18/5/2017 01:22 PM

لە ڕۆژی جیهانی مۆزەدا مۆزەخانەی سلێمانی چەند کەسایەتیەك خەڵات دەکات

بەرواری ١٨ی ئایاری هەموو ساڵێک وەك ڕۆژی جیهانی مۆزەخانە لە جیهاندا دەست نیشانکراوە ، لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ مۆزەخانەی سلێمانی وەك ڕێزگرتنێک بەرامبەر هەوڵ و ماندوبونیان لەپایی خزمەتیان بە مۆزەخانەکە ژمارەیك کەسایەتی و فەرمانبەری مۆزەخانەکەی خەڵات کرد.

لەو بارەیەوە هاشم عەبدوڵا بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی بەسایتی خاکی ڕاگەیاند " لە ڕۆژی جیهانی مۆزەخانەدا، مۆزەخانەی سلێمانی ئەو کەسایەتیانە خەڵات دەکات کە لە دەوڵەمەند کردنی مۆزەخانی سلێمانی، زانستەکانی شوێنەوار و خانووە کەلەپوریەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو".

وتیشی " ئەمساڵ (ڕیلیفێک) پێشکەش بە کەسایەتی عومەر فەتاح کراوە کە لەم بوارەدا خەمخۆر بووە نازناوی ( فریاد ڕەسی) مۆزەخانەی پێبەخشراوە".

ئاماژەی بەوەکرد " هەروەها کەسایەتی بەرزان قادر خەڵوز یەکێکی دیکەیە لەو کەسایەتیانەی خەمخۆری مۆزەخانە و بەڕێوبەرێتی شوێنەواری سلێمانی بووەو نازناوی (پێشمەرگەی شوێنەراو)ی پێبەخشراوەو، د. کۆزاد محەمەد، وەك خۆبەخشێک بە زانست و زانیاری پشتگیری کردووین نازناوی (زانای شوێنەوار)ی پێبەخشراوە".

ڕونیشیکردەوە" بێجگە لەو کەسایەتیانە ژمارەیەك فەرمانبەری مۆزەخانەکە کە ساڵانێکە لە مۆزەخانەکەدا کاردەکەن و جێ دەستیان دیارە خەڵات کراون".

هەر لەو بارەیەوە بەرزان قادر خەڵوز، بە سایتی خاکی ڕاگەیاند " ئەو خەڵاتەی پێم بەخشراوە لەپای ئەو کارارو چالاکیانەم بووە وەك کۆکردنەوەی پارچە مێژووەیەکان کە پێشکەش بە مۆزەخانەی سلێمانیم کردووە لەگەڵ ئەوەشدا کەسانی دیکەشم هانداوە کە ئەو پارچانە ببەخشنە مۆزەخانە".

باسی لەوەکرد" لە ساڵی ١٩٩٣ دەستم بەم کارە کردووە ئەو کاتە بەرنەمای کەشکۆڵمان پێشکەش دەکرد لەناو گۆڕێکدا کەلو پەلی مێژویمان دۆزیەوەو گەڕاندمنەوە بۆ مۆزەخانە، دواتریش هەڤاڵ مام جەلال زۆر هانی داوم کە کار بۆ مۆزەخانە بکەم بە شێوەیەکی فەرمی لە ساڵی ١٩٩٤ وە کار لەگەڵ مۆزەخانەی سلێمانیدا دەکەم، دواتر کارەکە گەورەتر بوو ڕێگیریمان لە قاچاخچیەکان دەکرد لە بردنە دەرەوەی پارچە میژوویەکان،ا لەو ساڵانەوەتا ئیستا زیاتر لە ٧٠ هەزار پارچەی مێژویمان کۆکردۆتەوە".

وتیشی " لەو کەسایەتیانە عومەر فەتاح، لە هەموو خولەکانی سەرۆکایەتیدا چ وەك سەرۆك یاخود جێگری سەرۆکی حکومەت هاوکارێکی گەورە بووە لە ڕوی مادی و خزمەت کردن بە مۆزەخانەی سلێمانی، کە لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا پارە بۆ کڕینەوەی خانووە کۆنەکانی سلێمانی تەرخان کراوە تواندراوە ١٧ خانوو لە ڕوخاندن ڕزگار بکرێت".

لە لایەن ڕێکخراوی ئایکۆم لە ساڵی ١٩٧٧ وە ١٨ی ئایار وەك ڕۆژی جیهانی مۆزەخانە دەست نیشانکراوە مۆزەخانەی سلێمانیش کە بە یەکەم مۆزەخانەی هەرێمی کوردستان و دووەمی عیراق دادەندرێت ساڵانە یادی ئەم ڕۆژە دەکاتەوە.

خاك













زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved