16/5/2017 10:45 AM

وێنەو زانیاری... کتێبخانەی لینین

کتێبخانەی لینین کە بەناوی دامەزرێنەری دەوڵەتی سۆفیەتی کۆن (فلادیمێر ئیلیتش لینین)ەوە ناونراوە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیاوە و نزیك بە گۆڕەپانی سور ( کە ڕەمزی وڵاتی ڕوسیاو جێگای ڕێپێوان و بۆنە جۆراو جۆرەکانە)، کتێبخانەکە یەکێکە لە کتێبخانە گەورەو بەناوبانگەکانی وڵاتی ڕوسیا و لە دروست کردنی کۆن و نوێ پێك دێت.

دروستکردنە کۆنەکەی بریتییە لە باڵەخانەی "باشکوفا" کە لەلایەن ئەندازیاری تەلارسازی باجونوف دروستکراوەو لە کانونی یەکەمی ١٨٦٢ دا وەك یەکەمین کتێبخانەی فەرمی کراوەتەوە کە دەوڵەمەند بووە بە کتێب و بابەتە دەستنوسەکان.

لە سەرەتادا کتێبخانەکە سادە بووە پێكهاتووە لە سەرچاوە ڕوسیەکان کە خۆی لە ١٠٠ هەزار کتێبدا بینیوەتەوە لەلایەن نیقولای رومیانتسیف کۆکراوەتەوە ، لەگەڵ هۆڵێکی کتێب خوێندنەوە کە جێگای ٢٠ خوێنەری هەبووە.

دواتر لە ساڵی ١٨٦٣ لەلایەن هاوڵاتیانی ڕوسی و ڕۆشنبیرانی ئەو وڵاتەوە چەندین جۆری کتێب و بابەتی دەستنوس بۆ دەوڵمەند کردنی پێشکەش بە کتێبخانەکە کراوە لەوانە ( لیف تولیستوی، ئەنتۆن تشیخوف، دوستویفسکی ، تیمیریازوف و ....هتد).

لە کتێبخانەکدا ژورێکی تایبەت بە وێنەو نوسراو بەڵگەو بڵاوکراوەی دیموکراتەکانی شۆڕشی ڕوسیا بونی هەیە کە ڕۆڵێکی گەورەیان لە جوڵاندنەوەی شۆڕشی ڕوسیادا هەبووە.

لە ساڵی ١٩١٤ بۆ ١٩١٥ بەشێکی نوێ لە کتێبخانەکەدا دەکرێتەوە کە تایبەت دەبێت بە هەڵگرتنی زیاتر لە ٥٠٠ فایلی جۆراو جۆر لەگەڵ کردنەوەی هۆڵێکی خوێندنەوە کە توانای لەخۆگرتنی ٣٠٠ خوێنەری هەبووە.

لە ساڵی ١٩١٧دا کتێبخانەکە گەورەتر دەکرێت و خۆی لە هەڵگرتنی ١،٥ ملیۆن فایلی جۆراو جۆر و کتێبدا دەبینێتەوە ، پێش دەستپێکی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ کتێبخانەکە ناوی رومیانتسیف بووە بەڵام دوای شۆڕش ناوکەی بۆ لینین گۆڕاوە.

بەشە نوێیەکەی کتێبخانەکە لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٦٠ دا لەسەر شێوازێکی نوێ لەلایەن ئەندازیارانی تەلارسازی سۆفیەتەوە دروستکراوە.

لە ئێستادا کتێبخانەی لینین خۆی لە ٤ ملیۆن چاپکراوی نیشتیمانیدا دەبینێتەوە بە ٩١ زمان و١٤  ملیۆن چاکراوی جیهانی بە ٢٧٩ زمانی جیاواز لەگەڵ هەموو کارەکانی دامەزراوەی مارکس .

کتێبخانەکە چەند بەشێکی تایبەت بە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا لە خۆ دەگرێت کە نوسراوەکان  بە ٩٥ زمانی ڕۆژهەڵاتی هەڵگیراون.

هەر لە کتێبخانەکەدا جێگایەکی تایبەت بە کتێبەکانی ڕۆژهەڵاتناس (ئەبرام توروف) بونی هەیە لەگەڵ بونی ٤٤ ملیۆن کۆپی توێژینەوەی زانستی و ئەدەبی .

کتێبخانەکە لە ٢٣ هۆڵی خوێندنەوە پێک دێت و خوێنەرێکی زۆر لە سەرانسەری جیهانەوە ڕویی تێدەکەن.

خاك- ژیمان عبدالرحمن










زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved