7/5/2017 03:39 PM

هەفتەی كلتوری فەڵەستین و كوردستان لەسلێمانی بەڕێوەچوو

لەتەلاری هونەری سلێمانی، هەفتەی دۆستایەتی و پاڵپشتی لەنێوان هەردوو گەلی فەڵەستین و كوردستان بەئامادەبوونی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو ژمارەیەك لەبەرپرسان و رووناكبیران و هونەرمەندان و هاوسۆزانی هەردوو گەلی فەڵەستین و كوردستان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتادا، وتارێك لەلایەن باڵیۆز نەزمی خزوری كونسوڵی گشتیی دەوڵەتی فەڵەستین لەهەرێمی كوردستان خوێندرایەوەو تێیدا جەختی لەسەر هاوكاری و پاڵپشتی لەهەموو ئاستەكان كردەوە لەنێوان هەردوو گەلی برا فەڵەستین و كوردستان و داواشی كرد كە پرۆسەی ئاشتی و ئاشتەوایی لەهەموو جیهان بەدی بێـت بەتایبەت لەناوچەكە.
پاشان بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری وهونەری سلێمانی وتارێكی پێشكەشكردو خۆشحاڵی شاری سلێمانی نیشاندا وەكو پایتەختی رۆشنبیری كە هەفتەیەكی هونەری و كەلتوری و روناكبیری لەو شێوەیە لەخۆدەگرێت و چەندین وێستگەی گرنگی دۆستایەتی نێوان گەلی كوردستان و فەڵەستینیشی باسكرد.
دواتر بڕگەكانی تری هەفتەكە بەڕێوەچوو، كە چەندین جۆر هەڵپەڕكێ‌ و گۆرانی و میوزیكی هەردوو گەلی فەڵەستینی و كوردستان پێشكەشكران، پاشانیش خەڵاتی رێزلێنان پێشكەش بەچەند كەسایەتییەك كرا كە رۆڵیان هەبووە لەسەرخستنی ئەم هەفتە یادە.
خاك- بەیاد مەریوانی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved