8/5/2017 01:56 PM

کلارا بارتۆن دامەزرێنەری خاچی سوری ئەمریکی

لەگەڵ ناوهێنانی ڕێکخراوی خاچی سور ڕاستەوخۆ مرۆڤ بیری بۆلای کاری خێرخوازی و یارمەتیدانی مرۆڤ دەچێت ، ڕێکخراوی خاچی سوری ئەمریکی ڕێکخراوێکی خێرخوازیە(بەشێکە لە ڕێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی)، یارمەتی هاوڵاتیانی ئەمریکاو جیهان دەدات لە کاتی ڕوودانی جەنگ و کارەساتە سروشتیەکاندا ، ئەم ڕێکخراوە ژیانی هەزاران هاوڵاتی لە سەرانسەری جیهاندا لە برسێتی و ئازار ڕزگار کردووە ئەویش بە پێدانی دەرمان و خۆراك و پێداویستی بە قوربانیانی ڕوداوە جۆراو جۆرەکان.
ئەم ڕێکخراوە لەسەر دەستی ژنێکی ئەمریکی بەناوی کلارا بارتۆن، لە ساڵی ١٨٨١دا دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە.

ژیانی کلارا بارتۆن:

کلارا بارتۆن  ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٢١ لە دایك بووە ، باوکی ستیڤن بارتۆن، ئەفسەر بووە لە سوپای ئەمریکا ، کلارا لە دامەزراوەی کلینتۆنی لیبڕاڵی دەستی بە خوێندن کردووە دواتر دەستی بە کاری مامۆستایی کردووە  خوێندنگەیەکی ئازادی لە بوردنتاون لە نیوجیستی کردووەتەوە سەرەتا لە خوێندنگەکەیەدا تەنها ٦ خوێندکار بونیان هەبووە دواتر بەهۆی سەرکەوتنی خوێندنگاکەیەوە ژمارەی خوێندکارەکانی گەیشتۆتە ٦٠٠ خوێندکار ، بەڵام بەهۆی نەخۆشیەوە واز لە پیشەی مامۆستای دەهێنێت و لە ساڵی ١٨٥٤ دا لە دەزگای داهێنەران لە واشنتۆن وەك فەرمانبەر دەست بەکار کردن دەکاتەوە .

کارەکانی کلارا لەماوەی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا:

دوای دروست بونی شەڕی ناوخۆ لە ئەمریکا کلارا، یەکێك بووە لەو ژنانەی کە هەستی بە بەرپرسیارێتی گەورە کردووە بەرامبەر کەسانی نەخۆش و ئەو کەسانەی پێویستیان بەهاوکاری و یارمەتی هەبووە ، ئەم هەستەی کلاراش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە چاودێری کردون و یارمەتیدانی خوشکە نەخۆشەکەی لە ئەستۆ گرتووە، هەربۆیە لەو کاتەدا کلارا دەست بەدابەشکردنی چەندین پێداویستی دەکات بەسەر ئەو سەربازانەی لە شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا بریندار بوون.
کارەکانی کلارا تەنها بە یارمەتیدانی سەربازە بریندارەکانەوە ناوەستێ بەڵکو لە پاش کۆتایهاتنی شەڕ هەست بە بەرپرسیارێتێکی گەورەتر دەکاتە بەرامبەر ئەو سەربازانەی لەشەڕەکاندا بێسەرو شوێن بوون ، لەوێوە کلارا سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی گەڕان بەشوێن سەربازە ونبوەکاندا دەکات و داوایەك ئاڕاستەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات تا نوسینگەیەکی تایبەت بۆ هاوکاری ڕێکخراوی گەڕان بە دوای سەربازە ونبوەکاندا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بکرێتەوە ، پاشان کلارا ڕەزامەندی ئەبراهام لینکۆڵن سەرۆکی ئەو کاتەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بەدەست دەهێنێت ، بۆ یەکەم جار نوسینگەیەکی فەرمی تایبەت بە گەڕان بەدوای سەربازە ونبوەکاندا دەکریتەوە کە ماوەی چوار ساڵ کارەکانی ئەنجام دەدات، لەو ماوەیەدا کلارا دەتوانێت گۆڕی هەزاران سەرباز لە گۆڕستانی نیشتیمانی ئەندەرسونفیل لە جۆرجیا بدۆزێتەوە، دواتر لە ساڵی ١٨٦٨ دا نوسینگەکەی دادەخات.

سەرەتای کارکردنی کلارا لە ڕێکخراوی خاچی سور:
لە ساڵی ١٨٦٩ دا کلارا دەست بەگەشتێک دەکات بەرەو وڵاتانی ئەروپا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و وەرگرتنی پشوو، بەڵام لەو کاتەدا بەهۆی ڕودانی چەندین کارەساتی سروشتی کلارا واز لە وەرگرتنی پشوو دەهێنیت و لە هەوڵی یارمەتیدانی لێقەوماواندا دەبێت . بۆیە لەلایەن سەرپەرشتیارانی ڕێکخراوی خاچی سورەوە داوای کارکردنی هاوبەشی ئاڕاستە دەکرێت .
پاش سەرهەڵدانی شەڕ و ناکۆکی نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا، کلارا لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوەکەدا سەردانی ئەو ناوچانە دەکات کە کێشەو ئاڵۆزیان تێدایە لەگەڵ هاوکاریکردنی نەخۆشخانە سەربازیەکان .
لە ساڵی ١٨٧١ دا کلارا سەرپەرشتی دابەشکردنی هاوکاری بەسەر هەژاراندا لە ستراسبورگ دەکات لە ساڵی دواترا ئەبێتە نوێنەری ڕێکخراوەکە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا.

دامەزراندنی خاچی سوری ئەمریکی:
لە ساڵی ١٨٧٣ دا کلارا بارتۆن دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە پێناو دروستکردنی خاچی سوری  ئەمریکی و بە ئەندام بونی وڵاتەکەی لە پەیمانی جنێفدا(لەو کاتەدا ئەمریکا ڕەتیکردبووەوە ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانی جنێفدا) لە پاش هەوڵ و ماندوبونێکی زۆر لە ساڵی ١٨٨١ تا ١٨٨٢ ماندوبونەکانی کلارا بە بەرهەم دەگات و ڕێکخراوی خاچی سوری ئەمریکی دادەمەزرێنێت و دەبێتە سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە تا ساڵی ١٩٠٤.

کارەکانی کلارا لەماوەی سەرۆکایەتی کردنی ڕێکخراوەکەدا:

لە ماوەی سەرۆکایەتی کردنی ڕێکخراوی خاچی سوری ئەمریکی کلارا یارمەتی و هاوکاری گەیاندۆتە قوربانیانی ڕوداوە جۆراو جۆرەکان لەوانە گەیاندنی هاوکاری بەکەسانی توشبوو بە نەخۆشی بەرزبونەوەی تا لە فلۆریدا ساڵی ١٨٨٧، گەیاندنی هاوکاری بە قوربانیانی ڕوداوی سروشتی لە بنسلفیا ساڵی ١٨٨٩،گەیاندنی هاوکاری بە دانیشتوانی ڕوسیا کە دووچاری برسێتی و گرانی ببونەوە لە ساڵی ١٨٩١، هاوکاریکردنی لێقەوماوانی زریان لە باکوری کارۆلینا ساڵی١٨٩٣، هاوکاریکردنی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان ساڵی ١٨٩٦، هاوکاری کردنی قوربانیانی جەنگی ئەمریکا-ئیسپانیا لە کوبا ساڵی ١٨٩٨، هاوکاریکردنی قوربانیانی ڕودانی زریانی گالفستون لە تەکساس ساڵی ١٩٠٠و چەندین کاری دیکەی خێرخوازی.

کلارا بارتۆن بەهۆی کارو ماندوبونەکانیەوە چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە لە ١٢ی نیسانی ساڵی ١٩١٢ لە غلین ئیکۆ لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کۆچی دوای کردووە.

خاك- ژیمان عبدالرحمن
س/المرسال







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved