11/8/2016 02:01 PM

شێخ مەحموودی حەفید

شێخ مەحموودی حەفید (1881 – 1956)

دامەزرێنەری یەکەمین حکومەتی کوردستان و قارەمانی شەڕی دەربەندی بازیان، شێخ مەحمودی حەفید کوڕی شێخ سەعیدی کوڕی شێخ محەمەدە بچکۆلەی کوڕی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ-ـە
ساڵی ١٨٨١ لە شاری سلێمانی لەو بنەماڵە ئاینیە بەناوبانگە لەدایکبووە، کە دوای ھەرەسھێنانی میرنشینی بابان دەسەڵاتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستانی کەوتە دەست. شێخ مەحمود بەمنداڵی خراوەتە بەر خوێندن و مامۆستایانی وەک (عەبدوڵڵا ئەفەندیو زێوەر) دەرسیان پێوتووە.

ھێشتا منداڵ بووە کە لە خزمەتی باوکی دا سەردانی ئەستەنبوڵی کردووەو لەوێ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم پێشوازی لێکردون.

ساڵی ١٩٠٨ بەپیلانی تاقمی ئیتیحادو تەرەقی لە شاری موسڵ شێخ سەعیدی باوکی و شێخ ئەحمەدی برای شەھیدکران، ئیتر ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری بنەماڵەکە دەکەوێتە ئەستۆی شێخ مەحمود کە لەو کارەساتەدا زۆر بەزەحمەت رزگاری ببوو. شێخ مەحمودی حەفید وەک شەخسیەتێکی موسڵمان، ساڵی ١٩١٥ بەشدارییەکی کاریگەری کرد لە شەڕەکانی دەوڵەتی عوسمانی دا دژ بەئینگلیز لە ناوچەکانی کوت‌و شوعەیبەو بەخۆی‌و چەند سەد سوارێکی کوردەوە بەرگرییەکی قارەمانانەیان نواند.


ساڵی ١٩١٨ کاروباری شاری سلێمانی گرتەدەست و لە مانگی مایسی ساڵی ١٩١٩ دا نەبەردێکی گەورەی لە دەربەندی بازیان دژی ئینگلیز تۆمارکرد، لەو شەڕەدا شێخ مەحمود بەبرینداری کەوتە دەست ئینگلیزو دواتر لە دادگایەکی کارتۆنی دا حوکمی لەسێدارەدانی درا، بەڵام لەژێر گوشاری رای گشتی دا و لەترسی بەرپابوونی شۆڕشێکی  گەورەی کورد، ئەو حوکمە گۆڕا بە (١٠) ساڵ زیندانی و شێخ مەحمودیان دوورخستەوە بۆ ھیندستان.

 ماوەی سێ ساڵی دوورخستنەوەی شێخ مەحمود بارودۆخی کوردستان و ناوچەکەی ئاڵۆزکرد، بۆیە ساڵی ١٩٢٢ رێیپێدرا بگەڕێتەوە کوردستان و ھەر ھەمان ساڵ شێخی نەمر لە سلێمانی حکومەتی کوردستانی دامەزراندو ھەموو تواناکانی خۆی تەرخانکرد بۆ پتەوکردنی ئەو حکومەتە، بەڵام سیاسەتی ئەو سەردەمەی گەورە ھێزەکانی دنیا دژی ئامانجەکانی گەلی کورد بوون و ئینگلیز بەتەواوی پشتگیری لە دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق دەکردو لەشکرکێشییان دەکردە سەر کوردستان.

شێخ مەحمودی حەفید ماوەی چەند ساڵێک شەڕی پارتیزانی درێژە پێداو دواجار لەئاکامی گەلەکۆمەکێی ھێزە ناوچەییەکان و ھێزە گەورەکانی جیھان، شێخ مەحمود ساڵی ١٩٢٦ دەستی لە چالاکی  سیاسی و عەسکەری ھەڵگرت و لەگوندی پیران دانیشت، بەڵام کە راپەڕینەکەی خەڵکی شاری سلێمانی لە رۆژی شەشی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٠ خەڵتانی خوێن کرا، شێخ مەحمود دەستیدایەوە چالاکی دژ بەھێزی ئینگلیزو ھێزی حکومەتی ئەو سەردەمەی عێراق و چەند نەبەردێکی تۆمارکرد، لەوانە شەڕی (ئاوباریک، شەڕی کەناروێ و شەڕی سورداش)، بەڵام پارسەنگی ھێزە عەسکەری و سیاسییەکانی ئەو سەردەمە لە بەرژەوەندی کورددا نەبوون، بۆیە شێخ مەحمود لەساڵی ١٩٣١دا کەوتە دەست دوژمنانی کوردو بەدەستبەسەری لە بەغداو ناوچەکانی تری عێراق دا خرایە ژێر چاودێرییەوە. ساڵی ١٩٤١و لەکاتی ھەراکەی رەشید عالی گەیلانی دا شێخ مەحمود گەڕایەوە کوردستان و لە گوندی داریکەلی نیشتەجێ بوو. دوا كاتی ژیانی لێ‌ بەسەربرد هەتا كۆچی دوایی كرد.

ستیڤن لۆنگریك” لە پەرتووكەكەی "عێراق لە 1900 – 1950″دا لە بارەی فەرمانڕەوایی شێخ مەحموودەوە دەڵێ‌: دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی شێخ مەحموود ناوچەكانی هەڵەبجە و سلێمانی تا دەگاتە ڕەواندزی گرتەوە و ماوەیەكیش كۆیە و ناوچەكەیشی سەر بە میرییەكی شێخ بوون و بە دەیان سەرۆك خێڵی كوردی كەوتنە پاڵی و كوردی بووە زمانی فەرمی میرییەكەی و فەرمانبەری لە كورد بەولاوە كەسی تر نەبوون ، شێخ مەحموود هەستی دەكرد بەریتانیا بە دڵ لەگەڵ كورد نییە و وردە وردە لە پەیمان و بەڵێنەكانی كە بە كوردی دابوون پاشگەز دەبێتەوە ، بۆیە لە ڕۆژی 21ی مایسی 1919دا سەربەخۆیی دەسەڵاتەكەی ڕاگەیاند و ئینگلیزەكانی لە سلێمانی و ناوچەكانی وەدەرنا و هەندێكیشی بەدیل گرتن.

بەڵام زۆری پێنەچوو ئینگلیزەكان هێزێكی چەكداری گەورە و گرانی خۆیان كۆكردەوە و لە قۆڵی كەركووكەوە بەرەو سلێمانی هاتن و لە دەربەندی بازیان بە لەشكری خۆ بەختكاری شێخ مەحموود گەیشتن ، بە چەكی نوێ‌ لە كوردیان داو لە ئەنجامدا شێخی نەمر لە پەنا بەردە قارەمان بە برینداری بەدیل گیراو بردرا بۆ بەغدا و دادگای سەربازی فەرمانی لەسێدارەدانی دا ، بەڵام دوایی بیریان لەوە كردەوە گەر شێخ مەحموود بكوژرێ‌ باری كوردستان پتر ئاڵۆز دەبێ‌ و شێخیش دیلەكانی ئینگلیزی نەكوشتوون و هێرشی نەكردووەتە سەر سوپای بەریتانیا ، بەڵكو لە باری بەرگری لەخۆكردندا بووە ، بۆیە بڕیاریاندا فەرمانی سزاكەی سووك بكرێ‌ و دوور خرێتەوە بۆ هیندستان.

لە پاش دوورخستنەوەی شێخ مەحموود لە سلێمانی باری ئاسایشی كوردستان پتر تێكچوو ، بۆیە بەریتانیا بیری لە هێنانەوەی ئەو پاشایەی كوردستان كردەوە بۆ دامركاندنەوەی ئەو پەشێوییە ، وابوو ئینگلیزەكان لە دوای مانگی ئەیلوولی ساڵی 1922 دا شێخ مەحموودیان هێناوە كوردستان و پێشوازییەكی گەرمی لێكراو ناوی نا پاشای كوردستان و لە مانگی تشرینی دووەمی 1922 دا میرییەكی نوێ‌ ی دامەزراند و میری بەریتانیا و مەلیكی عێراق فەیسەڵی یەكەم دانیان پێدا هێنا.

بەڵام ئەم جارەش بەریتانیا لەگەڵ كورد سەر ڕاست نەبوو ، بە تایبەتی كە پەیمانی سیڤەر پووچەڵكرایەوە و لە شوێنی ئەو پەیمانی لۆزان لە 24/7/1923 دا لەگەڵ توركیای كەمالی مۆركرا ، دووبارە لە میرییەكەی شێخ مەحموود دراوە و ماوەیەك پاشا مەحموود چووە چیای سورداش و دوایی گەڕایەوە سلێمانی ، بەڵام لە ساڵی 1924 دا سوپای عێراق بە پشتگیری تانك و تۆپ و فڕۆكەی بەریتانیا سلێمانی داگیر كرد و ئەندامی بەریتانیا خودموختاریشی بۆ كورد ڕەوا نەبینی تەنیا ئەو مافەی دا بە كورد "كە فەرمانبەرەكانی كوردستان كورد بن یان كوردی زان بن و زمانی كوردی بكرێ‌ بە زمانی فەرمی لە ناوچەكەدا” ئەمەیش بە نامەیەكی فەرمی بۆ شێخ مەحموود نارد و تێیدا نووسی لەوە زیاتر چی دیكەتان پێ‌ نادرێ‌.

دوا راپەڕینی شێخ مەحموود لە دژی میری عێراقی ژێر چاودێری بەریتانیا لە دوای شەڕەكەی بەردەركی سەرای سلێمانی و كوشتنی دەستەیەك لە خۆپیشاندەران بوو ، كە ئەوساكە لە دیوی كوردستانی ئێران لە (پیران) دادەنیشت ، كە هەواڵی ئەو راپەڕینەی میللەتی زانی ، هاتە دیوی پێنجوێن و ئەو ناوچەیەی ئازاد كرد و پیاوماقوڵی ئەو ناوەی كۆكردەوە و بە هەموویان لەسەر ڕاسپاردەی شێخی نەمر یادداشتێكی توندیان بۆ نوێنەری بەریتانیا لە بەغدا نووسی و داخوازییەكانی گەلی كوردیان تێدا نووسی ، كە بریتی بوون لە مانەی خوارەوە:
1.دامەزراندنی وڵاتێكی كوردی لە زاخۆوە تا پشتی خانەقین و هیچ عەرەبێك نە سەرباز نە سیڤیل لەم شوێنەدا نەمێنێ‌.
2.ئەم ناوچەیە واتە "كوردستان” لەژێر چاودێری بەریتانیا دابێ‌ تاكو كۆمەڵی ئەقوام (عصبە اڵامم) بڕیارێكی لەسەر دەدات.
3.بەڕەڵڵاكردنی ئەو كەسانەی بەهۆی (شەڕی بەردەركی سەرا) وە گیراون و دوورخراونەتەوە بگەڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان.
4.هەر ئەفسەر و فەرمانبەرێكی كورد لە وڵاتی عەرەبستاندا هەیە بنێردرێنەوە بۆ كوردستان.
 
لەگەڵ پێشكەش كردنی ئەم یادداشتە ، دەستەیەك لە ئەفسەرانی كورد لە سوپای عێراق هاتنەدەر و چوونە پاڵ بزووتنەوەكەی شێخی نەمر لەوانە: "مەحموود جەودەت ، حەمید جەودەت ، كامیل حەسەن” هەروەها "ماجید مستەفا”ش خۆی ئامادەكرد بۆ گۆڕەپانی جەنگ لە پێناوی سەرخستنی داخوازییەكانی كورد.

ئەم گەورە پیاوەی کورد جگەلەوەی کە جێپەنجەی بەسەر ھەموو رووداوەکانی ئەو سەردەمەی کوردستان و عێراقەوە ھەیە، شەخسیەتێکی کۆمەڵایەتی گەورەش بوو. خوێندەوارێکی بەسەلیقەو شاعیرێکی بەھرەداریش بوو. پێکھاتەو حکومەت و دەزگا ئیدارییەکانی تری شێخ مەحمود نیشانەی ئەوەن کە ئەم پیاوە ھەڵکەوتووە بایەخیداوە بە خەڵکی رۆشنبیرو زۆربەی ھەرە زۆری ئەفسەرو شاعیرو رۆشنبیرانی کورد پەیوەندییان بەشۆڕش و حکومەتەکەیەوە کردووە. لەخەباتی پارتیزانیش دا رۆڵی خوێندەوارو رۆشنبیری بەرز نرخاندووە، بۆیە چاپخانەکەی رۆژنامەی (بانگی کوردستان)ی لە ئەشکەوتی جاسەنە دا جێگیرکرد. بەھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەو سەردەمەی کوردستان و ناوچەکە ئەو راستییە ئاشکرا دەبێت کە لەرووی ئیداری و عەسکەری و دیپلۆماسییەوە شێخ مەحمودی نەمر ھیچی کەمتر نەبووە لەو پاشاو ئەمیرانەی کە لە دەورو پشتی کوردستان دا پشتگیرییان لێکراوە. ئەم شەخسیەتە ناودارەی کورد رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٦ لە بەغدا کۆچیدوایی کرد. رێورەسمی پێشوازیکردن لە تەرمەکەی و بەخاکسپاردنی ئەو تەرمە پیرۆزە بوونە پریشکی ھەڵگیرسانەوەی راپەرین و خۆپیشاندان لە کوردستان دا. کۆچیدوایی شێخ مەحمودی حەفید زیانێکی گەورەی بەبزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی خەڵکی کوردستان گەیاند، بۆیە زۆربەی شاعیران و نووسەرانی کورد شیعرو بەرھەمییان بۆ نووسیوە.

خاك



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved