17/5/2017 04:15 PM

وەرزی ڕۆشنبیری و كلتوری زانكۆی سلێمانی


هێمن كاكەیی
فۆتۆ:گۆران قادر

وەك نەریتێكی ساڵانە، لیژنەی ڕۆشنبیری كۆلێژی زمانی زانكۆی سلێمانی وەرزی ڕۆشنبیری و كلتوری و فەرهەنگی خۆی ئەنجامدا، بۆزیاتر گرێدان و گریگی دان بە ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان زانكۆو كۆمەڵگا.
لەو چوارچێوەیەدا، چەندین سیمینارو پانیڵ بەڕێوەچوو، هەریەكە لە پڕۆفیسۆران دكتۆر زاهیر لەتیف كەریم و دكتۆر نیان نەوشیروان مەستی سیمینارێكیان پێشكەشكرد، بەناوی (دەسەڵاتە ئاسۆییە كان، گۆران وەك نمونە)و تیایدا هەردوو مامۆستا باسیان لە دەسەڵاتە ئاسۆییەكان بەشێوەیەكی گشتی كرد كە بریتیە لەبەها دەسەڵاتییە ئاسۆییە مێژوویی ووەرگری وچاوەڕوانیییەكان كەهەرسێكیان خۆیان لەپڕۆسەیەكی كاركردندا دەبینێتەوە كەڕاڤەكردنە.ڕاڤەكردنیش لەسەر سێ بنەمای سەرەكی دادەمەزرێت ئەوانیش,دەق وەك دەسەلاتێكی سەربەخۆی ڕاڤەكردن،خوێنەر یان وەرگر وەك دەسەڵاتێكی دەقی,دواترینیان,ڕۆشنبیریەتی خوێنەر ووەرگر.
(شارستانی سلێمانی) ناونیشانی پانێڵێكی تر بوو كە لە لایەن پڕۆفیسۆر دكتۆر فایەق مستەفاوە پێشكەشكراو، تیایدا بەوردی هەڵوەستەی كرد لە سەر بنەماشارستانی و مێژووی شارستانی سلێمانی لە چاو شاەكانی تری هەرێمی كوردستان و عیراق و ئەو بنەمایانەی  كە سلێمانی لە دێر زەمانەوە كردوە بە شارو شارستانیەتی تیایدا ڕەنگی داوەتەوە و بۆ دەوڵەمەندكردنی باسەكەشی چەندین وتەی فەیلەسوف و ڕۆشنگەرانی جیهانی و عەرەبی هێناویەوە بە نمونە.
 (دارشتەی لیكسمی ژن لە ئەدەبی كوردیدا) ناونیشانی پانێڵێكی پ.ی.د. شیلان عومەر حسین بوو، تیایدا باس لە لیكسیكون و پێكهاتەی لیكسم وەك بنەڕەتترین یەكەی واتای لە زمانداو ڕۆڵ و ئەركی لە تاقتكردن و هە ڵكردتنی زانیاریی كە بونیاتی كۆ زانیاری و مەعریفەو دنیابینی مرۆڤ دەنەخشێنن كراوە، چەمكی ژن وەك باسادان و كارەكیكردنی ئەم گریمانەیە لە ئەدەبی كوردیدا شیكردنەوەو لێكدانەوەی بۆ كراوە.
پڕۆفیسۆر دكتۆر دڵشاد عەلیش ناونیشانی سیمینارەكەی بریتی بوو لەكێشەی زاراەوەو چەمكەكانیان لە مێژووی ئەدەبی كوردیدا و تیایدا دەربارەی كێشەی پۆلێنكردنی شاعیران و دەقی شیعری كوردی لە قۆناغەكانی مێژووی ئەدەبی كوردیداو بە گشتی و لەسەدەكانی هەژدەو نۆزدەی كرمانجی خواروودا بەتایبەتی كەبەهۆی بە كارهێنانی كۆمەڵی زاراوەی جۆراوجۆرەو بە چەكی جیاواز لە لایەن لێكۆڵەرانمانەوە ڕووبەڕوومان بۆ تەوەو تێڕوانین و لێكدانەوەی نازانستیانەش لەدەوری گەڵاڵەكراوە.
هاوكات پڕۆفیسۆر حەمەدلێر میسری سیمینارێكی پێشكەشكرد بە ناونیشانی ڕایەڵەكانی نێوان ئەدەب و ڕۆژنامەگەری و تیایدا ئەو خاڵە هاوبەشانەی ڕوونكردەوە كە لە نێوان كایەی ڕۆژنامەگەری و ئەدەبی كوردیدا هەیە و لە بارەیەشەوە چەندین نمونەی هێنایەوە.
(دەردەگومان وئەفسانەی زمانی ئینگلیزی لە باشوری كوردستان)،ناونیشانی پانێڵكی،پ.ی.د. حەمەنوری عومەر كاكی بوو ، كە تیایدا  لەم خستنە ڕووەدا (Presentation)دەردەگومان بەواتای ( وهم و واهیمە ) ی ئەوەی كە  ئینگلیزی جیهانییە ،لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا بووە بە ئەفسانە ، لەڕووی ژمارەوە ، بۆ زانست وەرگرتی باشترین زمانە ، هەروەها  باس لە گرنگی فرە زمانی دەكرێت ، بەڵام بەو واتایە نییە كە تەنیا زمانی ئینگلیزی  وبەس ، فرە زمانی نابێت زمانی دایك لاواز بكات ، یان لە ناوی بەرێت،  پێویستە پەرەلێل لەگەڵ زمانی دایكدا چەند زمانێكی دیكە لە خوێندگەكاندا بخوێنرێت ،  هەندێك زانیاری لەبارەی زمانەكانی دیكەوە ، كە گرنگن ،وەك زمانی فەرەنسی ولاتینی و ئەڵمانی.
دوا پانێڵی ئەم وەرزە ڕۆشنبیریەش لە لایەن دكتۆر شكار عەبدولكەریمەوە پێشكەشكرا بەناونیشانی بەراوردێكی ستایلی شیعری مەولەوەی تاوەگۆزی و مەولەوی ڕۆمی و بەوردی كۆڕكێڕ ڕۆشنایی خستە سەر لایەنی ئەدەبی و تەسەوف و داهێنان و دنیا بنی ئەو دوو كەڵە نووسەرانە.
هەر لەو وەرزە ڕۆشنبیریەدا، چەند پارچە شعرێك لە لایەن هەریەكە لە دكتۆر فەریدون عەبدول بەرزنجی و دكتۆر نەورۆز شەوكەت و دكتۆر عەباس ساڵحەوە پێشكەشكرا.
مامۆستا ژینۆ عەبدولڵالە لیژنەی ڕۆشنبیری كۆلێژی زمان لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەدا، ئەنجامدانی ئەم وەرزە ڕۆشنبیریانە گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، بەتایبەت بۆ ئەوەی جارێكی تر ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان ناوەندە ئەكادیمیەكان و كۆمەڵگا پتەوتر بكرێت و هەردوولا زیاتر هاوكاری یەكتر بكەن بۆ سەرخستنی لایەنی ڕۆشنبیری و كلتوری و فە هەنگی.
شایەنی باسە، ئەم وەرزە ڕۆشنبیریە ڕۆژانی 16-17-5-2016 بەڕیوەچوو، پانێڵەكانیش لە لایەن دكتۆر ئیسماعیل بەرزنجی و دكتۆر تابان حەمەسەعید بەڕیوەدەچوون و لە ڕۆژی یەكەمیشدا لە لایەن خوێندكارانی بەشی زمانی ئینگلیزیەوە چەندین چالاكی جۆراو جۆر بە ڕێوچوو.

 












زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved