7/11/2016 01:27 PM

دڵدار

یوونس ڕەئووف (١٩١٨- ١٩٤٨) ناسراو بە دڵدار، شاعیر و پارێزەر و چالاکی سیاسیی کورد بوو.[١] بەناوبانگترین شیعری دڵدار، ئەی ڕەقیبە کە لە تەمەنی ٢٨ ساڵییدا و ٢ ساڵ پێش مردنی، کرا بە سروودی نیشتمانیی کۆماری مەھاباد و تا ئێستاش ھەر لە لایەن زۆربەی کوردەکانەوە وەک سروودی نیشتمانی دەناسرێتەوە.

دڵدار، کوڕی مەلا ڕەئوف کوڕی مەحموود کوڕی مەلا سەعدی خادم ئەلسجادەیە و لە ڕۆژی ٢٠ی شوباتی ١٩١٨ لە شاری کۆیە لە دایک بووە.[٢]. پاش ماوەیەک باوکی دەکرێت بە فەرمانبەری سەرژمێریی ڕانیە و بە بنەماڵەوە دەچن بۆ ئەوێ. دڵدار لە بارەی ژیانی ڕانیەوە دەڵێت: «ھەرچەند ڕۆژێکی چاک و چوار ڕۆژانیش نەخۆش بووم، سەرەڕای ئەوەش ڕانیەم ھەر لەلا خۆش بوو، بە تایبەتی سەوداسەری قوللە بووم. ھەر کاتێ چاک بووبامایەوە، مەلەم لە ڕووبارەکە و لە بن دار بییەکان ڕاوەچۆلەکەم دەکرد.» لە تەمەنی دە ساڵیدا دڵدار دەخرێتە قوتابخانەوە و پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لە ڕانیە تەواوکردوە. دوای ماوەیەک باوکی لەسەر فەرمانەکەی لادەبەن و ناچار بە ماڵەوە دەگەڕێنەوە بۆ کۆیە و خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە تەواو دەکات. لە ساڵی ١٩٤٠دا لە شاری کەرکووک قۆناغی دواناوەندی تەواو دەکات و ئینجا ڕوو دەکات بەغدا و چووەتە زانکۆی یاسا و ساڵی ١٩٤٥ بڕوانامەی زانکۆی یاسایی وەردەگرێت و دەبێتە پارێزەر[٢]. لە بەغدا دەبێت بە ئەندامی حیزبی ھیوا. دوای ماوەیەک بە ھۆی کارە سیاسییەکانییەوە دەخرێتە زیندان. لە کۆتاییدا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨ و لە تەمەنی سی ساڵیدا لە شاری ھەولێر دەمرێت.
بەرھەمەکانی دڵدار

دڵدار، یەکەمین ھۆنراوەی لە ساڵی ١٩٣٥دا داناوە و لە ژمارەی ٢ی ساڵی ١٩٣٥ی گۆڤاری ڕووناکیدا بڵاوی کردووتەوە. لە بارەی سەرەتای خۆ تاقی کردنەوە بە شیعر دەڵێت: «لە ١٩٣٥دا لە پۆلی یەکی ناوە‌ندیدا بووم، کە دیوانی نالیم زۆر بە وردی خوێندەوە، ھەڵبەستە جوانەکانی نالی لەگەڵ ھەڵبەستە ئاگرینەکانی حاجی قادری لەسەر پێشەوایەتی وێژەی لە مێشکمدا شەڕیان بوو. ئەو کێشەکێشە دەرگای ھونەری شاعیری لێکردمەوە، زۆر کەڵکەڵەی وام لە کەلەدا بوو حەزم دەکرد لە بۆتەی ھەڵبەستەدا دایڕیژم. ئەوجا بەناو خەڵکیاندا بڵاو بکەمەوە و ئیتر ھەر خۆم تاقیکردەوە.»

شیعرەکانی نالی، لە گۆڕەپانی دڵداریدا و حاجی قادری کۆیی، لە نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتیدا کارگەرییان لەسەری بووە. لە بارەی خولیای ھۆنراوەی و چێژ لێ‌ وەرگرتنی خۆیەوە دەڵێت: «ھێشتا لە قوتابخانەی سەرەتاییدا بووم، کە دیوانی حاجی قادری کۆییم زۆرتری لەبەر کردبوو، ھەمیشە بە وردی سەرنجم لە ھەڵبەستەکانی عەونی و راجی و عاسی و حسێنی و ھیرانی دەدا و لەبەریشم دەکردن، بەوانەش ‌دابین نەبووم ھەڵبەستی ھەرکەسێکم دەستبکەوتایە دەمنووسیەوە و لەبەریشم دەکردن. بەتایبەتی ھەڵبەستی وەفایی، کوردی، فایەق بێکەس، پیرەمێردم زۆر لەبەرکردن و ھەر لەو ساڵەدا ھەستم بەوە دەکرد، کە چێژ لە ھەڵەبەست وەرگرم و زۆر گیرۆدەی بووم.»
بەرھەمە چاپکراوەکانی

فی گریقی الی معرفە الحقائق ـ انتقادات الی قلب البھائیین
    وتارێک دەربارەی عومەری خەییام
    زمانی کوردی و ئەدەبیات
    نارکۆزی کۆمەڵایەتیمان
اقتصادنا الوگنی
    بیرەوەریەکانی یونس ڕەئوف دڵدار

ئەی ڕەقیب

بەناوبانگترین شیعری دڵدار سروودی نیشتیمانی کوردستانە:
ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زوبان         نای ڕمێنێ دانەیی تۆپی زەمان
ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین         سەیری کە خوێناویە ڕابووردومان
ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەی خوسرەوین         دینمان ئاینمانە هەر نیشتمان
کەس نەڵێ کورد مردوە کورد زیندووە         زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان
چەند ھەزار لاوانی کوردی نەڕڕەشێر         بوون بە قوربانی و ھەموویان نێژران
لاوی ئێستاش حازر و ئامادەیە         جانفیدانە جانفیدانە جانفیدان
لاوی کورد ھەڵسانە سەرپێ وەک دلێر         سا بە خوێن نەقشی ئەکەن تاجی ژیان
کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە         زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان
ویکیپیدیاوە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved