26/5/2016 12:41 PM

ئەحمەد موختار بەگ

ناوی ئەحمەدی كوڕی وەسمان پاشای گەورەی جافە. ساڵی 1896 لەهەڵەبجە لەدایك بووە. ئەحمەد موختار بەگ بەحسابی ئەبجەدی ئەكاتە 1316ی كۆچی كە بریتییە لە مێژووی لەدایك بوونی‌و بۆیە بەو ناوەوە ناسراوە. هەرچەندە دەرچووی قوتابخانەو خوێندنگا باڵاكان نەبووە، بەڵام مرۆڤێكی زیرەك‌و ورد بین بووە. بێجگە لەزمانی كوردی، فارسی‌و توركی‌و عەرەبی‌و كەمێكیش ئینگلیزی زانیوە، تەنانەت بەزمانی فارسی چەند هەوڵێكی شیعری هەیە، 

خۆی‌و تایەر بەگی برای بەدوو شاعیری گەورەی كورد ئەژمێردرێن. ئەم شاعیرە بەتوانایە لەهەموو بوارەكاندا شیعری وتووەو هەڵبەستە نیشتمانییەكانی لەریزی پێشەوەی شیعرە نیشتمانییەكانی سەرەتای سەدەی رابردوو دائەنرێن. ئەحمەد موختار بەگ لەبەرئەوەی لەبنەماڵەیەكی دەسەڵاتدار و بەناوبانگی جافە، تێكەڵی سیاسەت‌و كاروباری دەوڵەتیش بووە. ماوەیەك قائیمقامی هەڵەبجە بووەو دواتر لەئەنجومەنی دامەزراندنی عێراق‌و لەئەنجومەنی نوێنەراندا ئەندام بووە. 

ساڵی 1934 لەرووداوێكی دڵتەزێندا تیرۆركراولەگوندی عەبابەیلێی نزیكی هەڵەبجە بەخاك سپێردرا.

دێته‌ گوێم ده‌نگێ به‌ سۆز و شـــیوه‌ن و گریانه‌وه‌ 
ناڵه‌یی دڵمه‌ له‌ حه‌سره‌ت خاكی كوردســـتانه‌وه

لانه‌وازوبێكه‌س و مه‌زڵوومن ئێسته‌ قه‌ومی كورد
گاه‌به‌‌ده‌ستی توركه‌كان و گاهبه‌ده‌ست ئێرانه‌وه

ئیسمی ویجدان و عه‌داله‌ت بێ موسه‌ممایه‌ و درۆ
بۆ سیاسه‌ت ئه‌م قسه‌ كه‌وتۆته‌ ســــــــــه‌ر لێوانه‌وه

ڕاسته‌گه‌ر ئیسمی عه‌داله‌ت بۆچی منداڵانی كورد
وێڵ و سـه‌رگه‌ردان بسووڕێنه‌وه‌ به‌سه‌ر كێوانه‌وه

هێنده‌ حیزه‌ به‌ختی كـــورد بۆ كوشتن و تاڵانییان
تاقمێ هاتوون به‌ ســـــــــواریی حوشتری پێپانه‌وه

حاڵی كوردئێستا له‌به‌ینی تورك وئێران وعه‌ره‌ب
بێچوه‌ ته‌یره‌ كه‌وتووه‌ته‌ داوی مـــــــــــــــــنداڵانه‌وه

ئه‌م قه‌راری عوسبه‌ واخه‌ڵقی ئه‌ڵێن بۆكوردئه‌بێ
هه‌ر قسه‌ی ڕووته‌ وقسه‌ش ناچێته‌ ناو گیرفانه‌وه

ئه‌مڕۆ با وا بێ به‌ڵام رۆژێ ئه‌بێ ئـــه‌ولادی كورد
دێنه‌وه‌ مه‌یدان به‌ عیلم و سینعه‌ت و عیرفانه‌وه

نه‌وجه‌وانانی وه‌ته‌ن ته‌وحیدئه‌كه‌ن ئه‌ممیلله‌ته‌
هه‌ر له‌ كرماشان هه‌تا ورمێ و ســنه‌ و بۆكانه‌وه

ڕێك ئه‌خه‌ن وه‌زعییه‌تی وان وجزیره‌ سه‌ربه‌سه‌ر
ئاكرێ و زاخۆ ده‌به‌ســــــــتن ڕێك به‌قه‌د بۆتانه‌وه

خانه‌قین و مه‌نده‌لی، خاكی لوڕستان یه‌ك به‌ یه‌ك
وه‌ك وه‌ستا ئه‌دوورن به‌ باڵای مه‌نتیقه‌ی بابانه‌وه
‌‌
له‌شكرێكیمونته‌زه‌م بۆسه‌ندنه‌وه‌ی حه‌ق ڕێك‌ئه‌خه‌ن
جوان و رازاوه‌ به‌ تۆپی، پاشـــــــــا كۆره‌ی سۆرانه‌وه

به‌چكه‌ شـــــــــــــــــێرانی عه‌شایه‌ر بۆ قڕانی دوشمنان
هه‌ر وه‌كو ڕۆسته‌م ئه‌كه‌ونه‌ هات و چۆ و جه‌ولانه‌وه

پاش‌قڕانی موده‌عی ده‌ست پێ ئه‌كه‌ن‌ته‌عمیری‌موڵك
ڕێگه‌ی ئاســــــــــنین ئه‌چێته‌ ناو شاخی هه‌ورامانه‌وه‌

كێو و كه‌ژ گشتی ئه‌بێته‌ باغ و قه‌ســـــری گه‌وهه‌رین
بۆ ته‌ماشای ده‌ســــته‌ ده‌سته‌ دێن له‌ ئینگلیستانه‌وه

لاده‌ (ئه‌حمه‌د) تۆ له‌ باسی میلله‌ت و ســــا پێی بڵێ
تاكو ســـــــــــاقی زوو بدا باده‌ به‌ده‌م مه‌ســـــــــتانه‌وه

پێی بڵێ به‌و ساقی یه‌، به‌و حوسن و نازی دولبه‌ری
داغی خۆی ناوه‌ به‌ جه‌رگی یۆســـــــــــفی كه‌نعانه‌وه

بێته‌ جیلــــــــــوه‌ تا به‌ یادی پاشه‌ڕۆژی قه‌ومی كورد
زه‌مزه‌مه‌ و شـــــــــــــادی بخاته‌ مه‌جلیسی ڕه‌ندانه‌وه

ئه‌م دڵه‌ی زامـــــــــــــــارمه‌ تاوێ له‌ غه‌م فاریغ ببێ
بــــــــــسره‌وێ یه‌كده‌م له‌ ناڵه‌ و شین و قوڕپێوانه‌وه

سەرچاوە \تێكستی خاك

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved