه‌ركێشییه‌كانی (ئه‌لیس له وڵاتی عاجبایەتییه‌كاندا)یه‌كێكه له نووسه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی ئینگلته‌را و جیهان له بواری چیرۆكی منداڵاندا. لویس كارۆل نازناوی خوازراوی ئه‌ده‌بیه‌تی، هه‌ر به‌م ناوه‌شه‌وه چیرۆكه‌كانی و نووسینه‌كانی تری بڵاوكردۆنه‌ته‌وه، ناوی راستیی (چـارلز لوتۆیدیگ دۆدسون) ه. لویس كارۆل له (٢٧ی كانوونی دووه‌می ١٨٣٢) له دێی (دیرسبۆری) له شیشیار له ئینگلته‌را له خێزانێكی ئاینی له دایكبووه، حه‌وت خوشك و چوار برابوون، لویس منداڵی سێیه‌می خێزانه‌كه‌ی بوو. منداڵێكی ژیر و به‌هره‌مه‌ند و داهێنه‌ر و بزێو بوو، كه‌مێك سه‌ر زمانی ده‌گرت، گوێیه‌كی كه‌ڕ بوو، فێی لێده‌هات، ده‌مارگرژ بوو، بیركزبوو، زۆر جار له‌به‌رخۆیه‌وه وڕێنه‌ی ده‌كرد و قسه‌ی هه‌له‌ق و مه‌له‌قی ده‌كرد، گه‌لێ جار شته‌كان و گیانه‌وه‌ره‌كانی له قه‌واره‌ی خۆیان گه‌وره‌تر یا بچووكتر ده‌هاته خه‌یاڵی، ئه‌م راستییه‌ش له چیرۆكی سه‌ركێشییه‌كانی (ئه‌لیس له وڵاتی عاجبایەتییه‌كان) دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، ئاژه‌ڵه‌كان و باڵنده‌كان له قه‌واره‌ی خۆیان گه‌وره‌ترن. لویس هه‌ر له منداڵییه‌وه منداڵانی خۆشده‌ویست و حه‌زی به‌وه ده‌كرد، كه به چیرۆك و به قسه‌ی خۆش دڵخۆشیان بكات. له ماتماتیكدا زۆر زیره‌ك بوو هه‌ر ئه‌مه‌ش لای بوو به هه‌وێنی حه‌ز و خه‌یاڵی نووسینی چیرۆك بۆ منداڵان.لویس كارۆل له ساڵانی یه‌كه‌می منداڵییدا، له ماڵه‌وه فێربوو، له ته‌مه‌نی دوانزه ساڵیدا چووه قوتابخانه‌ی تایبه‌تی، له ماتماتیكدا زۆر زیره‌ك بوو. له‌به‌ر زیره‌كی له‌م بواره‌دا خه‌ڵات كرا، كه له‌سه‌ر ئه‌ركی حكومه‌ت له زانكۆدا درێژه به خوێندنی ماتماتیك بدات. لویس كارۆلی، چیرۆكنووس، رۆماننووس، شاعیر، وتارنووس، زانایه‌كی ماتماتیك، وێنه‌گرێكی فۆتۆگرافی. بێجگه له چیرۆكی (ئه‌لیس له وڵاتی عاجبایەتییه‌كان) دا، چه‌ند رۆمانێكی تریشی نووسیوه، كۆمه‌ڵه شیعرێكی گاڵته‌ئامێز و شیعری ئاسایشی نووسیوه، چه‌ند ده‌ستنووسێكی ده‌باره‌ی ماتماتیك و ئه‌ندازیاری و جه‌بر هه‌یه، كه هه‌ندێكیان تا ئه‌مڕۆش چاپ نه‌كراون.. لویس كارۆل، ئاره‌زوومه‌ندێكی گرتنی وێنه‌ی فۆتۆگرافیش بوو. به زۆریش وێنه‌ی منداڵانی گرتووه. لویس كارۆل له ساڵی (١٨٥٤) له كۆلێژی (كریست چیرش) له زانكۆی (ئۆكسفۆرد) بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له ماتماتیكدا وه‌رگرت و، هه‌ر له هه‌مان كۆلیژدا بوو به مامۆستای وانه‌بێژی ماتماتیك، زۆربه‌ی ژیانی له‌م پیشه‌یه‌دا به‌سه‌ربرد. لویس كارۆل چۆن چیرۆكی (ئه‌لیس له وڵاتی عاجبایەتییه‌كان)دای نووسی؟ له رۆژی(٤ی ته‌مموزی ١٨٦٢) لویس كارۆل له گه‌ڵ هه‌رسێ كچه‌كه‌ی رازگری كۆلێژه‌كه‌ی كریست جۆرج هێنری لیدڵ كه ناوی كچه‌كانی (رینا: ١٣ساڵ) و( ئه‌لیس: ١٠ساڵ) و( ئیدیس:٨ ساڵ) بوون. هه‌موویان سواری به‌له‌مێك بوون و چایان ده‌خوارده‌وه و له رووباری (تایمز)دا گه‌شتیان ده‌كرد، ئه‌لیس داوای لێ‌كرد كه چیرۆكێكیان بۆ بگێڕێته‌وه، لویس كارۆل كوت‌وپڕ بیرۆكه‌ی چیرۆكێكی ئه‌ندێشه‌یی بۆ هات، هه‌ر (ئه‌لیس) شی كرد به پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ی. ئه‌لیس داوای ئه‌وه‌شی لێ‌كرد كه چیرۆكه‌كه‌ی بۆ بنووسێته‌وه. لویس كارۆل، داواكه‌ی ئه‌لیسی هێنایه‌دی، دوای گۆڕانكاری و زیادخستنه‌سه‌ری، چیرۆكه‌كه‌ی نووسییه‌وه و هه‌ر خۆشی كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی بۆ كێشان، له پێشا كتێبه‌كه‌ی له ژێر ناوی ( سه‌ركێشییه‌كانی ئه‌لیس له‌ژێر زه‌وی) دا بوو.. له ساڵی (١٨٦٤) دا له ئاهه‌نگی دوانزه‌هه‌مینی له دایكبوونی ئه‌لیس، كتێبه ده‌سنووسه‌كه‌ی پێشكه‌ش به ئه‌لیس كرد. دواتر ناوی كتێبه‌كه‌ی گۆڕی به سه‌ركێشییه‌كانی (ئه‌لیس له وڵاتی عاجبایەتییه‌كاندا) له ساڵی (١٨٦٥)دا سه‌ركێشییه‌كانی ( ئه‌لیس له وڵاتی عاجبایەتییه‌كان) دا، بۆ یه‌كه‌مین جار چاپكرا.. تا ئه‌مڕۆ زیاتر له سه‌د جار ئه‌م كتێبه به زمانی ئینگلیزی چاپكراوه‌ته‌وه، ئه‌م كتێبه بوو به یه‌كه‌مین كتێبی چیرۆكی منداڵان له ئینگلته‌رادا و، چیرۆكی ئه‌لیس له وڵاتی عاجبایەتییه‌كاندا بوو به وێردی سه‌ر زاری منداڵ و گه‌وره‌كان له‌و وڵاته‌دا، له ساڵی (١٩٣٢)دا ئه‌م كتێبه بوو به یه‌كێك له به ناوبانگترین كتێبی چیرۆك بۆ منداڵان له جیهاندا، یه‌كێكیشه له‌و كتێبانه‌ی كه زۆرترین ژماره‌ی لێفرۆشراوه.. تا ئه‌مڕۆ ئه‌م كتێبه وه‌رگێڕدراوه بۆ زیاتر له هه‌شتا زمانی جیهانی. كراوه به فیلم كارتۆن و به فیلمی سینه‌مایی و به چه‌ندین زمانی جیهانی دۆبلاج كراوه. به شێوه‌یه‌كی ئاسانتریش داڕێژراوه و به شانۆگه‌ری و شانۆی بووكه‌ڵه‌ش، به زمانه جیاوازه‌كان نمایش كراوه. ناوبانگ ده‌ركردنی چیرۆكی سه‌ركێشییه‌كانی (ئه‌لیس له وڵاتی عاجبایەتییه‌كاندا) بوو به هانده‌ر بۆ لویس كارۆل. ئه‌وه‌بوو كه ده‌ستی كرد به نووسینی به‌رگی دووه‌می له‌ژێر ناوی (روانین له میانه‌ی ئاوێنه‌وه) یا ( روانین له میانه‌ی شووشه‌وه). كه له ساڵی (١٨٧١) دا ئه‌م كتێبه‌شی چاپكرد.. رۆمانێكیشی له‌ژیر ناوی( چه‌نه‌بازی) دا چاپكرد. ئه‌لیس كێیه؟ ئه‌لیس هێنری جۆرج لیدڵ كه‌سێتییه‌كی راستییه، كچۆڵه‌یه‌كی گه‌نم ره‌نگی دوانزه ساڵان بوو، كچی عه‌میدی كۆلێژی ( كوست چیریش) بوو، زۆر خۆی ده‌برده پێشه‌وه و، خۆی لای لویس كارۆل شیرین كردبوو. (ئه‌لیس لیدڵ) له‌و چیرۆكه كلاسیكییه بێ وێنه و بێ دیالۆگانه بێزارببوو، كه دایكی بۆی ده‌گێڕانه‌وه یا ده‌خوێندنه‌وه. بێزاریی ئه‌لیس، بوو به هه‌وێنی بیركردنه‌وه و خه‌یاڵی لویس كارۆل، ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ش له‌و چیرۆكه‌دا به‌رجه‌سته‌بوو، كه ئه‌لیسی كرد به پاڵه‌وانی چیرۆكێكی ئه‌ندێشه‌یی فه‌لسه‌فی و له‌ژێر ناوی (ئه‌لیس له وڵاتی عاجبایەتییه‌كان)دا دایڕشت. چیرۆكه‌كه‌ش به‌وه ده‌ست پێده‌كات: ئه‌لیس خه‌ریكی گوڵ چنین بوو، بۆ ئه‌وه‌ی تاجه‌گوڵینه‌یه‌ك دروست بكات و بیكاته سه‌ری، له‌م كاته‌دا كه‌روێشكێكی گه‌وره‌ی چاومێخه‌كی، به‌روانكه‌یه‌كی له به‌ردابوو، كاتژمێرێكی له گیرفان ده‌رهێنا و سه‌یری كرد و به‌ره‌و كونه‌كه‌ی رایكرد. ئه‌لیس له دیمه‌نی كه‌روێشكه‌كه سه‌رسام بوو، چونكه پێشتر كه‌روێشكی وای گه‌وره و سه‌یری نه‌بینیبوو. یه‌كسه‌ر به دوایدا رایكرد و كه‌وته ناو لانه گه‌وره‌كه‌ی كه‌روێشكه‌كه‌وه. كه هه‌ستایه‌وه له جیهانێكی خه‌یاڵیی عاجباتیدا خۆی دۆزییه‌وه، گوڵ و ئاژه‌ڵ و باڵده‌كان له قه‌واره‌ی ئاسایی گه‌وره‌تربوون وه‌ك مرۆڤیش ده‌دوان، هه‌موو شته‌كانیش جیاوازبوون. شتی عاجباتی ده‌بینێت ئه‌م چیرۆكه به چه‌ندین سه‌ركێشیدا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ئه‌وه‌ی له خه‌یاڵدان له راستیدانین. ئه‌لیس له‌م وڵاته‌دا ده‌ڕوا و ده‌گه‌ڕێ و ده‌ڕوانێت، شتی عاجباتی ده‌بینێت (داوه‌ڵێك و شێرێك و پیاوێكی ئاسن) ده‌بینێت. هه‌موویان پێكه‌وه ده‌چن بۆ لای جادووگه‌رێك، بۆ ئه‌وی یارمه‌تییان بدات.. شێره‌كه ئازایی ده‌ویست، پیاوه ئاسنه‌كه دڵی ده‌ویست، داهۆڵه‌كه هۆشی ده‌ویست، به‌ڵام ئه‌لیس گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵی خۆیان ده‌ویست. جیاوازی چیرۆكی (ئه‌لیس له وڵاتی عاجبایەتییه‌كاندا) لویس كارۆل ئیلهامی له ئاره‌زووی ئه‌لیس و له خودی منداڵانی تره‌وه وه‌رگرت، كه له چیرۆكی كلاسیكی ئامۆژگاری و په‌ند و ته‌لقین ئاسایی بێزاببوون چونكه ته‌نها جه‌ختیان له‌سه‌ر ره‌وشت و گوێدێری و ڕێنمایی گه‌وره‌كان ده‌كردنه‌وه، یا له یاسا و له نه‌ریته باوه كۆمه‌ڵاتییه‌كان لانه‌ده‌ن.. خواست و خه‌ون و ئاره‌زووه‌كانی منداڵانیان به لاوه نابوو. سه‌ركێشییه‌كانی(ئه‌لیس له وڵاتی عاجبایەتییه‌كان) چیرۆكێكی فه‌لسه‌فی و فه‌نتازییه، ئه‌م چیرۆكه خاڵێكی وه‌رچه‌رخانه له ئه‌ده‌بی منداڵاندا، لویس كارۆل كوده‌تایه‌كی به‌سه‌ر ئه‌و رێباز و شێوازه كلاسیكییه چه‌ق به‌ستووانه‌دا كرد، كه منداڵان لێیان وه‌رست و بێزاربوون. لویس كارۆڵ جۆره چیرۆكێكی جیاواز و دژه‌باوی نووسی، له میانه‌ی ئه‌لیسی بچكۆله‌ی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌وه. ئه‌ندێشه و شادی به‌سه‌ر بازوودا سه‌ركه‌وتن. ئه‌م چیرۆكه متمانه و ئازادی و ئازایی به منداڵان ده‌به‌خشێت، كه خۆیان رووبه‌ڕووی ئه‌و كێشانه ببنه‌وه كه دێنه رێ‌یان، پێویسته خۆیان چاره‌سه‌ر و رێگه‌ی سه‌ركه‌وتنیان بدۆزنه‌وه. ئه‌لیس منداڵێكی ئاساییه و هیچ توانایه‌ی به‌ده‌ری نییه. به‌ڵام له رووبه‌ڕووبوونه‌وه ناترسێت، ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه كه پێبه‌ندبێت به یاسای كه‌سانی تر، به تایبه‌تیش گه‌وره‌كان، یا ئه‌وانه‌ی له‌و زه‌به‌لاحتر و به ده‌سه‌ڵاترن. لویس كارۆل له ڕێی ئه‌م شاكاره ئه‌ده‌بییه جیهانییه‌ی بۆ منداڵان، ناوبانگی ده‌ركرد. ئه‌مساڵ (١٥١) ساڵ به‌سه‌ر چاپكردنی ( ئه‌لیس له وڵاتی عاجبایەتییه‌كان )دا تێپه‌ڕی، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆش، چێژ و خۆشیی ئه‌م چیرۆكه كاڵ نه‌بۆته‌وه، منداڵان به په‌رۆشه‌وه گوێی لێده‌گرن یا ده‌یخوێننه‌وه، یا به فیلمی كارتۆن و سینه‌مایی و شانۆ ده‌یبینن. لویس كارۆل، پێش جه‌ژنی (شه‌ست و شه‌ش) ساڵه‌ی له دایكبوونی، تووشی نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزایه‌كی قورس ده‌بێت، سییه‌كانی ده‌گرێته و بریندار ده‌بن. هه‌ر به‌م نه‌خۆشییه له(٤/ كانوونی دووه‌م/ ١٨٩٨) دا كۆچی دوایی كرد.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure