21/5/2017 10:23 PM

بۆچی پێویستە ئاو بخۆینەوە ؟

مرۆڤەکان پێویستە ئاو بخۆنەوە بۆ بەردەوامی ژیان، بە نزیکەی %60 ی جەستەی هەریەکێکمان لە ئاو پێکهاتوە، مێشکی هەریەکەمان %70ی ئاوە، هەروەها سیەکانمان %90ی لە ئاو پێکهاتوە، هەموو ڕۆژێک لەشمان پێویستی بەوە هەیە 2.4 لیتر ئاو دەربدات و وەربگرێت لەڕێگەی خواردن و خواردنەوەکانەوە.

چۆن جەستەمان ئاو بەکاردێنێت؟
جەستەمان بەچەند شێوازێک ئاو بەکار دەهێنێت، نەرمی و لینجی ئەبەخشێت بە جومگەکان و جوڵەیان ئاسان ئەکات، خواردن بە مێشک  و دڕکەپەتک و ڕیشاڵەکان دەدات ودەیانپارێزێت، پلەی گەرمی جەستە بە جێگیری ئەهێڵێتەوە، یارمەتیمان دەدات بۆ ڕزگاربوون لە مادە بێ سوودەکان لە لەشدا لەڕێگەی ئاڕەقکردنەوە، دەردانی پاشەڕۆ و میزکردن، زۆرترین پێکهاتەی جەستەی مرۆڤەکان ئاوە.

کاریگەری بەدەست نەهێنانی ئاو؟
ئاو زۆر گرنگترە  لە خۆراک بۆ مانەوە و بەردەوام بوونی ژیان، تۆ ئەتوانیت ئەوپەڕی بۆ ماوەی یەک هەفتە بێ ئاو بژیت، بەڵام ئەتوانیت بۆ ماوەی زیاتر لە یەک مانگ بەبێ خۆراک ژیان بەڕێ بکەیت، کەمبوونی ئاو، یان وشکبوونەوە و لەدەستدانی ئاوێکی زۆر ئەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی خوێن لە جەستەدا، دڵ پەستانێکی  زۆر بەکارئەهێنێت بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین لە خوێنەوە بۆ ماسولکەکان، لە سەرەتای قۆناغی وشکبوونەوە ڕەنگە توشی سەرگێژ خواردن ببیت،  هەروەها توشی هەڵچون ببیت وە هەروەها سەرئێشەش یەکێکە لە ئەگەرە گەورەکان کە تووشی ببیت، دوا بەدوای ئەمانە لە قۆناغێکی تری ئەو پڕۆسەیەی کە پێی ئەوترێت وشکبوونەوە توشی هەندیک  دیاردەی دیکەش ئەبیت وەک، شەکەتی و ماندووی، نەبوونی هیز و توانای پێویست بۆ کردنەوەی چاوەکان و بچوکبونەوەیان . لە کۆتا قۆناغی پرۆسێسی وشکبوونەوەکە، دڵت تێکەڵ دێت پاشان دەست بە ڕشاندنەوە دەکەیت، ئەگەر بێت و هەر نەتوانیت ئاو بەدەست بهێنیت ئەوا توشی لە هۆشخۆچوون دەبیت و دەمریت.

ئەگەر هاتوو ئاوێکی زۆرمان خواردەوە
کاتێکی کە بڕێکی زۆر ئاو ئەخۆیتەوە، تۆ ڕەوشێک دروست دەکەیت کە پێی دەوترێت (هایپۆنەیتریمیا) واتە کەمبوونی ڕێژەی سۆدیۆم لە خوێندا. کە دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی خانەکانی جەستە، هەوەها هەڵئاوسانی خانەکانی میشک کە هۆکارێکە بۆ دەرکەوتنی چەندین نیشانە، لەوانە (سەرئێشەیەکی زۆر، دڵتێکەڵهاتن، کۆڵنج، مێشک شڵەژان، گرژبوونی ماسولکە، ماندوێتی، لەهۆشخۆچوون و مردن).

ڕێژەی پێویستی ئاو
بڵاو بوونەوەی وتارێک لە دەزگایەکی میدیای بەڕێتانی سەرنجی خستە سەر چەند خاڵێک لەوانە:
چا، قاوە، ئاوی میوە دەتواندرێت وەکو سەرچاوەی دەستکەوتنی ئاو سوودیان لێ وەربگیرێت وە هەرواهە ئاماژەی بەوەش داوە کە کەسێکی پێگەیشتوو پێویستە ڕۆژانە لە ٦ پەرداخ بۆ ٨ پەرداخ شلەمەنی بخواتەوە، ئەو کەسانە کە چالاکیان زیاترو جوڵەیان زیاترە پێویستیان بە ڕێژەیەکی زیاتر دەبێت. باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی بزانیت کە ڕێژەی پێویستی ئاوت وەر گرتوە یاخود نا، بریتیە لە سەیرکردنی ڕەنگی میز، ئەگەر هاتوو رەنگی میز زه‌ردێکی کاڵ بوو یاخود رەنگێکی نزیک سپی هەبوو ئەوە تۆ ڕێژەی پێویستی ئاوت وەرگرتوە بەڵام ئەگەر هاتوو ڕەنگەکەی زه‌ردێكی تۆخ بوو ئەوا ڕێژەی ئاو لە لەشتدا زۆر کەمە و پێویستت بە وەرگرتنی بڕێکی زیاتر هەیە.

وەرگێڕان: خاك- لاس لوقمان

سه‌رچاوه‌: www.healthyeating.sfgate.com




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved